ڕژێمی ئێران و تورک لە ماوەی مانگێکدا ٧ کۆڵبەری کوردیان شەهید کردووە

لە ماوەی مانگێکی ڕابردوودا هێزەکانی سنوری سوپای ئێران و تورک ٧ کۆڵبەری کوردیان شەهید کردووە.

بەپێی ئاماری تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ٢٣ی ئابەوە تا ٢٣ی ئەیلول، لانیکەم ٧ کۆڵبەر و کاسبکار لەسەر سنوور بە دەستی هێزەکانی پاسەوانی سنوری ئێران و تورک کوژراون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ناوی کۆڵبەرەکانی بڵاوکردەوە کە ئەمانەن: زانکۆ ئەحمەدی، زانست حەسەن ‌نژاد، سرووش مەکاری، جەلال خزری، شەهرام محەمەدی، سەلاحەدین عوسمانزادە و حسەین خەندەپوور.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە کاسبکارە کوردەکان لە ناوچە سنورییەکانی سەردەشت، پیرانشار و چاڵدران لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا شەهیدکراون و ١١ کۆڵبەر و کاسبکاری کوردی دیکەیش هەر بە تەقەی هێزەکانی ئێران و تورک بریندارکراون.

دەوڵەتی تورکیا تا ئێستایش ئامادە نەبووە تەرمی یەکێک لە کۆڵبەرەکان بە ناوی شەهرام محەمەدی کە بە تەقەی هێزەکانی سوپای ئەو وڵاتە شەهیدکراوە، ڕادەست بکاتەوە.

هەر لە ماوەی مانگێکی ڕابردوودا لانیکەم ٤ کۆڵبەر کە یەکیان منداڵیکە بە ناوی مانی هاشمی، بە هۆی کەوتنە خوارەوە لە شاخەوە بریندار بوون.

ف.ق