پەژاک و کۆدار: هەڵمەتی “بەڵێ بۆ دیمۆکراسی، نا بۆ سێدارە” هەڵمەتی سەرجەم گەلانە

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان‌ (پەژاک) و کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) لەبارەی هەڵمەتی "بەڵی بۆ دیموکراسی و نا بۆ سێدارە" راگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوە هاوبەشەکەى پەژاک و کۆداردا هاتووە "ئێمە وەک ” پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)” و “کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)” لە رێی ئەو لێدوانە هاوبەشەوە هەڵمەتێکی بەرفراوان لە ئاستی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە دروشمی “بەڵێ بۆ دیمۆکراسی، نا بۆ ئیعدام” دەست‌پێدەکەین و پەیوەست دەبین بە خەباتی گشتی هەرچوارپارچەی کوردستان و ئەورووپا. ئەم هەڵمەتە، هەڵمەتێکە بۆ بەدەست‌هێنانی ئازادی گەلانی چەوساوە بە تایبەت گەلانی کوردستان و ئێران، لەبەر ئەوەش تەنیا لە چوارچێوەی هەرێمەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا نییە و هەموو بەرینایی ئێران لەخۆ دەگرێ".

ئاماژەیان بەوەشکردووە، "کاتی ئازادی ” گەلانی چەوساوە و بن‌دەست و رێبەر ئاپۆ” هاتووە، چونکە ئازادی هەردووکیان پەیوەستە بە یەکەوە و دوژمنان بە باشی لەو مژارە ئاگادارن. فەلسەفەی بەرخۆدانی گەلان پێمان دەڵێ کە گەلانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ وەدیهێنانی دیمۆکراسی، راوەستاندنی ئیعدام، مسۆگەرکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەبێ لەو هەڵمەتەدا بەشداری چالاکانە و بەهێزیان هەبێ و هەموو ماڵ و شەقام و شوێنێک بکەن بە مەکۆی تێکۆشان و خەبات".

لە راگەیاندراوە هاوبەشەکەى پەژاک و کۆداردا ئەوەش هاتووە، "بۆ کۆتایی هێنان بە سیاسەتی دڕندانەی لەسێدارەدان کە یەکێک لەبنەما سەرەکیەکانی رژێمی داگیرکەری ئێران پێکدێنێت، هاوجۆشی و یەکگرتنی بەرفراوان نێوان سەرجەم هێزە ئازادیخواز و پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بە پێویست دەبینین. لەم سۆنگەیەوە ئەم هەڵمەتە بە هەنگاوێکی گرنگ لەپێناو یەکێتی و یەکگرتوویی سەرجەم گەلانی چەوساوە و مافخواز لەئێران و کوردستان دەزانین و بەم رێگەشەوە مسۆگەر دەتوانین نەیارانی گەل ناچار بە پاشەکشێ لەسیاسەتی سەرکوت و داگیرکاری لەسەر خۆ بهێنین".

دەقی راگەیاندراوە هاوبەشەکەى پەژاک و کۆدار

هەڵمەتی “بەڵێ بۆ دیمۆکراسی، نا بۆ سێدارە” هەڵمەتی سەرجەم گەلانە

ئازادی گەلی کورد و گەلانی ستم‌لێکراوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەستە بە تێکۆشانێکی رادیکاڵی گەلانەوە. هیچ تێکۆشانێکیش بە بێ ژێرخانی فکری و ئەندێشەیی لە هیچ کۆمەڵگایەکدا ناتوانێ بەرهەڵستکارییەکی رادیکاڵی لە بەرامبەری فاشیسم هەبێ. لەبەر ئەوە پێویستە کە رێکخستنی گەل لە رەوتی تۆکمەكردنی ژێرخانی ئەندێشەییدا هەنگاو هەڵگرێ، تاکوو گەلان بتوانن میکانیزمی بە ئیرادەبوون بۆ هاتنە ناو گۆڕەپانی خەبات و مەیدانداری وەدەست‌بخەن. بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان و ناوخۆی ئەو وڵاتانە، قۆناغێکی لە تێکۆشانی ئازادیخوازانە لە چوارچێوەی هەڵمەت‌گەلێک دەست‌پێکردووە و بۆ هەر بەشێکی کوردستان دروشمێکی دیاری کردووە.

ئێمە وەک ” پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)” و “کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)” لە رێی ئەو لێدوانە هاوبەشەوە هەڵمەتێکی بەرفراوان لە ئاستی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە دروشمی “بەڵێ بۆ دیمۆکراسی، نا بۆ ئیعدام” دەست‌پێدەکەین و پەیوەست دەبین بە خەباتی گشتی هەرچوارپارچەی کوردستان و ئەورووپا. بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد بە پێشەنگایەتی بزووتنەوەی ئاپۆیی خاوەن رێبازی تۆکمەی” تێكۆشان، ئەندێشە و هزری تێکۆشان، کرداری رادیکاڵ” لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە جەنگی جیهانی سێیەم هاوتەریب لەتەک داگیرکاری دەوڵەتانی ستاتۆپارێز و فاشیست تێیدا بەڕێوەدەچێ. ئەم هەڵمەتە، هەڵمەتێکە بۆ بەدەست‌هێنانی ئازادی گەلانی چەوساوە بە تایبەت گەلانی کوردستان و ئێران، لەبەر ئەوەش تەنیا لە چوارچێوەی هەرێمەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا نییە و هەموو بەرینایی ئێران لەخۆ دەگرێ.

کۆمەڵانی خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەن دەوڵەتانی هەڕێمی و هێزە هەژمۆنەکانی جیهانییەوە کۆیلە‌کراون، رووبەڕووی شەڕ، بێکاری، برسێتی و داڕمانی کۆمەڵایەتی کراونەتەوە. لە ماوەی سی ساڵی رابردوودا، شەڕی جیهانی سێیەم بووەتە هۆی کاول‌بوونی رۆژهەڵاتی‌ناوەڕاست، بەڵام تێکۆشانی دیمۆکراتیک و ئازادیخوازانەی رادیکاڵی گەلان لە دژی داگیرکەران و چەوسێنەران بۆ ساتێکیش ڕانەوەستاوە. خەبات و تێکۆشانی چەند ساڵی رابردوو کە لە چواربەشی کوردستان بەڕێوەچووە، لە سایەی تێكۆشانی رادیکاڵی ئاپۆیی، کە بە هیچ شێوازی لە هەمبەری داگیرکەران نەرمی نانوێنی و باجیان پێ‌نادا، ئاستێکی جیهانی پەیدا کردووە. لە ساڵی داهاتوودا بزووتنەوەی ئاپۆیی تێدەکۆشێ، گەلانی چەوساوە بانگهێشتی مەیدانەکانی تێکۆشان بکا تا ئامادەبوونیان لە گۆڕەپان و مەیدانەکانی خەباتدا ببێتە هۆی وەدەست‌هێنانەوەی مافە زەوتکراوەکانیان. لەم میانەیەدا، پێشەنگی گەلانی ستەم‌لێکراوی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست واتە رێبەر ئاپۆ، لە لایەن داگیرکەران و دەسەڵاتدارانی هەرێمی و جیهانیەوە لە زیندانی ئیمڕاڵی‌دا ئەسیر و گۆشەگیرکراوە، تاکوو بەو‌شێوەیە بتوانن ئەنجامە تاڵ و نەگریسەکانی شەڕی ئەم سی ساڵەی دوایی بەسەر گەڵان و نەتەوەکانی هەرێمەکە بسەپێنن، بەڵام بزووتنەوەی ئاپۆیی هەرگیز ئیزنی وەها کارەساتێک نادا. لە ئەنجامی خەبات و تێکۆشان و ئامادەیی گەلان و کۆمەڵانی خەڵک لە مەیدانەکان، دوژمنان نەیانتوانیوە هەتا ئێستا بە ئامانجە دڵخوازەکانیان بگەن. شکستی سەرمایەداری داگیرکار لە داهاتوودا بە ئاستی تێکۆشانی گەلان و مەیدانداریان لە گۆڕەپانەکانی جیاوازی خەباتەوە بەستراوەتەوە. بۆیەش کاتی ئازادی ” گەلانی چەوساوە و بن‌دەست و رێبەر ئاپۆ” هاتووە، چونکە ئازادی هەردووکیان پەیوەستە بە یەکەوە و دوژمنان بە باشی لەو مژارە ئاگادارن. فەلسەفەی بەرخۆدانی گەلان پێمان دەڵێ کە گەلانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ وەدیهێنانی دیمۆکراسی، راوەستاندنی ئیعدام، مسۆگەرکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەبێ لەو هەڵمەتەدا بەشداری چالاکانە و بەهێزیان هەبێ و هەموو ماڵ و شەقام و شوێنێک بکەن بە مەکۆی تێکۆشان و خەبات.

وەک پژاک و کۆدار بە دەنگێکی زوڵاڵ رایدەگەیەنین کە کات کاتی دیمۆکراسی و ئازادییە و گەلانی ئێران زۆر زیاتر لە گەلانی دیکە پێویستی و نیازیان بە ئازادییە. لە مێژوودا ئێران، وڵاتی سەرهەڵدان و شۆڕشە، لەبەر ئەوەش ئامادەیی و دەورگێڕان و خاوەن رۆڵبوونی ئەو گەلانە لە پێناو ئازادی هەم بۆ ئێران و هەم بە مەبەستی ئاشتەوایی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یەکجار دیارکەرە و وەک ئاشکرایە هەتاوی ئازادی لە رۆژهەڵاتەوە هەڵدێت. وێڕای شەمەزارکردن و مەحکوومکردنی داگیرکاری، ستم‌ و بیدادی، بەتایبەت ئاستەنگی و کۆسپ بۆ دیمۆکراسی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و بەردەوامی ئیعدامەکان، بە ڕێزەوە، هەموو گەلان بە مەبەستی ئامادەبوون و بەشداریکردن لە گۆڕەپانەکانی تێکۆشانی هەڵمەتی “بەڵێ بۆ دیمۆکراسی، نا بۆ سێدارە” بانگهێشت دەکەین. بۆ کۆتایی هێنان بە سیاسەتی دڕندانەی لەسێدارەدان کە یەکێک لەبنەما سەرەکیەکانی رژێمی داگیرکەری ئێران پێکدێنێت، هاوجۆشی و یەکگرتنی بەرفراوان نێوان سەرجەم هێزە ئازادیخواز و پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بە پێویست دەبینین. لەم سۆنگەیەوە ئەم هەڵمەتە بە هەنگاوێکی گرنگ لەپێناو یەکێتی و یەکگرتوویی سەرجەم گەلانی چەوساوە و مافخواز لەئێران و کوردستان دەزانین و بەم رێگەشەوە مسۆگەر دەتوانین نەیارانی گەل ناچار بە پاشەکشێ لەسیاسەتی سەرکوت و داگیرکاری لەسەر خۆ بهێنین. بێگومان بۆ تێپەڕ بوون لەدیکتاتۆریەت و داگیرکەریەکانی ئەمڕۆکە و بونیادنانی ئێران و کوردستانێکی ئازاد و دیمۆکراتیک، کۆتایی هێنان بە سیاسەتی دڕندانە و دژە مرۆیی لەسێدارەدان بە کارێکی هەنووکەیی و ژیانی لەقەڵەم دەدەین. لەم روانگەوە سەرجەم کۆمەڵگای ئێران و گەلەکەمان لەرۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت ژنان و گەنجان بۆ بەشداری و پشتگیری کارا لەم هەڵمەتەدا بانگهێشت دەکەین. بێ‌گومان، ئامادەبوونی کوردان و ئێرانیانی نیشتەجێی ئەورووپا رۆڵی گرینگی دەبێ لە سەرکەوتنی ئەو هەڵمەتەدا و بزوێنەر و بەرەوپێشبەری تەڤگەرەکانی ناو ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانە. لەبەر ئەوەش بڕوامەندین کە گەلەکەمان ماندوونەناسانە لە ئەورووپا وەک هەمیشە رۆڵی خۆی دەگێڕێ. رێبەرئاپۆ پێشەنگ و رێبەری “ئازادی و دیمۆکراسی”یە و تا ئەو کاتەی ئازاد نەبێت، گەلانیش ئازاد نابن. بە هیوای ئەو رۆژەی خۆری ئازادی و دیمۆکراسی لە هەموو شوێنێکی ئێران و کوردستان بدرەوشێتەوە.

ژ.ت