ڕژیمی ئێران پارێزەرێکی کورد لە بەندیخانەی ئیتلاعاتی ئێران ئەشکەنجە دەدات

دوو ڕۆژ دوای دەستگیرکرنی مەسعوود شەمس نژاد پاریزەری کورد و ماموستای زانکۆی خەڵکی شاری ورمێ-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، وردەکاری ئەشکەنجەدانەکەی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیمی ئیڕانەوە بە دەست ئاژانسی هەواڵی فورات گەییشتووە.

یەکێک لە خزمانی مەسعود شەمس نەژاد، لەپەیوەندییەکی تەلەفونیدا بەئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند کە پارێزەری کوردی خەلکی ورمێ-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان،مەسعوود شەمس نژاد لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بە چاوی بەستراو گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ئیتلاعات لە شەقامی دانشکەدە لە شاری ورمێ و لە دوو ڕۆژی ڕابردوو ئەشکەنجە دراوە.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە، کە هاوسەر و ٣ منداڵی ناوبراو ڕۆژانی چوارشەممە و پێنج شەممە دووجارسەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتیان کردووە بە مەبەستی ئەوەی چاویان بە شەمس نەژاد بکەوێت، بەڵام داواکەیان لەلایەن کاربەدەستانی ئیتلاعات ڕەتکراوەتەوە و هەڕەشەیان لێکراوە کە هەواڵی دەستگیرکردنەکەی بڵاونەکەنەوە.

سەرچاوەکە ئەوەشی وتووە: سێ منداڵی ئەو پارێزەرە بە ناوەکانی "سەرۆک، سەرهات و سەرهەڵدان"، ڕۆژی پێنجشەممە دوای سەردانیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بە مەبەستی چاپێکەوتن لەگەل باوکیاندا ، لەلایەن کاربەدەستانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە هەڕەشەیان لێکراوە، کە باسی دەستگیرکردنی باوکیان نەکەن و لە ئەگەر درکاندنی  زانیاری لەسەرئەو بابەتە ، بە شێوەیەکی خراپ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

سەرچاوەکە هەروەها ڕاشیگەیاندووە، کاربەدەستان ئیتڵاعاتی ئێران دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێل و حیسابی بانکی ناوبراو داگرتووە و نووسینگەکەشی لە شەقامی پارێزگەی ئورمیە داخراوە و بینای نووسینگەکە لەژێرچاودێریدایە.

جێگەی ئاماژەیە، مەسعود شەمس نەژاد، پارێزەر و مامۆستای زانکۆ، پێشتریش لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی/٢٠١٤ بۆ ماوەی ٣٧ ڕۆژ لەلایەن ئیتلاعاتی ئێرانەوە لە شاری ورمی دەستگیرکرا بوو، کە دوایی دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی ئازاد کرا.

مەسعود شەمس نەژاد پارێزەری زیندانی سیاسی کوردی لەسێدارەدراو حەبیبوڵا گوڵپەریپوور و چەندین زیندانی سیاسیی سزادراو بە سێدارە وەک عەلی و ڕزگار ئەفشاری بووە، لەگەڵ ئەوەشدا پارێزەری چەندین زیندانی سیاسی دیکەی کوردی لە ئەستۆ گرتووە

ک-ش