"کاتێک کورد لەم ناوچەیە شەڕی دەکرد، ئەمریکا تەنانەت دەوڵەتیش نەبوو"

دەربارەی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی ڕۆژئاوای کوردستان و هەڵوێستی ئەمریکا لەو بارەیەوە لەتیف فاتیح فەرەج وتی"کاتێک کورد لەم ناوچەیە شەڕی دەکرد ئەمریکا تەنانەت دەوڵەتیش نەبوو".

Anf

ش:

لە میانەی چاوپێکەوتنێکماندا لەگەڵ نووسەر و ڕوناکبیر لەتیف فاتیح فەرەج دەربارەی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی ڕۆژئاوا و مەترسیەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان، بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ڕاگەیاند" کورد دەبێت ئەو ڕاستیە بزانێت کە نابێت پشت بە وڵاتانی زلهێز ببەستێت یاخود وڵاتانێک کە جێی متمانە نین، بە تایبەتی ئەمریکا چونکە ئەوەندەی بیر لە دەستکەوت و قازانج دەکەنەوە ئەوەندە بیر لە نەتەوەکان و دیموکراسیەت ناکەنەوە".

سەبارەت بە مەترسیەکان بۆ سەر خاکی ڕۆژئاوای کوردستان لەتیف فاتح پێی وایە، کاریگەری دروست ناکات چونکە کورد بە درێژایی مێژوو شەڕی کردووە و لە کۆتاییدا لە ناوچەکە ماوەتەوە، ڕەنگە تووشی جینۆساید و کۆمەڵکوژی بوبێتەوە بەڵام هیچ کاتێک لەناو نەچووە.

هەروەها وتیشی" ئێمە تەنها داواکاریمان لە دەوڵەتە زلهێزەکان ئەوەیە کە ئەو چەکانەی بە دەوڵەتانی ئەم ناوچەیەی دەفرۆشن لە دژی ئێمە بەکاری نەهێنن، ئێمە پێویستمان بە ئەمریکا و ئەوروپا نیە بێن هاوکاریمان بکەن و شەڕمان بۆ بکەن".

لەتیف فاتیح دەربارەی هەڕەشەکانی تورکیا ڕاشیگەیاند" تورکیا ئەو دەوڵەتە نییە کە خۆی بانگەشەی بۆ دەکات، تورکیا تا چەند ساڵی تر دەتوانێت باکوور بێ دەنگ بکات، تا چەند ساڵی تر دەتوانێت لە ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان دژایەتی کورد بکات ؟. تورکیا لە ئێستادا ٤٥٠ ملیار دۆلار قەرزارە و بە فشارێکی بچوک ئەو دەوڵەتە دەڕوخێت، ئەو چەکانەشی لە دەوڵەتانی زلهێز دەکڕێ تا ئێستا ئامانجی خۆی پێ نەپێکاوە و نەیتوانیوە پرسی کورد لەم ناوچەیە کۆتایی پێ بێنێت".

ف.ق