ڕژێمی ئێران لە ماوەی مانگێکدا ٣٠ هاوڵاتی کوردی دەستگیرکردووە

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند کە ڕژێمی ئێران لەماوەی مانگێکی ڕابردوودا ٣٠ هاوڵاتی کوردی دەستگیر کردووە.

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەبارەی دۆخی گرتن و دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە، ئەمڕۆ ئامارێکی بڵاوکردەوە. لە ئامارەکەدا هاتووە کە لە ماوەی مانگێکی ڕابردوودا لانیکەم ٣٠ هاوڵاتی و چالاکوانی کورد لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراون.

هەروەها لەو ٣٠ کەسەی کە لەلایەن ئیتلاعاتی سوپا و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستگیرکراون ٤ کەسیان بە کەفالەت ئازادکراون و بڕیاری دەستگیرکردنی ٤ کەسی تریش دراوە.

بەپێی ئامارەکە هەروەها ڕێگا بە زۆربەی کەسە دەستگیرکراوەکان نادرێت کە پەیوەندی بە خانەوادەکانیانەوە بکەن و بۆیەش چارەنووسیان نادیارە.

کەسە دەستگیرکراوەکانیش خەڵکی شارەکانی کامیاران، ورمێ، کرماشان، مەریوان،جوانڕۆ، نەغەدە، شنۆ، بۆکان، پیرانشار و سەردەشتن.

هەروەها باسی ئەوەکراوە کە لەماوەی ئەم مانگەدا سزای لەسێدارەدان بەسەر زیندانی کوردی سیاسی بەناوی شاکر بێهرۆز سەپێنراوە و داواکاری بۆ سەرلەنوێ دادگاییکردنی زیندانیەکی تر بەناوی حەیدەر قوربانی ڕەتکراوەتەوە. لە هەمانکاتدا بڕیاری لەسێدارەدانی هۆشمەند عەلیپوور هەڵوەشێنراوەتەوە.

هەروەها ناوی ئەو کەسانەی کە لەماوەی ئەم مانگەدا دەستگیرکراون ئاشکرا کراوە.

لەگەڵ ئەوەی کە ڕای گشتی جیهان ناڕەزایی بەرانبەر سیاسەتی ئێران لەبەرانبەر خەڵکی و دەستگیرکردنی هاوڵاتیان و چالاکوانانی کورد دەردەبڕێت، بەڵام پێشێلکاریەکان لەلایەن ڕژێمی ئێران بەردەوامە.

ف.ق