ژنێکى ئینتەرناسیۆنالیست لە چیاکانى رۆژهەڵاتی کوردستان؛ گەریلا بێریتان

بێریتان ژنێکى عەرەبە و دواى هێرشەکانى سەر شەنگال بەشداری ریزەکانى بزووتنەوەى ئازادیی کورد بوو. دواى ماوەیەک چووە شاخەکانى رۆژهەڵاتی کوردستان و لەوێ بەردەوامی بە تێکۆشانی خۆی دەدات.

بێریتان ساڵی ١٩٩٦ لە سوریا لەدایکبووە و بنەماڵەکەشی بە رەچەڵک خەڵکی بەغدان. باوکی گەریلا بێریتان دواى ئەرکە سەربازییەکەى لە سوریاوە دەگەڕێتەوە بۆ بەغداد. بێریتان رایگەیاند، دایکی لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا کراوەتە هاوسەری باوکی، کە باوکی لەو کاتەدا تەمەنی ١٠٠ ساڵ بووە وتی "عەقڵییەتى پیاوسالاری لە ناو بنەماڵەکەمدا لە بەرزترین ئاستدا بوو. باوکم ٧ جار هاوسەرگیریی کردبوو. کاتێک من لە دایکبووم، باوکم گیانى لە دەستدا. دواتر دایکم لەگەڵ کەسێکى تردا هاوسەرگیریی کردەوە. منیش لەلای براکەم گەورە بووم. دواى ئەوەى براکەم کۆچی دوایی کرد من لەگەڵ پورێکمدا دەمامەوە. لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا کرام بە هاوسەری کوڕە پورەکەم. هاوسەرەکەم کەسێک بوو، کە گوشاری زۆری دەخستەسەرم. هەر چۆنێک بێت منداڵێکم بوو".

گەریلا بێریتان کە بە ژیانێکى زۆر قورس و دژواردا تێپەڕیوە، دەستی بە بیرکردنەوە و گەڕان بە دواى رێگا چارەیەکدا کردووە. بێریتان ئاشنای بزووتنەوەى ئازادیی کورد بوو و بەمجۆرە باسی بەسەرهاتی خۆی و بەشداربوونی بۆ ناو ریزەکانى بزووتنەوەى ئازادی و یەرەکە دەکات "ساڵی ٢٠١٤ و کاتێک هێرشکرایە سەر شەنگال، من بە هەڤاڵەکانم وت، پێویستە بڕۆم بۆ ئەو شوێنە. دوای ئەوەى هەڤالەکانم قبوڵیانکرد، من رۆیشتم بۆ شەنگال. کاتێک گەیشتمە ئەوی هێرشەکە روویدابوو و کاتێک ژنان، گەنجان و منداڵانی شەنگالم لەو بارودۆخە دژوارەدا بینی زۆر ئازارم چەشت. لەو کاتەدا تێگەیشتم، کە گەل پێویستیی بە ئێمە هەیە. ئێمەش بۆ گەلەکەمان شەڕمان کرد. ٣ ساڵ لە شەنگال بووم. دواى ئەوە لە شەنگالەوە هاتم بۆ چیاکان".

'دەبێت ژنان و گەنجانى رۆژهەڵات لە دژی سیستمەکە بوەستنەوە'

گەریلا بێریتان دواى ئەرکەکەى لە شەنگال داوا دەکات بەشداریی خەباتی رۆژهەڵاتی کوردستان بکات. لە ئەنجامدا رووی لە ریزی یەکینەکانى رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) کرد. گەریلا بێریتان بەمجۆرە باسی ئەو قۆناغە دەکات "من لە شەنگال هێز و ورەیەکی زۆر گەورەم وەرگرت و بەو هێزەوە رووم لە چیاکان کرد. بۆ ئەوەش من داوام کرد لە هەموو شوێنێکی کوردستان تێبکۆشم و خۆم بە ژنانی کوردستان بگەیەنم. لەبەر ئەوەش هاتم بۆ گۆڕەپانی رۆژهەڵات. مێژووی رۆژهەڵات پڕە لە ژنانی خاوەن ئیرادە. منیش بۆ ئەوەى ببم بە خاوەنی ئیرادەیەکى گەورە و لە دژی گوشارەکانى رژێمی ئێران بۆ سەر ژنان تێبکۆشم، بەشداری ریزەکانى گەریلای یەرەکە بووم".

گەریلا بێریتان لە کۆتایی قسەکانیدا بانگەوازی بۆ گەنجان هەبوو و وتی "دەبێت ژنان و گەنجان لە رۆژهەڵات و ئێران خاوەنداری لە ئیرادەی خۆیان بکەن. من ژنێکى عەرەبم و لە کوردستان بۆ ئازادی تێدەکۆشم، چونکە دەزانم ئەم تێکۆشانە سەربکەوێت گەلی عەرەب و گەلانی تریش ئازاد دەبن، بۆیە داوا لە ژنان و گەنجانی ئێران دەکەم سەر لە ئاست سیستم بەرز بکەنەوە و تێبکۆشن. ئەگەر ژنان دەست بە بەرەنگاری بکەن، ناتوانن لە ناو سیستم و کۆمەڵگەیەکدا بژین، کە نادادی و زوڵم و چەوساندنەوە و جیاکاریی تیادا بێت".

ژ.ت

****

*****

****

****