ڕاگه‌یاندنی په‌ده‌كه‌ پشتگیری توركیا ده‌كات دژبه‌ گه‌لی كورد

پارتی دیموكراتیی کوردستان (په‌ده‌كه‌) ته‌نها به‌ چاوساغیكردن بۆ ھێزە داگیرکەره‌كانی تورکیا ناوه‌ستێت، بەڵکوو لە ڕێی ڕاگه‌یاندنه‌كانییه‌وه‌ پشتگیری له‌ تاوانه‌كانی ڕژێمی توركیا ده‌كات و ده‌ستی به‌ ھەڵمەتی چه‌واشه‌كاری و درۆ كردووه‌.

بەپێی ئەو بەڵگانه‌ی لە ماوەی ڕابردوو ده‌رباره‌ی په‌ده‌كه‌ بڵاوکراونه‌ته‌وه‌، ئەو حیزبە به‌ئاشكرا چاوساغی بۆ ھێزەکانی دەوڵەتی تورک دەکات بۆ داگیرکرنی خاکی باشووری کوردستان. ھاوکات دەزگه‌ی پاراستن كه‌ ناوه‌ندێكی سیخووڕیی سه‌ربه‌ پەدەکەیه‌ لەگەڵ دەزگه‌ی هه‌واڵگریی تورك (میت) ژووری ھاوبەشیان دروست کردووه‌ له‌ دژی ئەو ھێز و لایه‌نانه‌ی به‌ره‌نگاری داگیرکاریی تورکیا دەبنەوە. بەتایبەتیش پارتیی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە). 

ده‌زگه‌ی لێکۆڵین بۆ بنکۆڵكردنی ھەواڵ بڵاوی كرده‌وه‌، په‌ده‌كه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئەو ژوورە ھاوبەشه‌ی ده‌زگه‌ی پاراستن و میت دەستی هه‌بووه‌ لە تیرۆکردنی شەھیدی سەرکردە دیار غەریب ئەندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تیی گشتیی كۆما جڤاكێن كوردستان (کەجەکە). ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌، ده‌زگه‌ی لێكۆڵین بەڵگەی پێوستی خستووه‌ته‌ڕوو.

پەدەکە به‌رگری له‌ سوپای تورکی داگیرکەر ده‌كات

ھەروەھا پەدەکە له‌ ڕێی چەکداره‌كانی خۆیەوە ھێزە داگیرکەره‌کانی سوپای تورکیا لە خاکی باشووری کوردستان دەپارێزێت. بۆ پاراستنی ئەو ھێزە داگیرکەرە خەندەق بە دەوری باره‌گه‌ و بنكه‌كانی سوپای تورکی داگیرکەر لە خاکی باشووری کوردستان ده‌كۆڵێت. هه‌روه‌ها ھێزەکانی خۆی لە دەوربەری بنكه‌كانی سوپای تورك بڵاوکردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئەوەی نەکەونە بەر گورزی گەریلا و تووڕه‌یی گەل.

ڕاگەیاندنی په‌ده‌كه‌ دەستی بە ھەڵمەتی درۆ کردووه‌

پەدەکە ھەر بەو کارانە نەوەستاوە بەڵکوو لە ڕێی دەزگه‌كانی ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌ خۆیه‌وه‌ كه‌ به‌ پاره‌ی دزراوی گەلی باشووری کوردستان به‌ڕێوه‌ده‌برێن، ده‌ستی به‌ ھەڵمەتێکی درۆ و چەواشەکاری لە دژی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی گەلی کورد كردووه‌ و بە ھەموو شێوەیه‌ک هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ خزمەتكردن بە داگیرکەران شۆڕش و بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی گەلی کورد ڕه‌ش بکەن. هه‌وڵ ده‌ده‌ن ڕووی ڕه‌شی ده‌وڵه‌تی تورك سپی بكه‌نه‌وه‌ و ڕه‌وایه‌تی به‌ داگیركاری و تاوانه‌كانی بده‌ن دژبه‌ گه‌لی كوردستان.

ھاوکات  ھەموو ھەوڵێکیان خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ ئەوە له‌ ڕێی ڕاگه‌یاندنه‌كانییانه‌وه‌ ڕه‌وایەتی بە داگیرکاریی توركیا له‌ باشووری کوردستان بدەن. ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ كاتی ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان دەوڵەتی تورکیا و سەرۆکه‌ دیكتاتۆره‌كه‌ی زۆرترین سوکایەتییان بە په‌ده‌كه‌ کرد و یەکەم دەوڵەت بوو کە سنووری به‌سه‌ر باشووری کوردستاندا داخست و دژایه‌تی ڕیفراندۆمی كرد.

s.m