ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان لەسلێمانی بەردەوامە

ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکانی ئەو سندوقانەی کەسکاڵای لەسەر تۆمارکراوە لە سلێمانی بەردەوامە و هەتا ئێستا ٦١ سندوق ژمێردراوەتەوە .

دوای کەرکووک لە دوینێوە لە هۆڵی ئاشتیی شاری سلێمانی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکانی ١٨٨ سندوقی پارێزگای سلێمانی و ٤٠ سندوقی ئاوارەکانی دانیشتیووی سنووری سلێمانی، دەستیپێکرد ئەمڕۆش بەردەوامیی هەیە.

جێگای ئاماژەیە، کە دادوەرەکانی کۆمسیۆن جگە لە کەناڵی ئەلعێراقییە، کە وەک راگەیاندێکی نیشتیمانیی ئەژماری دەکەن، ڕێگا بە هیچ ڕاگەیاندێکی دیکە نادەن ڕووماڵی پرۆسەکە بکەن، وەک لایەنە سیاسییەکان-یش باسی دەکەن لە دووری ١٥ مەترەوە ڕێگا بە چاودێرەکانی ئەوان دەدەن، کە چاودێریی پرۆسەکە بکەن، ئەمەش نیگەرانیی زۆربەی لایەنەکانی لێکەوتووەتەوە و بەو هۆیەوە دوێنێ حەوت لایەنی سیاسیی لە چاودێرییکردنی پرۆسەکە کشانەوە.

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٢ی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەچوو، بەهۆی ناڕزاییبوونی ژمارەیەکی زۆری لایەنەکان لە ئەنجامی دەنگدانە ئەلیکترۆنییەکە، ئەنجومەنی نوێنەران و دادگای فیدراڵیی بڕیاری ژماردنەوەی دەستیی سەرجەم دەنگەکانیان دا و نۆ دادوەریان بە سەرپەرشتیاری پرۆسەکە دیارییکرد.

دواتر، نۆ دادوەرەکە بڕیاریدا بە ژماردنەوەی دەنگەکانی ئەو سندوقانەی، کە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە و رۆژی ٣ی ئه‌م مانگه‌ ئەژمارکردنەوەی دەستیی دەنگەکان لە که‌رکوک و شه‌ش پارێزگای عێراق دەستیپێکرد و دوێنێ-ش پرۆسەکە لە پارێزگای سلێمانیی دەستیپیکرد.

ک-ش