پیلانگێڕی نێودەوڵەتی بە کوشتنی پاڵمە دەستپێکرد

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە: ناحەقیەکی گەورەیان لە پەکەکە کرد. پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ٢٢ ساڵەیان بە کوشتنی پاڵمە دەستپێکرد.

داواکاری گشتی سوید مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند، Stîg Engstrom بکوژی ئۆڵف پاڵمە سەرۆکوەزیری پێشوویە کە ٣٤ ساڵ لەمەوبەر لە ستۆکهۆڵم کوژرا و وتی، لەبەرئەوەی Stîg Engstrom لە ساڵی ٢٠٠٠دا خۆی کوشتووە دۆسیەکەش کۆتایی هاتوو.

کوشتنی پاڵمە بۆ تاوانبارکردنی تەڤگەری ئازادی دیموکراتیکی کورد لە سوید هەنگاوی سەرەتایی بوو. لێپرسینەوە لە سەدان کورد کرا و دەستگیرکران و دواتر پەکەکە وەک ڕێکخستنێکی تیرۆریستی لەقەڵەمدرا.

ڕاگەیەنرا ئەو کوردانەی کە کەوتوونەتە بەر لێشاوی گرتن و ئازاردان کە بوونەتە قوربانی لە سوید و دادگای نێونەتەوەیی سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەن. دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە ئاماژەی بەوەشدا کە پیلانگێڕی نێونەتەوەیی لەدژی تەڤگەری ئازادی کورد لەسەر کاریگەری کوشتنی پاڵمە دەستپێکرا وتی،"دۆخەکە بە لێبۆردنێک کۆتایی نایەت. پێویستە پەکەکە و کوردستانیان قەڕەبوو بکرێنەوە."

کاڵکان بۆ ڕۆژنامەی یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا قسەی کرد و تیشکی خستە سەر کوشتنی ئۆڵف پاڵمە.

کاڵکان لەبارەی داخستنی دۆسیەی کوشتنی پاڵمە دوای ٣٤ ساڵ وتی،"داواکاری گشتی سوید بڕیاریدا دۆسیەی کوشتنی پاڵمە دابخات، ئەوەش بۆ سوید دۆخێکی ناچارەسەریە. دەڵێن بکوژی پاڵمە خۆی کوشتووە، ئەوەش بێچارەسەری بەهێز دەکات. چۆن دەبێت ٣٤ ساڵ بەسەر تاوانێک تێپەڕببێت، دەوڵەتانی جیهان و ناوەندەکانی هەوڵگری نەتوانن تاوانەکە ئاشکرا بکەن؟

داواکاری گشتی سوید، چۆن بڕیاریدا کەسێک کە چەند ساڵ لەمەوبەر خۆی کوشتووە، بکوژەکەیە؟ لە کام بەڵگەدا باسی ئەوە دەکرێت کە ئەو کەسە بکوژەکەی پاڵمەیە؟ ئەگەر ئەوە بکوژ بێت، بۆچی پێشتر ئاشکرا نەکرا کە تاوانەکەی جێبەجێ کردووە؟ بۆچی لەدوای ٣٤ ساڵ ئەنجامێکی بەم شێوەیە دەرکەوت؟ ئەم جۆرە پرسانە دەتوانرێت وڵامبدرێنەوە. بەتەنها قسەیەک کە ئەو کەسە بکوژە و بکوژەکە چەند ساڵ لەمەوبەر خۆی کوشتووە. تاوانەکەی پاڵمە ئاشکرا نابێت. نابێت دۆسیەکە بەم شێوەیە دابخرێت.

هانس هۆلمەر داواکاری گشتی سوید بە پێچەوانەوە کاری کرد. پشتی بە بەڵگە سەرەکیەکان نەبەست بۆ ئەوەی بخاتە ئەستووی پەکەکە و کوردان هەوڵێکی زۆریدا. بەڵام پێویستە بزانرێت کە داواکاری گشتی هەموو کاتێک بە پێچەوانەوە جووڵاوەتەوە. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، لەجیاتی ئەوەی هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی بەڵگە بدات، ویستی سەری دۆسیەکە بگرێت و دایبخات. نە تەنها تاوانەکە لە ئەنجامی پلانسازیەکی جددی و شاراوە ئەنجامدراوە، بەڵکو لە هەمانکاتدا داخستنی دۆسیەکە لەدوای تاوانەکە بەردەوامی پلانسازیەکەیە.

نە دەوڵەتی سوید، نە ئەوروپا و نە جیهان بە هەلوێستی'دۆسیەی پاڵمە داخراوە' ناتوانن لە کاریگەری تاوانەکە هەڵبێن. هەموو کاتێک هەندێک کەس دەردەکەون و لێپرسینەوە لە تاوانەکە دەکەن.

کاڵکان ئاماژەی بە کەمپینی سوید لەدژی کورد و پەکەکە کرد و وتی،"دوای کوشتنی پاڵمە نە تەنها لە سوید لە هەموو وڵاتانی ئەوروپا و لە هەموو جیهان لەدژی پەکەکە و کورد ناحەقیەکی دڕندانە ئەنجامدرا. بە ئەندازەی سوید، ئەڵمانیاش کوشتنی پاڵمەی کردە بیانۆ و لەدژی پەکەکە و کوردان هێرشیان کرد و وڵاتانی تری ئەوروپاش هەمان هێرشیان ئەنجامدا.

قسەکانیان کە ڕایانگەیاند'وتەی ٢٠ کوردمان وەرگرت و کارەکەمان تەواو بوو' هەڵوێستێکی ناجددیە. ئایا ئەو ٢٠ کەسە چۆن دەستگیرکران و چۆن وتەیان لێوەرگیرا؟ لە نیوە شەو و سەرلەبەیانیدا چۆن هەڵیانکوتایە سەر ماڵان و منداڵانیان ترساند؟ لە چ بارودۆخێکدا لێپرسینەوەیان لە کوردەکان کرد؟ فشاری چۆن کراوە؟ کوردەکان چۆن وەک مرۆڤی دڕندە و بکوژ و هێرشکار پیشاندران؟

کاتێک بەم شێوەیە سەیری بکەین، دەبینین کە پلان بۆ کوشتنی پاڵمە داڕێژراوە. لەم تاوانەدا کە بە پرۆفیشناڵی ئەنجامدراوە، بکوژەکە نەدۆزرایەوە و پەکەکە و کورد تاوانبارکران و پلانەکە بەم شێوەیەیە. بەم شێوەیە لەدژی پەکەکە و کوردان لە سوید و هەموو ئەوروپا هێرشێکی پرۆفیشناڵ، بە پلان و ڕێکخستنی دەستپێکرا. لەلای کۆمەڵگاکانی ئەوروپا وا پیشانیاندا کە پێویستە کوردەکان ئازاد نەبن، بە پێچەوانەوە پێویستە لەناوببرێن. بەم شێوەیە لەدژی کورد دوژمنایەتیان دروست کرد و هەوڵیاندا کۆمەڵکوژی دژی کورد ڕەوا ببینرێت.

پێویستە ڕاست ببینرێت کە ئەمە هێرشێکی فاشیست و داگیرکەریە. لەناو هەموو کۆمەڵگاکانی ئەوروپا لەدژی کورد و تێکۆشانی ئازادی کورد، بۆچوونێکی نەرێنی دروست کرا. لەسەر ئەمەش دۆزی دۆسەڵدۆڵف ئامادە کرا و بناغەی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی داڕێژرا. هەموویان پشت بە تاوانی کوشتنی پاڵمە دەبەستن. دوای تاوانی کوشتنی پاڵمە لەدژی کورد هێرشی یاسایی، سیاسی و سەربازی دەستپێکران.

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە ڕاشیگەیاند کە تاوانی کوشتنی پاڵمە تاوانێکی سیاسیە و وتی،"تاوانێکی سیاسیە بە ئەندازەی بکوژەکان هەندێک کەس هەن کە تاوانەکە ئامادە دەکەن. پێویستە لێکۆلینەوە لەو کەسانەش بکرێت کە پلانەکیان ئامادە کردووە. پاڵمە لەناو بزوتنەوەی سۆسیاڵ دیموکراتدا بۆخۆی خاوەن هێڵێکی ئایدۆلۆژی و سیاسی بوو. لەناو بزوتنەوەی سۆسیاڵ دیموکراتدا کەسایەتیەکی جیاواز بوو. زۆر کەس بەهۆی بەرژەوەندی ئابوری و سیاسیەوە ناکۆکیان لەگەڵ پاڵمە هەبوو. ئەوانە ناکۆکی شەخسی نەبوون. تاوانەکە نەک لەبەر ناکۆکی شەخسی ئەنجامدرا. بەڵکۆ بەهۆی ناکۆکی ئابوری، سیاسی و ئایدۆلۆژیەوە تاوانەکە ئەنجامدرا. دەتوانین بپرسین ئایا ڕۆڵی سۆڤیەت لەم تاوانەدا هەیە یان نە؟ ئاشکرایە کە شتێکی بەو شێوەیە نییە. بە تەنها ناکۆکی ناو ناتۆ دەمێنێتەوە. ناکۆکی ناو سیستمی کاپیتالیست دەمێنێتەوە. ناکۆکی بەهۆی بەرژەوەندی ئابوری هەیە. هەروەها ناکۆکی ئایدۆلۆژی و سیاسی ناو سیستمی مۆدێرنیتەی کاپیتالیست دەبینرێن. لەبەرئەوەش مرۆڤ دەتوانێت بڵێت هەندێک بەشی گڵادیۆی ناتۆ لە پشت ئەم تاوانەوەن. پاڵمە لەدژی هێزی کودەتاچی، فاشیست، تالانکەر و داگیرکەر بوو. پشتگیری لە تێکۆشانی ڕزگاری نەتەوەیی دەکرد. پشتگیری لە تێکۆشانی مافی ژێردەستەکان دەکرد. لەدژی داگیرکەری و دیکتاتۆری فاشیست بوو.

ئەو کاتە ناتۆ لە هەموو شوێنێک کودەتای سەربازی و فاشیستی ئەنجامدەدا. کودەتاچیەکانیان دەکردە دەسەڵاتدار. پاڵمە لەدژی ئەو شتە و لەدژی هێزی فاشیست، داگیرکەری و دیکتاتۆر دەوەستایەوە. زۆر ڕوون و ئاشکرا بوو کە لایەنە داگیرکەر، تاڵانکەر و فاشیتەکان پاڵمەیان کردە ئامانج. ئەوە بە ڕێکخستنێکی چۆن ئەنجامدرا، پەیوەندیەکانی بە چیەوە هەیە؟ گرنگ ئەوەیە ئەم پرسیارانە وڵامبدرێنەوە. کێ بڕیاری ئەو تاوانەیدا. کێ پلانی داڕشت. ئەگەر لێپرسینەوە لەسەر ئەو شتانە بکرایە، بکوژەکە زوو ئاشکرا دەبوو.

پایەی بەهێزی گڵادیۆ، گڵادیۆی تورکیایە. ئەمە بانگەشەی ئێمە نییە، هەندێک ئامار ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە. تاوانی کوشتنی پاڵمە لە ٢٨ی شوباتی ساڵی ١٩٨٦ ئەنجامدرا بەڵام بەرلەوەش کۆنتراکانی تورکیا لە ئەوروپا هەوڵیاندا تاوان ئەنجام بدەن. لە ساڵی ١٩٨١ دا محەمەد عەلی ئاغجا ویستی پاپا بکوژێت. لە ئیتاڵیا دەستگیرکرا و دادگاییکرا، چەندین ساڵ لە زینداندا مایەوە. وڵامی ئەو پرسیارانەی کە محەمەد عەلی ئاغجا بۆچی ویستی پاپا بکوژێت، کێ بڕیاری دا، کێ پلانەکەی رێکخست، هیچ کاتێک نەدرایەوە.

میتی تورک و کۆنترگەریلای تورک بە بێ گڵادیۆ و سی ئای ئێی ناتوانن تاوانێکی بەم شێوەیە ئەنجام بدەن. ئەگەر لەناو هەواڵگری سویددا ڕێکخستنیان نەبوایە، نەیاندەتوانی ئەو کارە بکەن. ئەگەر مرۆڤ سەرنج بداتە سەر هەوڵی کوشتنی پاپا و رووداوەکەی ئاغجا، هەڵە نابێت کە بگوترێت لە پشت تاوانی کوشتنی پاڵمە کۆنترگەریلای تورک هەیە.

دۆخی ساڵی ١٩٨٦ چۆن بوو؟ پەکەکە لە ١٥ی تەباغی ١٩٩٤ دەستی بە شەڕی گەریلا کرد، بەڕێوەبەرایەتی فاشیست و سەربازی ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ لە بەرانبەر بەرخۆدانی گەریلا تەنگاو ببوو. بۆیە پێویستی بە هێرشێک هەبوو. ئەوەش تاوانی کوشتنی پاڵمە بوو. بە تاوانی کوشتنی پاڵمە ویستیان وا پیشانی بدەن کە تەڤگەری ئازادی کورد و گەریلاکانی پەکەکە چەند مەترسیدار و هێرشکارن. لە تاوانی کوشتنی پاڵمەدا زیاتر دوژمنانی کورد، دەوڵەتی تورکی فاشیست و بەڕێوەبەرایەتی کەنان ئەڤرەن سوودیان وەرگرت. بەهۆی تاوانەکەش پەکەکە و گەلی کوردیش زۆترین زیانیان بەرکەوت. تێکۆشانی ئازادی کورد و گەریلا کوردەکان بەم تاوانە، گۆڕەپانێکی گەورەی پشتگیریان لەدەستدا. بەمەش ویستیان دەرگاکانی ئەوروپا بە ڕووی گەلی کورد، تێکۆشانی ئازادی کوردستان و گەریلاکانی کوردستان بگرن.

داواکاری گشتی سوید هانس هۆلمەر کە لێپرسینەوەی لەسەر تاوانی کوشتنی پاڵمە دەکرد، تیئوری 'شوێن پەنجەی کورد'-ی خوڵقاند، ئەگەری هەیە خۆشی لەناو تاوانەکەدا بێت. هەوڵیدا لەناو ئەو کەسانەی کە بەهۆی تاوانەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، بەدوای تاوانباراندا بگەڕێت. ڕووداوەکەی پێچەوانە کردەوە. هەموو بەڵگە، زانیاریەکانی لەناوبرد. دادگا و هەواڵگری سوید ئەو کارەیان کرد. پێویستە لەناو هەوڵگری سویددا بەدوای تاوانباراندا بگەڕن. ئەو کاتە تاوانباران دەدۆزرێنەوە. ئەگەر ئەو کارە بکرێت، دەردەکەوێت کە کۆنترگەریلاکانی تورکیش دەستیان لە تاوانەکەدا هەیە. لە جێگەی ئەوەی لەناو گەلی کورد و پەکەکەدا بەدوای بکوژەکان بگەڕێن، ئەگەر لەناو کۆنترگەریلاکانی تورک و میتدا لێپرسینەوە ئەنجامبدرایە، ڕووداوەکە بە ئاسانی ئاشکرا دەبوو.

یەکێک لە زەقترین بەڵگەکان، کە لەناو ڕاگەیاندنی تورکدا دەرکەوت کە ئێمە پێی دەڵێین ڕاگەیاندنی شەڕی تایبەت: بە ئەندازەی بیرم دێت، تاوانەکە کاتژمێر ١٠ -١١ ئەنجامدرا. بەلام بۆ سەرلەبەیانی هەموو ڕۆژنامەکانی تورکیا هەواڵەکەیان کردبووە مانشێت. دەیانگوت 'ئایا بکوژەکە ئاپۆیە'. ئێمە دەزانین لە تورکیا ڕۆژنامەکان ئێوارە لەکاتژمێر ٥-٦ چاپدەکران. ئایا ڕۆژنامەکان بەرلە تاوانەکە چاپکران، چۆن تاوانەکەیان کردە مانشێت.؟ پێویستە لێپرسینەوە بکرێت. ئایا هەندێک کەس فەرمانیان پێکردن کە جارێ چاپی نەکەن، ئەگەری ئەوە هەیە هەندێک ڕووداو ڕووبدەن؟ پێویستە ئەمانە ئاشکرا بکرێن.

بە گشتی ئەم دۆخە بۆ دەوڵەت و هەواڵگری سوید شەرمە. پێویستە کۆمەڵگای سوید ئەم شتە قبوڵ نەکات. پێویستە بلێن'ئێمە دەمانەوێت تاوانەکە ئاشکرا بکرێت ' ئەگەر پێداگری بکەن، ئەگەری زۆرە لێپرسینەوەیەکی ڕاست و دروست و باشتر بکرێت."

ف.ق