"ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ چارەسەرکردنی پرسی کورد سەقامگیر نابێت"

کورد لە پاش تێپەڕبونی سەدەیەک هێشتا لە بەرخۆداندایە و لە ئێستادا پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستدا گۆڕانکاری گەورەی بە خۆیەوە بینیوە و لە ڕوبەڕونەوەی ئەو گۆڕانکاریانەدا تەواوی دەوڵەتانی جیهانیشی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردوە.

 

سەبارەت بە کێشەی و گرفتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و بە تایبەتی کێشەی کورد لە ناوچەکە نوسەر و ڕۆژنامەنوس حەسەن جودی بە ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF)ی ڕاگەیاند:"ئێمە وەکو گەل، گەلێکین هاوکات لەگەڵ ئەوەی خاوەن مێژویەکی دێرینین بەڵام لە سەد ساڵی ڕابردودا بەهەمو شێوەیەک نکۆڵی و قڕکردن بەسەر ئێمەدا سەپێنراوە و بۆ ماوەی یەک سەدە هەوڵی لەناوبردنی ئێمەیان دا. کورد لە ماوەی ئەو سەد ساڵەدا هەمیشە بە دروشمی ئەی رەقیب ماوە قەومی کورد زمان خیتابی دوژمنی ئەکرد کە ئێمە ماوین نەمردوین سەرەڕای ئەو هەمو کوشتن و قەتل عام کردنە. لەم سەد ساڵەدا لە ڕێگای زۆرێک لە پەیمان نامەی وەکو لۆزان، سەعد ئاباد،حیلفی بەغداد، جەزائیر و تەنانەت رێکەوتن نامەی واشنطن و گەلێک ڕێکەوتن نامەی دیکە هەوڵیاندا کورد لەناو ببەن. سیستەمی سەرمایەی جیهانی لەسەر بنەمای نکۆڵی کردنی ئێمە لە دایک بوو ودامەزرا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەمڕۆ و لە دوای سەد ساڵدا نەک هەر لە ناو نەچوین و نەفەوتاین بەڵکو ئێمە خاوەن بانگەشەی زۆر گەورەین لەسەر ئاستی جیهاندا بۆ ئازادی و بۆ ژیانێکی بەشەرەف و بە حورمەت".

حەسەن جودی دەربارەی شۆڕشی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند:"لە پاش شؤڕشی ڕۆژئاوا ئێمە لە ئێستادا ستراتیژمان تەنها مانەوە نیە بەڵکو ژیانێکی ئازاد و ژیانێکی بە کەرامەتە. ئێمە ئێستا داوا لە ڕەقیبەکانمان (دوژمنەکانمان) ناکەین کە نەمانکوژن، بەڵکو ڕەقیبەکانمان وا خەریکن هەڵدەوەشێنەوە. ڕەقیبەکان لە ئێستادا لە قۆناغی داتەپین و داڕەزینن. ئەردۆغان بەو هەمو چەتەیەی خۆیەوە هەوڵدەدات کورد نەهێڵێ هەوڵدەدات ئەو دۆخەی لە ڕۆژئاوای کوردستان دروست بوە نەیهێڵێ بەڵام ناتوانێت، نەک هەر ناتوانێ بەڵکو مەرگی خۆی نزیک دەکاتەوە. ڕێبەر ئۆجەلان لە کتێبی بەرگریکردن لە گەلێک دەڵێت ئەگەر کورد بتوانێت خۆی بێت دەتوانێت ڕزگاری ببێت و هەمیش دەتوانێت گەلانی دیکە لەگەڵ خۆیدا ڕزگار بکات هەمیش دەتوانێت سیستەمێکی نوێ بونیاد بنێت و سیستەمی سەرمایەی جیهانی هەڵبوەشێنێتەوە. ئێمە لە ئێستادا لەو دۆخە تێپەڕیوین کە بمێنینەوە بەڵکو گێشتوین بە دۆخێک کە خەریکی بونیاتنانی سیستەمێکین".

هەوەها وتیشی:"ئێمە وەکو گەلی کورد مێژو ئەرکی ئەوەی پێمان سپاردوە کە هەمو کۆنەپرستان لەسەر دەستی ئێمە تێکبشکێنرێت، بۆ نمونە داعش تەنها گەلی کورد توانی تێکیبشکێنێت، لەمڕۆشدا فاشیزم مەحکوم بوە بە دەست گەلی کورد تێکبشکێندرێ. ئەگەر فاشێزمی تورک تێک نەشکێندرێ  داعش هەر دەمێنێ تیرۆریزم هەر دەمێنێ. ئەرکی لەناوبرنی فاشیزم بە کورد سپێردراو و کوردش لە پێناو ئازادی خۆیدا شەڕی فاشیزم دەکات. کورد لە تەواوی جیهاندا بۆتە ناوەندی شۆڕشگێڕی و ناوەندی پارێزگاری کردن لە بەها مرۆڤایەتێکان، بۆیە لە هەمان کاتدا هەمو کۆنە پەرستانی جیهان دەچنە پاڵ فاشیزمی تورکی هەمو ئازادیخوازانی جیهانیش دێنە پاڵ ئێمە لە ڕۆژئاوای کوردستان".

حەسەن جودی سەبارەت بە هەڵوێستی کورد لەم دۆخەدا نمونەی باشوری کوردستانی هێنایەوە و وتی :"ئەمڕۆ لە باشوری کوردستاندا هەڵمەتێکی گەورەی بایکۆتی شت و مەکی کاڵای تورکی هەیە و لە هەمان کاتدا هاوکاری و کۆمەک کردن بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بە شێوەیەکی ئاکتیڤ بەڕێوە دەچێت، ئەمەش سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە کورد لە ئێستادا یەک دەنگ و یەک هەڵوێستە. لە ڕؤژهەڵاتی کوردستانیش بەهەمان شێوە چالاکی فراوان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانەی بەرژەوەندیان لەگەڵ مانەوەی دەوڵەتی تورکیایە و بەرژەوەندیان لە داگیرکاری تورکیا هەیە، ئەوانە چینێکی تاڵان کارن و وابەستەن بە دوژمن و بەکرێگیراون، لە دەرەوی ئەو چێنەش زۆربەی کورد لەگەڵ خەبات دایە و لەگەڵ بەرخۆدان دایە ئەمەش جاری یەکەمە لە مێژوی کوردستاندا گەلی کورد بەم ئاستە تیایدا بەشدار بێت".

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەوەشی خستە ڕوو:"ئێستا ئێمە لەسەر ئاستی هەمو جیهاندا بوینەتە ناوەندێکی جیاواز ئێمە نمونەیەکی جیاوازمان پێشکەش کردوە وەکو گەلی کورد و وەکو تێکۆشانی ئازادی، ئەو قۆناغە مەترسیدارانەمان تێپەڕاندوە و لە ئێستادا پڕۆژەی خۆمان بۆ گەلانی دونیا دەخەینە ڕوو. بەبێ کورد نە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست ئارام دەبێت و نە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست جێگیر دەبێت بە بێ کورد هیچ شتێ بەڕێوە ناچێ، لەسەر ئاستی جیهاندا ئەگەر بیانەوێ بە ئارامی و سەقامگیری ژیان بکەن پێویستە کێشەی کورد چارەسەر بکەن".

گەلی کورد بەو بەرگری و بەرخۆدانیەی کە لە ڕۆژئاوا نیشانی دا، ئەو وێنە کوردی مەزڵوم و بێ دەسەڵاتەی کە تەنها دەزانێ شەڕ بکات یاخود بپاڕێتەوە، کوردی لەو قۆناغە دەرکرد ئێستا کورد تەنها شەڕکەر نیە بەڵکو سیاسەتمەداریشە و دیپلۆماتکاریشە. لە ئێستادا لە سەرەتایەکی گەورەداین و لە سەرەتایەکی باشداین گۆڕانکاری گەورەتر پێشکەوتنی گەورەتر بەڕێوەیە بە قازانجی ئازادی و بە قازانجی بونیاتنانی سیستەمێکی شکۆمەند و پێکەوە ژیانێکی دادپەروەرانە هەنگاو دەنێین، بۆیە مسۆگەر ڕۆژئاوا سەردەکەوێ بە ئیرادەی گەل ڕۆژئاوا دەتوانێت ببێتە نمونەیەکی جوان بۆ گەلانی ناوچەکە و گەلانی جیهان.

ف.ق