بۆ پشتیوانی كردن له له‌یلا گیوڤه‌ن هاوسه‌رۆكی كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی (كه‌جه‌ده) و په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په كه دژی گۆشه‌گیریی سه‌ر ئۆجالان له زیندان مانی له خواردن گرتووه، ماوه‌ی ٣ ڕۆژ بوو مانگرتن له خواردن له بینای هه‌ده‌په‌ی شاری ڕوحا به‌ڕێوده‌چوو، ئه‌مڕۆ دوای كۆتایی هاتنی مانگرتنه‌كه پۆلیسی توركیا هه‌ڵیكوتایه سه‌ر بیناكه و ٤٠ كه‌سی ده‌ستگیر كرد.
پۆلیس هه‌وڵی زۆری دا و تووندوتیژی به‌كارهێنا بۆ ئه‌وه‌ی ئایشه سوروجو په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په له بیناكه بباته ده‌ره‌وه، به‌ڵام ناوبراو ئاماده نه‌بوو له بیناكه بچێته ده‌ره‌وه. دواتر هێزه‌كانی پۆلیس بیناكه‌یان پشكنی و ئه‌و كه‌سانه‌یان ده‌ستگیر كرد كه له بیناكه ده‌هاتنه ده‌ره‌وه. له‌نێو ده‌ستگیركراواندا چه‌ند كه‌سێك به ناوه‌كانی سه‌رڤه‌ت كلچ، ڕۆژدا بینیجی، فاروق بادیلی ڕاوێژكاری په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په ئایشه سوروجو هه‌ن.
سوروجو له بینای پارتییه‌كه‌ی له ڕوحا ڕایگه‌یاند، پۆلیس بۆ ئه‌وه‌ی له بیناكه بیانباته ده‌ره‌وه به‌رپرسانی هه‌ده‌په و كه‌سانی نێو بیناكه‌یان له دوای خۆیان ڕاكێشاوه. گوتیشی، ئێستا پۆلیس بیناكه ده‌پشكنێت. هاوكات په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په عومه‌ر ئۆجالان بۆ پشتیوانی له هه‌ڤاڵه‌كانی چووه نێو بینای هه‌ده‌په له شاره‌كه.
s.m