"پێویستە حیزبەکانی باشوور نەکەونە داوی تورکیاوە"

زیاد جەیلان هاوسەرۆکی هەدەپەی ئامەد رایگەیاند، کۆنترۆڵکردنی میساقی میللی هەموو کاتێک خەونی نەتەوەپەرستەکان بووە و پارتەکانی باشووری ئاگادار کردەوە، کە نەکەونە داوی دەوڵەتی تورکیا.

زیاد جەیلان هاوسەرۆکی هەدەپەی ئامەد هێرشی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک لە دژی باشووری کوردستان و هاوکاریی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە گەڵ تورکیا نرخاند.

'هێرشەکان لە دژی دەسکەوتەکانی کوردە'

جەیلان رایگەیاند، خەون نەتەوەپەرستەکانی دەوڵەتی تورک ئەوەیە هەرێمەکانی هێڵی سنوور، کە خۆیان بە میساقی میللی ناوزەدی دەکەن کۆنترۆڵ بکەن و هێڵی موسڵ، کەرکوک و حەڵەب هەموو کاتێک خەونی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایە و راشیگەیاند، "دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی کورد بە مافەکانی خۆی نەگات لە هەموو لایەکەوە هێرش دەکات. خاکی پیرۆزی کوردستان وەکوو خاکی خۆی دەبینێت و لە چوارچێوەی داگیرکەری هێرش دەکاتە سەر دەستکەوتەکانی کورد. تورکیا دەیەوێت لە رێگای چەتەکانی سوپای ئازادی سوریا ئیدلب و حەڵەب و بەڕێوەبەرییە هەرێمیەکان بخاتە ژێر کونترۆڵی خۆی. پلانسازیی تورکیا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی خواکورک زۆر بەرفراونە. تورکیا لەو ئۆپەراسیۆنەدا دەیەوێت ئێران و عێراق لە گەڵ خۆی یەک بخات و پێکەوە هێرش بکەنە سەر کورد."

'ئامانجی تورکیا چوارپارچەی کوردستانە'

جەیلان ئەوەشی راگەیاند، چونکە لە بەرنامەى کاری حکومەتى ئاکەپەدا چارەسەری بوونی نییە ئەو پرۆسەیەش، کە لەلایەن ئۆجالانەوە دەستیپێکرابوو تێکی دا و وتی، "لە ساڵەکانی ٢٠١٤-٢٠١٥ پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد لەلایەن رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە دەستیپێکرا، بەڵام لە بەر ئەوەی هیچ کاتێک لە بەرنامەى کاری ئاکەپەدا چارەسەری بوونی نەبووە پرۆسەکەى تێکدا و کۆتایى بە دۆخی ئارامیی تورکیا هێنا. تورکیا بە گرتنەبەری رێ و رێبازی بچووک ویستی کوردەکان بخەڵەتێنێ و لەو یارییەدا سەرنەکەوت و بە توندی هێرشی کردە سەر گۆڕەپان و جومگەکانى ژیانی کوردان. ئەوە چوار ساڵە، کە بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە لە هێرشەکانی بەردەوامە. بە هیچ شێوازێک لە باکوور ئەم هێرشانە رانەوەستاون. دوای بینینی پێشکەوتنی رۆژئاوا رووی لەوێ کرد و هێرشی کردە سەر دەسکەوتەکانی ئەوێ. چونکە کێشەکان لە باکوور چارەسەر نەکران لە کام یەک لە پارچەکانی کوردستان دەستکەوتێک هەبێت هێرشی دەکردە سەری. ئەمڕۆ هێرش لەسەر خاکی باشووری کوردستان یەکێکە لەو هێرشانە. بە هیچ شێوازێک لە رۆژئاوا بەرامبەر بە تورکیا فیشەکێک نەتەقێنراوە، بەڵام ئاکەپە بە دوای تاشینى بیانووە بۆ ئەوەى هێرش بکاتە سەر کورد. "

'پێویستە پارتەکانی باشوور نەکەونە داوی تورکیا'

جەیلان باسی ئەوەشیکرد، ئۆپەراسیۆنی خاکوورک ئۆپەراسیۆنێکی ئاسایى نییە و وتی، "ئامانجی ئەم ئۆپەراسیۆنە نەک تەنها گرتنی تەپۆڵکەیەک، بەڵکو ئیدارەدان و بەڕێوەبردنى شەڕ و بڵاوەپێکردنی شەڕە. تورکیا دەیەوێت دەستێوەردانی یەکێتیی کورد بکات. دەیەوێت لە شەڕی نێوان کورد و شەڕی براکوژی دا رۆڵی خۆی بگێڕێت و پێشەنگایەتیی ئەوەش دەکات. دوای عەفرین و کەرکوک ئێستا دەیەوێت لە باشووری کوردستان ئۆپەراسیۆنی پەنجە ئەنجام بدات. تورکیا دەیەوێت کورد لە چوارپارچەی کوردستان هێرش بکەنە سەر یەکتر. لەم بوارەدا ئەرکێکی قورس دەکەوێتە سەر شانی پەدەکە، یەنەکە، بزووتنەوەی گۆران و کۆمەڵی ئیسلامی. پێویستە نەکەونە ئەو داوەوە. لە ٤ ساڵ دا دەوڵەت پرۆسەى شەڕی گوڕ کردووە و ئێستاش دەیەوێت بە هێزی هەرێمی رێ بۆ قۆناغێکی نوێ بکاتەوە. ئامانجی سەرەکیی ئەوەیە، کە برینی کوردەکان قووڵتر بکات و یەکێتیی نێوانیان لە ناو ببات. "

'تەنها بە پەیامێکی ئۆجالان وڵات ئارام دەبێتەوە'

جەیلان ئاماژەى بەوەکرج، تەنها بە پەیامێکی ئۆجالان وڵات ئارام دەبێتەوە و وتیشی، "کوردستانییەکان شتێکی جیاوازیان لە حکومەت داوا نەکردووە. تەنها شتێک کە داوا دەکرا ئەوە بوو کە دەوڵەت بە پێی حقوق و یاسای خۆی هەڵسوکەوت بکات. بە تێکۆشان لەم بوارەدا، بە بەرخۆدانی زیندانیانی ئازادی و دایکانی لەچک سپی، لە گەڵ بەرێز ئۆجالان چاوپێکەوتن ئەنجامدرا. بەرێز ئۆجالان کەسێکی ئاسایی نییە، پێویستە دەوڵەتی تورک باش بزانێت. سەبارەت بە گەلی کورد پۆزسیۆن و پێگەیەکى واتاداری هەیە. دەوڵەتی تورک ئەمەشی بە کرداری خۆی سەلماندووە. بۆ خۆی کاریگەریی ئۆجالان لەسەر گەلی کورد قبوڵ کردووە. هەرکات پەیوەندی لە گەڵ ئۆجالان پچڕاوە ئاڵۆزی روویداوە، بەڵام تەنها پەیامێکی بەڕێز ئۆجالان وڵات ئارام دەکاتەوە. گەلی کوردستان بە هیوای گوتن و وشەیەکی بەڕێز ئۆجالانن. ٤٠ ساڵە ئۆجالان بۆ ئاشتی و ئارامیی ئەم وڵاتە تێدەکۆشێت. چەندین ساڵە بانگەواز دەکات و دەڵێت، بۆ چارەسەری ئامادەم و دەتوانم دۆخی شەڕ لابەرم. پێویستە دەوڵەت گوێ لە بانگەوازەکەی ئۆجالان بگرێت و بۆ چارەسەری کار بکات".

'هەر رووداوێک روو بدات نەتەوە یەکگرتووەکان و عێراق لێ بەرپرسن'

جەیلان سەبارەت بە گەمارۆدانی کەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی (مەخمور) هەڵوێستی نیشان دا و وەها دوایی بە قسەکانی  هێنا، "گەلەکەمان لە مەخمور ساڵی ١٩٩٤ لە باکوور کۆچیان بۆ باشووری کوردستان کرد. دوای گواستنەوەی ٨ کامپ لە ساڵی ١٩٩٨ لە مەخمور جێگیر بوون. ئەوە ٢٠ ساڵە لە مەخمور درێژە ژیانی خۆیان دەدەن. ئەوەی لە کوردستان رووبەرووی زۆرترین کێشە و دژواری و ناڕەحەتى بوونەتەوە گەلی مەخمورن. لە ئامەدەوە سڵاو و رێزی خۆم بۆ رەنج و بەرخۆدانیان دەنێرم. زیاتر لە ٢٠ رۆژە ئەم کامپە گەمارۆی خراوەتە سەر. بەرپرسیاری یەکەمی ئەو دۆخە نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی عێراقن. تورکیا چەندینجار ئەو کامپەی بۆردومان کردووە و تا ئێستاش چەندین هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە. ئێمە بانگ لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین، کە خاوەنداری لە ئەرکی خۆی بکات. ئەگەر یەنەکە و پەدەکە دەڵێن، ئێمە براین با خاوەنداری لە براکانیان بکەن، نەک ئەوەی  گەمارۆیان بخەنە سەر و رێگای هات و چوو ببڕن. تاوەکو دێت پێویستییەکانی ژیانیان کەمتر دەبێتەوە و دۆخی تەندروستیی گەل خراپتر دەبێت. دوو دایکی دووگیان منداڵەکانیان لەدەستداوە. پێویستە زوو کۆتایى بە گەمارۆکان بهێنرێت و نەتەوە یەکگرتووەکان و عێراق خاوەنداری لێ هاووڵاتییانى ئەو کامپە بکەن".

ژ.ت