ژانى قورس، ژیانى هەرزان؛ کۆڵبەری

کۆڵبەرەکان ناچارن زۆرجار بە ڕێگا مەترسیدارەکاندا تێپەرن تاوەکو بتوانن بژێویی ژیانیان دابین بکەن. هەموو ڕۆژیک ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە. ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی سەرچاوەی دەوڵەمەندە و وڵاتی نان و دانە، بەڵام هاوڵاتیانی ناچارن بۆ بژێوی ژیان لە دەست بدەن.

ڕۆژ نییە هەواڵێک، یان زانیارییەک لەسەر کۆڵبەرەکان نەبینن. هێرشی سەر کۆڵبەرکان بووەتە ڕووداوێکی ئاسایی. ئەو هەواڵە رۆژانانە، کە بوونەتە هەواڵی رۆتین لە جەوهەردا کۆمەڵکوژییەکی سیستماتیک و بەرنامە بۆ داڕێژراوە. ڕاپۆرتی رێکخراوی تۆری مافی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠١٩دا ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئەوە ڕیكخراوە تەنها لە ساڵی ٢٠١٩  لانیکەم ٨٠ کۆڵبەر کوژراون و زیاتر لە  ١٥٤ کۆڵبەری دیکەش برینداربوون. ٥٨ کەس لەو کۆڵبەرانە ڕاستەوخۆ لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارنەوە کوژراون و ئەوانی تریش مینی چێندراو پیایاندا تەقیەوەتەوە، یاخود بەهۆی کارەساتی سروشتییەوە گیانیان لە دەستداوە. لە ناو ئەو قوربانیاندا فەرهاد خوسرەویی تەمەن ١٤ ساڵ و ئازاد خوسرەویی تەمەن ١٧ ساڵیش هەیە، کە لە ١٧ کانونی یەکەمی ٢٠١٩دا لە چیای تەتە لە ناوچەی هەورامان بوون بە ژێر کڕێوەی بەفرەوە و ژیانیان لەدەستدا.

کۆڵبەر ناوێکیتری ئەو کەسانەیە، کە ناچارن بۆ بژێویی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکەیان کۆڵبەری و بارکێشی لەسەر سنوورەکاندا بکەن، بەڵام هەموو ئەوکسانەی لەسەر سنوورەکان کاری لەو جۆرە دەکەن وەک کۆڵبەر ناناسرێن، بەڵکو کۆڵبەر تەنیا ئەو کەسەیە باری خەڵکی بە شان و پشتی خۆیان هەڵدەگرن بە حەق دەستێکی کەم ئەمدیواودیوی سنوور دەکەن.

بە گوێرەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و گەلێک سەرچاوەی هەرێمی لە ئێستادا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لانیکەم ١٠٠ هەزار کەس کاری کۆڵبەری دەکەن. لەگەڵ کۆڵبەرەکان بازرگانەکانیش هەن، کە ئەوان کاسبکاریان پێ دەگوترێت. کاسبکار خاوەنی بارەکانن و کۆڵبەرەکانیش بارەکانی ئەوان لە دیوێکی سنوورەوە دەبەن بۆ دیوێکی تری سنوور، کۆڵبەرەکان پۆل پۆل بەرێدەکەون چەندین کلیۆمەتران ڕێگا بە بارو کۆڵەکەى پشتیانەوە دەبڕن، جار جار ناچار دەبن بە ڕیگای کەندەڵان و بەردەڵان و چاڵ و چۆڵی مەترسیدارا تێپەڕن.

 بە گشتی تەمەنی کۆڵبەرەکان لە نێوان ١٣ تاوەکو ٧٠ ساڵدایە. بەهۆی هەلومەرجی کۆمەڵگا و نەبوونی کارگە، لە ناو ڕیزی کۆڵبەرەکاندا کوڕی  تەمەن ١٣- ١٤ ساڵ و  دەرچوانی زانکۆش دەبینرێن. کۆڵبەر لە ناوچەیەکی دیاریکراوی سەر سنوور کۆدەبنەوە و بارەکانیان هەڵدەگرن، بارەکانیشیان ئەوندە قورس و گرانە هدنێکیان لە بن بارەکانیاندا دیار نامێنن، هەندێک بار کێشەکەی دەگاتە نزیکەی ١٠٠ کلیۆ.

ئایا پاداشتی ئەو عەزێتە و زۆرە و ئەو ڕێگا مەترسیدارەی مردن حەقدەستەکەی چەندە؟ بەو حەقە دەستە ئێوارە دەتوانن چەندە خواردن بۆ ماڵەوە ببەنەوە؟

قازانجی  حەقدەستی ڕۆژانەیان لەنێوان ٨ بۆ١٠ ۆ دۆلاردایە. ئەوەش هەر دەکاتە نیزکەی ١٠٠ هەزار تەمەنی ئێرانی. کاتێک مرۆڤ سەیر دەکات لە ئێران کیلۆی گۆشتی سوور بە ٨٠ هەزار تمەنە، بۆیە حەقدەستی ئەوان بۆ بژێویی بنەماڵەکانیان نابێتە دەردی دەرمانی خێزانەکانیان، چونکە داهاتی مانگانەیان ناگاتە ١٠٠ دۆلار. کاسبکار یاخود بازرگانەکان، یان خاوەنبارەکان کەلوپەلەکانیان لە دوبەی یاخود لە چینەوە دەهێنن و بە ڕێگای کۆڵبەرەکانەوە دەیانپەڕێننەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.

لە سەردەمی شای ئێراندا هاتوچۆ ئەوەندە زەحمەت نەبوو

لە سەردەمی شای ئێراندا خەڵکی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان پەیوندەیەکانیان بەهێزبوو.  چون و هاتنی سنوور وەک ئێستا توند و زەحمەت نەبوو. لەو ساڵاندا کوردانی ڕۆژهەڵات دەیان توانی بچن بۆ باشوور کار بکەن. بۆ نموونە؛ کوردێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەرزێک دەچوو لە شارەزوور کاری دەکرد دواتر دەچوویەوە ئەوە دیوی سنوور و پێویستییەکانی ماڵیشی لەگەڵ خۆی دەبردەوە. بە تایبەتی گوندەکانی سەر هێڵی سنوور هەم خزمی یەکەن و هەم لە یەک عەشیرتن. لەو کاتەدا ئەو کەسانەی دەچون بۆ دیوی تری سنوور کاریان دەکرد لە کاتی گەڕانەوەیاندا فەردە ئارد، شەکر، برنج و چا و... هتد دەبردەوە. بەپێی کات خەڵک ئەو کەلوپەلانەی، کە لە باشوور هەرزان بوون دەیانکڕی و بە ئەسپ و هیستر دەیان بردەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و دەیان فرۆشت. لە بەرامبەریشدا ئەو کەلوپەلانەى لە ڕۆژهەڵات هەرزان بوون دەیان هێنا و لە باشوور دەیان فرۆشت و بەو شێوەیە کاسبییەکى بچووکیان بۆ خۆیان دروستکردبوو. لەو قۆناغەشدا هاووڵاتییان ڕووبەڕووی هێزەکانی دەوڵەت دەبوونەوە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ئێستادا لە سەردەمی شا ئاماری کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەران زۆر کەم بوو، لەو کاتەدا ئەو کەسانەی ئەو کارەیان دەکرد دەستگیر دەکران و هەندێکجار زیندان و هەندێجاریش سزای دارای دەدران. هاوکات بەهۆی کۆپراتیڤەکانی سەر بە دەوڵەت (کۆمپانیا هەرەوەزییەکان) پێداویستی و خۆراکی ماڵان بە بەهایەكی کەم دەدرایە هاووڵاتییان. لەبەر ئەوەش ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی کە لەسەر سنوور کاریان دەکرد وەک ئێستا زۆر نەبوو، چون و هاتنی هاوڵاتیانی نێوان باشوور ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا هاتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا بەردەوام بوو.

لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق لە ١٩٨٠ تا ١٩٨٨ بە گشتی هاتوچۆی هاووڵاتییان لە سنورەکان راوەستا، چونکە بەهۆی شەڕەوە هەرێمی تامپۆن و شەڕ دروستکرابوون گوندەکانی سەر سنوورەکان چۆڵکران. بەو شێوەیە بنەماڵە و عەشیرەتەکانی سەر سنووریش لەیەکتر دابڕێنران و ئیتر بە تەواوەتی گۆڕانکاری بەسەر دۆخی هەرێمەکدا هات. لە دوای شەڕی ٨ ساڵ بەشێک لەو هاووڵاتییانەی زەوییان لەسەر سنوور هەبوو دەستیانکردەوە بە چاندنی زەوییەکانیان و هەندیك پەیوندی لە نێوان ئەمدیو و ئەو دیوی سنووردا دروستبویەوە.

لە دوای ڕاپەڕینی باشووری کوردستان کۆڵبەری دەستیپێکرد

ڕژێمی سەدام ساڵی ١٩٩٠ هێرشی کردە سەر کوەیت و ساڵی ١٩٩١ خەڵکی باشووری کوردستان ڕاپەڕی. لەم قۆناغەدا پەیوەندیی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان جارێکی دیکە زیندو بووەیەوە. خەڵک کەلوپەلی لە کوەیت، بەغدا و هتد... دەیهێنا و لە باشوورەوە ئەو کەلوپەلانە بە کاروان و بە کۆڵ دەربازی ڕۆژهەڵات و ئێرانیان دەکرد. لەناو ئەو کەلوپەلانەدا ئۆتۆمبێل، کەلوپەلی ئۆتۆمبێل، جل و بەرگ، پێداویستیی تەندروستی و عەسکەریش هەبون. بە هۆی ئەو دۆخەی عێراقی تێدابو خەڵک هەرچی دەستکەوتبایە دەربازی ئەودیویان دەکرد و کاسبکارەکان بازرگانیان دەکرد. لەگەڵ تێپەڕبونی کات دەرگا سنوورییەکان بە شێوەیەکی فەرمی کرانەوە و کاسبکارەکان بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری گەورە دەستیان بە هێنان و بردنی بارەکانیان کرد. ئەو بازاڕە فەرمییانە بوونە هۆی ئەوە، کە لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تەنها چەند بنەماڵەیەک دەوڵەمەند بن و خەڵکی ئاسایی دیسان بە فەقیری و هەژاری مانەوە.

بۆیە لەو کاتەو تاوەکو ئێستا دیاردەی ئەو کۆڵبەرییە سەریهەڵدا و پەرەی سەند، کە لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا دەبیبنین. ئەو کەسانەی توانای کڕینی ئەسپ، هێستر یاخود ئۆتۆمبێلیان نییە، بارەکە بە پشتی خۆیان دەبەن و کۆڵبەری دەکەن. هاوکات لەگەڵ ئەوانەشدا گەمارۆی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بۆ سەر ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبوو و ئابووریی ئێران سەراوژێر بوو. بە تایبەتی لە دوای ساڵی ٢٠٠٠ گەمارۆ توندتر کرایەوە و لەسەردەمی سەرۆک کۆماری ئێران مەحمود ئەحمەدی نەژاد هاوکارییەکانى دەوڵەت بۆ خەڵک وەک پێدانى خۆراک و سوتەمەنی بە نرخی هەرزانتر لە بازاڕ لەلایەن حکومەتەوە نەما. بە هۆی گەمارۆ و تێکچونی ئابووری، ڕژێمی ئێران بە ناوی پیلەوەری سیستەمێکی پێشخست. لەگەڵ ئەو سیستەمەدا ڕژێمی ئێران ویستی کاسبکار و کۆڵبەرەکان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی و ئەو شت و مەکانەی لە کارگەکانی خۆیان بوونی نییە ل ڕێگای ئەوانەوە دەربازی ناوخۆی بکات. ئەو کەسانەی کە ڕژێم ناوی پیلەوەریی لێیان نابوو، بە شێوەیەکی فەرمی لە باشووری کوردستان کەل و پەلی وەک ئاسن، ئەلەمنیۆم، قورقۆشم، شت و مەکی پیشەسازی و کەلوپەلی ناو ماڵیان دەربازی ئێران دەکرد. لە رۆژهەڵات و ئێرانیشەوە خواردەمەنی و سەوزە و میوە دەهاتە ناو باشووری کوردستانەوە. لەگەڵ ئەو سیستەمەدا، شت و مەکی ئیلکترۆنی، دیجیتاڵ یاخود تەلەفزیۆن، فرێزەر، مەکینەی جل شۆردن، خواردنەوە کحولییەکان، جگەرە، قوماش و هتد... لە رێگەى کۆڵبەرییەوە دەبرایە ئیران و ڕژێمی ئێران 'نەیدەوخواست' ئەو کەلوپەلانە لە ڕێگای کۆڵبەرەوە بچێتە ئێران. لە لایەن ڕۆژهەڵاتیشەوە نەوت، گاز، ئارد و چەند جۆرێکی دیکەى خواردنیان دەهێنایە باشوور.

بەپێی سەرژمێری ٢٠١٦ی ڕژێمی ئێران، ژمارەی نیشتەجێبوون لە پارێزگای ورمێ، کرماشان، سنە، ئیلام، هەمەدان و لوڕستان ١٠ ملیۆن و ٨٩٩ هەزار و ٢٨٥ کەسە. بەڵام بەپێی ئاماری نافەرمی دەوترێت، هەژماری گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نزیک ١٥ ملیۆن کەس دەبن. ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێکە لەو ناوچانەی لە ڕوی سەرچاوە سروشتییەکانەوە زۆر دەوڵەمەندە بۆ نمونە کانی زێڕی زەڕشوران لە شاری تیکابی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە گەورەترین کانی زێڕە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەروەها کانی زێڕی ئاق دەڕە کە تەنها ١٠کیلۆمەتر لە کانی زێڕی زەڕشوڕانەوە دوورە ساڵانە ٢.٢ تۆن زێری عەیارە ٢٤ ی لێ بەرهەم دەهێنرێت. لە هەمانکاتدا سەرچاوەی زێڕ، زیو، ئاسن، ئەلەمنیۆم، قورقۆشم و بەردی کوارتزیشی تێدایە. لە لایەن کشتوکاڵەوە ڕۆژهەڵات یەکێکە لەو ناوچانە، کە زۆر بە پیت و بە بەرەکەتە. بە گوێرەی سەرچاوەی فەرمانگە و کاربەدەستانی ئێران، زۆربەی گەنم و نۆک لە ئێران لە پاریزگاکانی سنە و کرماشان بەرهەم دەهێنرێت. لە ٨٠٪ توتفەرەنگیی ئێران لە ڕۆژهەڵات بەرهەم دەهێنرێت. سێو و ترێی پارێزگای ورمێ بەشێکی گرنگی پێداویستییەکانی ئێران بەرهەم دەهێنێت. ئەوانە لە کاتێکدان، کە هاوکات بەپێی ئاماری فەرمی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، زۆرترین کاری سواڵکردن لە پارێزگای کرماشان، ئیلام و لۆرستان دایە. لەگەڵ هەمو ئەمانەشدا، سەرچاوەی بیری نەوت، گاز و قیری سروشتیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوونی هەیە. جیاواز لەوانەش رۆژهەڵاتی کوردستان لەڕوی گەشتیارییەوە دەوڵەمەندە. ئەمە تەنها بەشێکە لە دەوڵەمەندی ژێر خاک و سەر خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

لە دژی سیاسەتی خۆبەدەستەوەدان، پشتیوانی لە ژیانێکی شکۆمەندانە

لەناو ئەو دەوڵەمەندی و خێروبەرکەتە بۆچی ئەم مرۆڤانە دەبنە کۆڵبەر؟ کلیلی کێشەکەش ڕێک لێرەدایە! کۆماری ئێران بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمو کات سیاسەتی تایبەتی ئابووری بەکارهێناوە. لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کارگە نییە، کە خەڵک بچێت کاری  تیایدا بکات. بەپێی ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠١٤ لەسەر ئابووریی ئێران، لە ٦٧٪ ئابووریی ئێران تەنها لە تارانی پایتەخت کۆکراوەتەوە. بەپێی سەرژمێرییەکان دانیشتوانی ئێران لەسەروی ٨٢ ملیۆنەوەیە و ژمارەی دانیشتوانی تەهرانیش بەپێی ئاماری فەرمی ١٠ ملیۆنە. لە لایەکی دیکەوە، لەبەر ئەوەی پەیوەندیی ئازەرییەکان لەگەڵ حکومەتی ئیران بەهێزە دۆخی ئەو پارێزگایانەی کە ئازەرییان تێدایە لەگەڵ ناوچەکانی دیکە جیاوازترە. لە شاری تەبریز کە ئازەری تیادایە کارگە هەیە و ڕێژەی بێکاری تیایدا زۆر نییە. بەڵام لە هەرێمی ئەهواز کە عەرەب تیایدا ژیان دەکات و هەرێمی کورد و بەلوچ دۆخی ئابووری ڕێک پێچەوانەیە. بەپێی ئاماری فەرمی ئێران ڕێژەی بێکاری لە ٢٥٪دایە، بەڵام لێرە هەڵەیەک هەیە. لەبەر ئەوەی لە ئێران کرێکارێک لە مانگێکدا ٤-٥ رۆژ کاری دەست بکەوێت یاخود لە ڕۆژێکدا تەنها چەند کاتژمێرێک کار بکەن وەک بێکار هەژمار ناکرێن. بە دڵنیاییەوە مرۆڤ دەتوانێت پیشبینی بکات کە لە ڕۆژهەڵات ڕێژەی بێکاری تاکو ٦٠٪ دەچێت. یەک لە کارە سەرەکییەکانی کۆماری ئێران لە دژی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەکاری دەهێنێت، ئەو ڕێبازە ئابوورییەیە. سیاسەتی سەرەکیی ڕژێم ئەوەیە بە سیستمی بەسیج (هێزی میلیشایی)، سیخوڕی، جاش و چەتەیی خەڵکی ناوچەکە رادەستی خۆی بکات و خەڵک خۆی بەدەستەوە بدات. لە ئێران و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەگەر نەبیتە بەسیج و جاش، ١٠ دیپلۆمیشت هەبێت بە ئاسانی ناتوانی ببیتە خاوەن کار و کارگە. لەبەر ئەوەی خەڵکی ڕۆژهەڵات بەو بێ کەرامەتی و بێ شکۆییە ڕازی نابێت، بە ناچاری کاری کۆڵبەری دەکات. بە دڵنیاییەوە دەزانن لە کۆڵبەریدا مردن هەیە، بریندار بوون هەیە، دەشزانن عەزێتی زۆر قورس و گران و لە بەرامبەردا پارەیەکی زۆر کەم هەیە، بەڵام دیسانیش کۆڵبەری دەکەن. هۆکارەکەشی ئەوەیە، کە تەنها لە پێناو ئەوەی نەبنە بەسیج و تەسلیمی سیاسەتی دەوڵەت نەبن دەست بە کۆڵبەری دەکەن. ئەوەی جێی سەرنجە لەناو کۆڵبەرەکان دەرچوی زانکۆش هەیە و وەرزشوانیش هەیە.

ژنانیش دەستیان بە کۆڵبەری کردووە

لە لایەکی دیکەوە تاکو ئێستا تەنها پیاوەکان کۆڵبەریان دەکرد، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە لە ١٠ ساڵی ڕابردودا، ژنانیش دەستیان بەم کارە کردوە. بە تایبەتی ئەو ژنانەی کە هاوژینەکانیان لە ژیان نەماوە و سەرپەرشتیی خێزانەکەیان دەکەن، ناچار دەبن ئەو کارە قورسە مەترسیدارە. ڕژێمی ئێران ئەو کەسانە بە "قاچاخچی" ناو دەبات. کاربەدەستانی ڕژێم و کەسانی نزیک لە دەسەڵات کۆڵبەرەکان وەکو کەسانێک پێناسە دەکەن، کە گوایە " کاری نایاسایی" دەکەن. ڕژێمیش مافی داوە بە سوپای پاسداران کە هەمو دەروازە سنوورییەکان لەژێر کۆنترۆڵدایە، ڕاستەوخۆ تەقە و دەستڕێژ لە کۆڵبەرەکان بکەن. هەرچەندە کاربەدەستانی ڕژێم کۆڵبەر وا پێناسە دەکەن، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆڵبەری وەک پیشەیەک دەبینرێت. خەڵک هیچکات وشەی "قاچاخچی" بۆ کۆڵبەر بەکارناهێنێت. بۆ میللەت سنوور هیچ واتایەکى نییە. ئەوان دەڵێن :کاتێک ئێمە دەچینە باشوور یاخود باکور وەک ئەوە وایە بچینە گوندێکی نزیک گوندی خۆمان. لە لایەکی دیکەوە، چەند پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی ئێراندا زۆرجار ئەو مژارەیان کردوەتە ڕۆژەڤی سیاسەتی تەهران. پەرلەمانتارەکان پرۆژەیان پێشکەشی پەرلەمان کردووە بۆ ئەوەی کۆڵبەرەکان سەربەست بکەن، کۆڵبەر نەکوژرێت و ببنە خاوەن پێگەیەک و هتد... بەڵام ئەو هەوڵانە تاکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە. لە لایەن حکومەتی باشووری کوردستانیشەوە تاکو ئێستا چارەسەرییەکی بۆ کۆڵبەرەکان نەدۆزراوەتەوە و رێگریی لە کوشتنیان نەکردووە.

هێزی سوپای پاسداران بەلوچیەکانیش دەکوژێت

سەرباری هەموو ئەوانەش بە دڵنیاییەوە قورس نییە مرۆڤ پیشبینیی ئەوە بکات، کە هەر دەچێت گەمارۆی سەر ئێران چڕتر دەبێت و ئابوورییەکەی سەراوژێرتر دەبێت، ژمارەی کاسبکار و کۆڵبەرانیش زیاتر دەبێت. هەروەها تەنها لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نییە، بەڵکو لە هەرێمی بەلوچیش کۆڵبەری هەیە. خەڵکی بەلوچیش دەچێتە پاکستان و شت و مەکی وەک جگەرە و ئامێری دیجیتاڵ دەربازی ئێران دەکەن و سوتەمەنیش بۆ پاکستان دەبەن. هاوشێوەی کوردەکان، هێزی سوپای پاسداران ڕاستەوخۆ گولەبارانیان دەکات و دەیانکوژێت و برینداریان دەکات. لەسەر سنووری ئازربایجان، ئەرمینیا، تورکمانستان و کەنداویش کەلوپەل دەبرێتە ئێران، بەڵام تاکو ئێستا هەواڵێک لەسەر هێرش و کوشتن لەسەر سنووری ئەو هەرێمانە نەبیستراوە. لە هەرێمی کوردەکان و بەلوچەکان تاکو ئێستا دەستگیرکردن و گرتنی کۆڵبەرەکان نەبوەتە هەواڵ، بەڵکو هەمو کات هەواڵی کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەرەکان بووەتە هەواڵ. ئەمەش سیاسەتی ڕژێمی ئێران بەرامبەر کوردەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و زۆر عەیان و بەیان دەخاتەڕوو. ڕژێم دەیەوێت هەم گەل هەم بە برسیبوون رابهێنێت و بە لە برسێتیدا رایان بگرێت، هەمیش دەیەوێت بە کوشتن چاوترسێنیان بکات.

تێکۆشان و سەربڵندیی بە بێ قاچی و بێ منەت

بەڵام خەڵک ناچارە... ئەوندە ناچارە، کە وەک یونس فەیزی بی قاچیش ئەوە کارە بکات.

ئێستا ئێوە دەڵین، مرۆڤ چۆن دەتوانێت بە بێ قاچ لە ناو ئەو چیایانەدا ئەو کارە بکات؟

ڕاستە! هەتا منیش بەچاوی خۆم نەمدیت باوەڕم نەکرد، بەڵام من ڤیدیۆی یونس فەیزی بینی، کە لە لایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە. ڤیدیۆکە هی سێ ساڵ پێش ئێستایە. نازانم ئێستا چارەنوسی یونس چیی بەسەر هاتوە، ئەو ڤێدیۆیە سەربڵندیە و قەبووڵ نە کردنی بێ کەرامەتییە.

یونس فەیزی یەکێکە لەو هەزاران کەسانە، کە بژێویی ژیانی لەسەر سنوورە. ئەو خەڵکی شاری خانێ (پیرانشار)ی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و هەردوو قاچی (لینگی) نییە. کاتیك بچووک بووە لەگەڵ خوشک و براکانی بۆ کۆکردنەوەی گژ و گیا چووەتە کوێستان، لەوێ هەرسێکیان  کەوتونەتە ناوچەی مینڕێژکراوەوە و پێیان چووەتە سەر مین و بەو هۆیەوە خوشکێک و برایەکی گیانیان لە دەستداوە و  یونسیش هەر ٢ قاچی لە دەستداوە. بەگوێری شەرت و مەرجی وڵاتێکی ئاسایی دەبێت قاچی دەستکرد بۆ یونس دروست بکرێت و دەوڵەت هاوکاریی بکات... بەڵام لەبەر ئەوەی بژێویی ژیانی خێزانێک لەسەر شانی کاک یونسە مەجبوورە بەو حاڵەی خۆی کاری کۆڵبەری بکات. یونس تیکۆشان دەکات بۆ ژیانیکێ بێمنەتانە و دەڵیت: ٢٣ ساڵە بێ قاچم و هاتا ئێستا من هەر بە ڕەنج و تێكۆشانی خۆم کار دەکەم و دەژیم. هیچ کاتێک منەتی دەوڵەت و حکومەتم قەبووڵ نەکردووە" ئەوە تەنیا یەک چیرۆکە، بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت بە دەیان چیرۆکی تری لەو شێوەیە بوونیان هەیە.

بژێویی زیاتر لە ٢ ملیۆین  کەس لە سەر سنوورەکانە

بە گوێرەی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ، جێاواز لە کاسبکارانی خاوەن ئەسپ، هێستر و ئۆتۆمبێل زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کۆڵبەریش لە سەر سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و باشوور،  باکور و ڕۆژهەڵات بژێویی ژیانیان لە رێگەى کۆڵبەریەوە دابین دەکەن. بەو ژمارەی زۆرەی کۆڵبەر و کاسبکار مرۆڤ دەتوانی بڵێت، بژێویی زیاتر لە ٢ ملیۆن کەس لەسەر سنوورە. لە وڵاتی دەوڵەمەند خاکی بەپیت، لە وڵاتی نان و گەنم، ڕۆژانە مرۆڤ بۆ نان دەمرێت، هەر لەبەر ئەوەش گۆرانیی نان-ی مامۆستا نەجمەدین غوڵامی هونەرمەندی بەناو بانگی کورد چەندین ساڵە لە ناو خەڵکدا بڵاوە و دەوترێتەوە، کاتێک مرۆڤ ڕاستی و واتای کۆڵبەری لە نزیکەوە دەبینیت زیاتر لە دڵ و دەروونی خۆیدا هەست بە واتا و گرینگیی ئەو گۆرانییە دەکات.

گۆرانیی نان-ی هونەرمەند نەجمەدین غوڵامی:

 من ئەو کەسەم هەموو ڕۆژێ، هەی ژین هەی ژین

من ئەو کەسەم، هەموو ڕۆژێ، هەی ژین هەی ژین

ژیانی ئەمڕۆم ئەفرۆشم بۆ کڕینی نانی سبەی

ژیانی ئەمڕۆم ئەفرۆشم بۆ کڕینی نانی سبەی

ئەمڕۆش دیسان هاتوومە دەر، هەی ژین هەی ژین

ئەمڕۆش دیسان هاتوومە دەر، هەی ژین هەی ژین

ژیانی ئەمڕۆم بفرۆشم بۆ کڕینی نانی سبەی

لێم ناکڕێ خاوەنی نان، لێم ناکڕێ

لێم ناکڕێ خاوەنی نان، لێم ناکڕێ

هەنایەکم تەنگاو ئەکات، تین و گەرووم

هەنایەکم تەنگاو ئەکات، تین و گەرووم

ئەی داد هەی داد، هەی داد هەی دا

لەم بازاڕە بێڕۆحمەدا، ژیان هەرزانترە لە نان

لەم بازاڕە بێڕۆحمەدا، ژیان هەرزانترە لە نان

ژ.ت