پژاک: لە وەڵامی شەهیدبوونی هەڤاڵانمان خەونەکانیان بەدیدێنین

پژاک شەهیدانی هێرشەکەی گوندی سەفرەی بە ڕێزەوە بەبیرهێناوەیەوە و ڕایگەیاند، لە وەڵامی شەهیدبوونی هەڤالانمان خەونەکانیان بەدیدێنین، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە بە پێشخستنی یەکێتی نەتەوەیی و هەڵویستێکی هاوبەش، پێش لەو هێرشانە دەگیرێت.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، لەسەر هێرشەکەی شەوی ٢٦ی ئەم مانگە لە گوندی سەفرەی سەربە ماوەت لە پارێزگای سلێمانی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و سەرەڕای شەرمەزارکردنی ئەو هێرشە چەپەڵە، داوای لە هەموو هێز و لایەنەکانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە کە لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا خاوەن هەڵویست بن و بێدەنگ نەبن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ڕۆژی ٢٦ی ئەم مانگە لە هێرشی فڕۆکەکانی دەوڵەتی داگیرکەر و فاشیستی تورک، بۆسەر گوندی سەفرە لە داوێنی چیای ئاسۆس سەربە شارباژێڕ، دوو هەڤاڵمان و سێ وڵاتپارێز شەهیدبوون، سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئەو شەهیدانە و گەلی وڵاتپارێزمان دەکەین، لە کەسایەتی ئەو شەهیدانەدا هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی بە ڕێز و قەرزداریی گەورە بەبیردێنیینەوە، هەروەها کردەوەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و دوژمنانی گەلی کورد شەرمەزار و نەفرەت لێدەکەین.

لە بەردەوامیشدا هاتووە: دەوڵەتی تورک خاوەن مێژوویەکی پڕاوپڕ لە کۆمەڵکوژیی گەلان، داگیرکاریی و فاشیزم و دژبەری ئازادیی و دیموکراسییە، بە تایبەتی لە کەسایەتی گەلەکەمان لە باکوری کوردستان، بەوشێوەیە هێرش دەکاتە سەر هەر چوارپارچەی کوردستان، لە ساڵانی ڕابردووش هێرشە دڕندانەکانی بۆسەر هێزەکانمان پێکهێناوە، لە ساڵی ٢٠١٦ـدا لە ئەنجامی هێرشێکی دەوڵەتی تورکدا، بێریڤان هێژا ئەندامی مەجلیسی پژاک لەگەڵ دوو هەڤاڵی دیکەمان و لە ئەنجامی هێرشێکی دیکەشدا لە ساڵی ٢٠١٧، هەڤاڵمان ژیروان مەهاباد و دوو هەڤاڵی دیکە شەهید بوون، ئامانجی ئەو هێرشانە لەناوبردن و قڕکردنی بزوتنەوە ئاپۆییەکانە لە چوارپارچەی کوردستان، دەوڵەتی تورک کە لەم چەند ساڵەدا بە فەرمانی تاکلایەنەی ئەردۆغان و هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپە بەڕێوەدەچێت و بە هاوکاریی هێز و کەسانی نۆکەری ئەم دوژمنە خوێنخوارەی کورد، هێرشەکانی ئەنجامدەدات، ئەگەر هاوکاریی دوژمنی گەلی کورد نەکرێت، ناتوانێت بەم شێوازە هێرش بکات.

هەروەها هاتووە: بۆیە پێویستە گەلە وڵاتپارێزەکەمان ئەم ڕاستییە ببینن و لە بەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکاندا لەسەر گەلەکەمان کە هەر ڕۆژ لە ئەنجامیاندا شەهید دەدەین، خاوەن هەڵویست بن، دەیان کەسی وڵاتپارێزمان لە باشوری کوردستان لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا شەهید دەبن و زیانی ماددییان بەردەکەوێت، هەر ڕۆژ خاکی باشور بۆردوومان دەکرێت، لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان داگیرکاری بەڕێوەدەبات، وەک هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا باجمان داوە، ئەمە واتای ئەوەیە کە لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا لە بەرامبەر داگیرکاریی و سیاسەتی قڕکردنی دەوڵەتەکان، گەلەکەمان لەناو شەڕ، تێکۆشان و بەرخۆدانێکی بێوێنەدایە، هاوکات دوژمنێکی هاوبەشمان وەک دەوڵەتی تورک هەیە، بۆیەش پێویستە لە هەموو کاتێک زیاتر، لەمکاتەدا تێکۆشانی خۆمان وەک گەلی کورد و لایەنە سیاسییەکان و هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا، بەرفراوان، بەهێز و هاوبەش بکەین، پێشگرتن لەمەش بە پێشخستنی یەکێتی نەتەوەیی و هەڵویستێکی هاوبەش لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا بەستراوەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی مەجلیسی پژاک هەروەها هاتووە: جارێکی دیکە لە کەسایەتی هەڤاڵانی گەنجمان، شەهید ڕێباز سنە و شەهید زنار ماکۆ، هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی، یەکێتی و دیموکراسی بە ڕێزداریی بەبیردێنینەوە، سەرەخۆشی لە خانەوادەی هەڤاڵانمان و ئەو وڵاتپارێزانە دەکەین کە لەگەڵ هەڤاڵانمان شەهیدبوون، هەروەها داوامان لە هەموو هێز و لایەنەکانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەیە کە لە بەرامەبەر ئەم هێرشانەدا خاوەن هەڵویست بن و بێدەنگ نەبن.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، هاتووە: هاوڕێیانی هەڤاڵ ڕێباز و زنارەکان و گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێویستە هێڵی تێکۆشانی ئەوان بەردەوامی پێبدەن و چەکەکانیان هەڵگرن، ئێمە خەونەکانیان بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ و ئازاد بە سەرکەوتن و ئازادی دەڕازێنینەوە، ئەمەش دەبێتە وەڵامی هەرە گەورە بۆ دوژمنانی کورد و ئەوانەی نۆکەرایەتی دوژمنی کورد دەکەن.

ز.ش