ڕۆڵی ناتۆ لە دژایەتیکردنی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد دا – بەشی یەک -

لە ساڵەکانی نێوان ١٩٨٠ -١٩٩٠ ڕێکخستنی گلادیۆی تورکیا بە ناوی ئەرگەنەکۆن دەستی بە دوژمنایەتی بزوتنەوەی ئازادیخوازی کورد لە باکووری کوردستان کرد. ئامانجی سەرەکی کوشتنی سەرمایەدارانی کورد، موخاتەبەکانی پرسی کورد، ڕوشنبیر و کەسایەتیە کوردەکان بوو

هاوپەیمانی ئەتلەنتیکی باکوور "ناتۆ" یەکێک لە گرنگترین ڕێکخستنەکانی پاشماوەی شەڕی ساردە کە بەرامبەر قەیرانی یونان لە ساڵی ١٩٤٦، قەیرانی تورکیا لە ساڵی ١٩٤٦، قەیرانی چیکوسلواکی لە ساڵی ١٩٤٨ و پڕۆژەی ماڕشاڵ لە ساڵی ١٩٤٧ ، لە ٤ی نیسانی ١٩٤٩ لەنێوان ١٠ وڵاتی ئەوروپا و کەنەدا و ئەمریکا لە واشنتون دامەزرا. ئامانجی سەرەکی هاوپەیمانیەکە دژایەتیکردنی کومونیزم و ڕێگرتن لە پێشکەوتنەکانی یەکێتی سۆڤیەت لە ڕۆژئاوای ئەوروپا بوو. لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت و فراوانبوونی هەژموونی ناتۆ لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاش چوونە ناو هاوپەیمانیەکە و سەرەنجام ٧ وڵاتی بەڵکان و ئەوروپای ڕۆژهەڵات وەک ئیستونیا، لیتوانیا، بوڵغاریا، ڕۆمانیا و سلوواکیاش بوون بە بەشێک لە هاوپەیمانی ناتۆ.
خاڵی سەرەکی هاوپەیمانی ناتۆ مادەی پێنجە کە هەموو وڵاتان پێویستە ئیمزای بکەن و ئەویش باس لەوەدەکات، ئەگەر هەر هێرشێک لە دژی وڵاتێکی ئەندام لە ناتۆ و ئەمریکای باکوور و کەنەدا ئەنجامبدرێت، بەیەکەوە بەرگری دەکەن. لە سەردەمی جەنگی ساردا تورکیاش کە دراوسێی یەکێتی سۆڤیەت بوو و بزوتنەوە چەپەکان تێیایدا بەهێز دەبوون، سەرنجی ئەمریکا و ناتۆی ڕاكێشا و لە ١٨ی شوباتی ساڵی ١٩٥٢ وەک ئەندامی ناتۆ قبوڵکرا.
بە هۆی دابەشکردنی کوردستان لەنێوان چوار وڵات و پەرت و بڵاوی گەلی کورد ، کوردستان لە کۆنەوە بووەتە جێگەی یاری وڵاتە زلهێزەکان و وڵاتانی ناوچەکە. یاری و پلانەکان تا کۆتایی سەدەی ڕابردوو بووە هۆی ئەوەی ڕۆڵی گەلی کورد لە ناوچەکە فەراموش بکرێت. بەڵام لەگەڵ دەرکەوتن و بەهێزبوونی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد بە سەرۆکایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان و کەوتنی سەدام حسێن و دروستبوونی پێگەیەکی سیاسی بۆ کورد لە باشووری کوردستان، پەکەکە توانی بە هێز و ڕێکخستنی خۆی لە چوار پارچەی کوردستان، ئەوروپا، وڵاتانی ناوچەکە و بەڵکان وەک ئەکتەرێکی نافەرمی و بەهێز لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی ڕۆڵ بگێرێت و بە سەرنجراکێشان بۆ کێشەکانی کوردستان و ڕؤژهەڵاتی ناوەڕاست وەک لایەنەکێکی زۆر بەهێز بەڵام نافەرمی سوود لە دەرفەتەکان وەبگرێت و ڕۆڵێکی گەورەی سیاسی لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگێڕێت.
بەڵام تایبەتمەندیەکانی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد لە سەرەتای دەرکەوتنی و تا ئێستا بووە هۆی ئەوەی ڕووبەڕووی دژایەتیکردنی هاوپەیمانی ناتۆ ببێتەوە. لەم ڕاپۆرتە شیکاریەدا هەوڵ دەدەن بە دوو بەش باس لە ڕۆڵی ناتۆ لە دژایەتیکردنی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد بکەین .
ڕێبەر ئاپۆ لە کتێبی مانیفیستوی شارستانی دیموکراتیک ئاماژە بەوەدەکات، بێ تێگەیشتن لە هێڵی ناتۆ – گلادیۆی پشت پەردە لە کاتی ئەندامێتی تورکیا لە هاوپەیمانی ناتۆدا تا ساڵی ١٩٩٠، ناتوانرێت بە شێوەیەکی ڕاست، شیکاری بۆ ڕووداو، شەڕەکان، تیرۆرەکان بکرێت و لێیان تێبگەین. ئەم تێگەیشتنە ڕاستی مێژووی نێوان کۆمەڵگا و سیاسەت لە تورکیا. شەستەکانی سەدەی ڕابردوو گرنگترین قۆناغی مێژووی تورکیایە کە ڕۆڵی ناتۆ و ئەمریکا لە دروستکردنی سیاسەتی تورکیا بەرامبەر گەلی کورد و بزوتنەوە چەپەکانی ئەو وڵاتە دیاری دەکات. کودەتای ساڵی ١٩٦٠ لەدژی هەژموونی چەپ و ئیسلامیەکان لە تورکیا ئەنجامدرا. گراهام فولر براین دەڵێت، بزوتنەوەیەکی بەهێزی چەپ لە تورکیا هەبوو، تورکەکان لە ئیسلام زیاتر چەپەکانیان وەک هەڕەشەیەکی گەورە دەبینی. ئەمریکاش ناچار بوو، سیاسەتێکی نیوەچڵ لە تورکیا بەڕێوەببات. لە لایەک ئەمریکا ناچار بوو لەبارەی پرسی دیموکراسی کار بکات و لە لایەکەوە ناچار بوو ئاگاداری پرسی چەپ بێت. لەو قۆناغەوە و تا ئێستا ئیسلام لە لایەن ئەمریکا و ناتۆ وەک ئامێرێکی سەرکوتکردن و لەناوبردنی هەرجورە بزوتنەوەیەکی گەلانی تورکیا بەکاردەهێنرێت.
لەو سەردەمەوە ناسیۆنالیزمی تورک لە ڕێگەی سوود وەرگرتن لە سیاسەتەکانی ئەمریکا و ناتۆ سیاسەتێکی تایبەت بەڕێوەدەبات کە بێگۆمان لە لایەن ناتۆوە پەسەند دەکرێت. تورکە ناسیۆنالیستەکان لەو سەردەمەوە بە هاوکاری ناتۆ، ئیسلامی سونی لە گەڵ ناسیۆنالیزمی تورک ئاوێتە دەکەن و لەدژی چەپڕەوی بەکاریدەهێنن. لەم نێوەندەدا ناسیۆنالیزم تورک بە پشتگیری ناتۆ و ئەمریکا ، حزبی ئیسلامی وەک ڕەفا و پارتی داد و گەشەپێدان و ڕێکخراوی وەک ئەرگەنەکۆنیان دامەزراند.

 

ڕێبەر ئاپۆ تەئکید لە سەر ئەم سیاسەتەی ئەمریکا دەکاتەوە دەڵێت، "سەنتەزی تورک – ئیسلام کە بە کودەتای سەربازی ١٢ی ئەیلول هاتە کایەوە وەک ئایدۆلۆژیایەکی فەرمی لە کۆماری تورکیا پەسەند کرا. لە پشت ئەو پلانەدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا هەبوون. لەو سەردەمەدا شۆرشی ئێران و داگیرکردنی ئەفغانستان لە لایەن یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٧٩ – ١٩٨٠، ئەمریکا و بەریتانیای ناچار کرد لە ڕێگەی تورکیاوە ڕێوشوێن بگرنە بەر. لە ئەنجامدا ڕژێمی تورکیا شۆڕشی تورکیای بە شێوەیەکی بێبەزەییانە سەرکوت کرد و دەستی بە پاکتاوی نەژادی لە کوردستان کرد و تورکیا بوو بە جەندرمەیەکی باوەڕپێکراوی ئەمریکا و ناتۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە گەڵ ئەوەی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بۆ بە ئیلهامێک بۆ ئیسلامیەکانی تورکیا بەڵام سوپا، چەپەکانی وەک هەڕەشەیەکی گەورەتر دەبینی. بە هاوکاری ئەمریکا و ناتۆ لە ساڵەکانی هەشتادا وردە وردە ئیسلامیەکان بۆ گۆڕەپانی سیاسی پەلکێشکران و کودەتای ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ بە ئاشکرا هەڵوێستی ناتۆ لەبارەی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد و بزوتنەوە چەپەکان نیشان دەدات. گراهام فولر بەرپرسی پلە باڵای "سی ئای ئێی" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر ئەم پرسە دەڵێت، 'لەو قۆناغەدا پڕۆژەی کەمەری سەوز "ئاماژەیەک بۆ ئیسلامیەکان" لە لایەن ئەمریکا و ناتۆ لەدژی فراوانبوونی چەپەکان بەڕێوەبرا. فولر ئاماژە بەوەدەکات، ئەو کاتە تێگەیشتن، بەکارهێنانی ئیسلام لەدژی کۆمۆنیزم دەتوانێت ڕۆڵیکی باش بگێڕێت. تورکیاش بەو هۆیەوە پڕۆژەکەی قبوڵکرد کە چەپەکان لەو وڵاتە بەهێز ببوون. فاشیست و ناسیۆنالیستەکانی تورکیش لەو پڕۆژەیەدا بەشداریان کرد. بە هۆی ئەوەی ئەوانیش لەگەڵ دەوڵەتی تورک لەدژی کورد و چەپەکان شەڕیان کردبوو. بەم رێگەیەوە دەتوانین لە ڕیشە و بناغەی دەوڵەتی قووڵی تورک و دوژمنایەتی بەرامبەر گەلی کورد  تێبگەین. دەوڵەتی قووڵ سیاسەتی ڕاستەقینەی دەوڵەتی تورکە و ئەو سیاسەتە بەرامبەر گەلی کورد بەڕێوەدەبات و بەشێک لە گلادیۆ و بەشێک لە ناتۆ بەڕێوەی دەبەن.

گلادیۆ و دەوڵەتی قووڵی تورکیا و ڕۆڵیان لە سەرکوتکردنی گەلی کورد

لەگەڵ دەستپێکردنی تێکۆشانی گەلی کورد لە باکووری کوردستان، ناتۆ لە ڕێگەی رێکخستنی گلادیۆ و ئەرگەنەکۆنی تورکیا کە وابەستەی گلادیۆیە، کردەوەی زۆر دڕندانەی لەدژی شۆڕشی ئازادیخوازی کورد ئەنجامدا. ڕێبەر ئاپۆ لە کتێبی مانیفێستۆی شارستانی دیموکراتیکدا باس لە پەیوەندی نێوان ناتۆ، گلادیۆ و دەوڵەتی قووڵی تورکیا دەکات و شیکاری بۆ ڕۆڵی ناتۆ لە شەڕی دژی بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردستاندا دەکات. ڕێبەر ئاپۆ لەوبروایەدایە، ڕژێمی تورکیا لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا (ئەم قۆناغەش) لە ڕێگەی گلادیۆی ناتۆ پلان و بەرنامەی پاکتاوکردن و لەناوبردنی گەلی کوردی داڕشتووە و سەرمایەیەکی زۆر گەورەیان بۆ پڕۆژەکەیان تەرخانکردووە. لە تورکیا و کوردستانیش ڕۆڵێکی گرنگیان پێدراوە.

هاوکات لەگەڵ بەشداریکردنی تورکیا لە پەیمانی ناتۆ لە ساڵی ١٩٥٢ ڕێکخراوێک بە ناوی کۆمسیۆنی سەفەربەری گشتی لە تورکیا دامەزرا کە لقی گلادیۆ لە تورکیا بوو. ڕێبەر ئاپۆ لەوبڕوایەدایە، گڵادیۆی تورک هێزێک بوو کە هەموو هێزەکانی تر و هێزە سیاسیەکانی کۆنتڕۆڵ دەکرد. لە کتێبی مانیفێستۆی شارستانی دیموکراتیکدا دەنووسێت، یەکەمین چالاکی ئەو ڕێکخراوە لە ساڵێ ١٩٥٢ شەڕی دژی کۆمۆنیستەکان بوو. هەرچەندە ڕۆڵی گڵادیۆی تورک دوای کودەتای سەربازی ١٩٨٠  دەردەکەوێت بەڵام ڕێبەر ئاپۆ ئاماژە بەوەدەدات ٩ ساڵ بەر لە کودەتای ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ ڕۆڵی سەرەکی لە کودەتای ١٢ی ئازاری ١٩٧١ بینیوە و توانیویەتی دەست بەسەر دەسەڵات بگرێت و هەموو ئەو ڕووداوەکانی تیرورکردنی شۆڕشگێر و ڕۆشنبیر و هاوڵاتیان بە تایبەتی کۆمەڵکوژیەکانی گۆڕەپانی تەقسیم و شاری مەڕەش و هەوڵی تیرورکردنی بولەند ئەجەڤیت لە لایەن سوپای گڵادیۆی ناتۆیەوە ئەنجامدراون. بەڵام بە بۆچوونی ڕێبەری گەلی کورد کودەتای ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ گرنگترین ئۆپەراسیۆن و کاری گڵادیۆی ناتۆیە. لەبەرئەوەی گڵادیۆی ناتۆ و گڵادیۆی تورک بە شێوەیەکی جیاواز و سەربەخۆ و دوور لە هێزە ئەمنیەکانی دیکەی تورکیا کاریان دەکرد و لە سەر ئاستێکی بەرز و شاراوە ڕۆڵیان دەگێڕا. بەو هۆیەوەیە کە لقی ناتۆ لە تورکیا هەموو هەڵێک بۆ لەناوبردنی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد دەدات.

دەوڵەتی قووڵی تورکیا وەک شەبەکەیەکی ئاڵۆز لەناو سوپا، سەرمایەدار، دادوەرەکان و ناسیۆنالیستەکان و گروپە مافیەکان جێگیر بووە کە سیاسەتەکانی حکومەتی تورکیا لە ڕووی پرسە ئەمنی و سیاسی و ناوخۆییەکان دیاریدەکات. ئەم گروپە سەر بە گڵادیۆی ناتۆیە کە ناتۆ لە هەندێک وڵاتدا بەو ڕێگەیە هەوڵی ڕێگریکردن لە هەژموونی سۆڤیەت و فراوانبوونی کۆمونیزمی دەدا. کەم کەس ئاگاداری ئەم پرسەبوون. سوپای گڵادیۆی شاراوە زیاتر لە ئیتاڵیا، یونان، تورکیا و ئەڵمانیا لەدژی شۆڕشگێران دەستیان بە شەڕ کرد. باڵێکی ئەم رێکخراوە لە تورکیاش لەدژی هێزەکانی گەریلا دەستی بە شەڕی تایبەت کرد. ڕێبەر ئاپۆ لەو باوەڕەدایە، لە ساڵی ١٩٨٥ گڵادیۆی ناتۆ حکومەتی ئەڵمانیای پەلکێشی شەڕ لەدژی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد کرد. نابێت فەراموش بکرێت، ئەڵمانیا کە ناوەندی سوپای گلادیۆ بوو، یەکەمین دەوڵەت بۆ کە لە ساڵی ١٩٨٥ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وەک ڕێکخراوێکی "تیرۆریستی" لەقەڵەمدا.

هاوکات لەگەڵ پاشەکشێی ڕووسیای سۆڤیەت لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ و بچووکبوونی هەژموونی، گڵادیۆی ناتۆ جگە لە تورکیا گرنگی خۆی لە زۆربەی وڵاتان لەدەستدا. لە ساڵی ١٩٨٠ بۆ ١٩٩٠ گلادیۆی ناتۆ بە ناوی ئەرگەنەکۆن ڕووی کردە باکووری کوردستان و هەموو سەرنج و هێزێکی خستە سەر بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد. ئامانجی سەرەکی ئەرگەنەکۆن کوشتنی سەرمایەدارانی کورد، موخاتەبەکانی پرسی کورد، ڕوشنبیر و کەسایەتیە دیارەکانی کورد بوو.

ف.ق