کوردانی دانیشتووی روسیا: تا سەرکەوتنی هەنگاوەکە تێدەکۆشین

کوردانی دانیشتووی وڵاتی روسیا بۆ دەربڕینی پشتیوانی خۆیان بۆ هەنگاوی 'کاتی ئازادیە' کە لە لایەن کەجەکەوە راگەیێنراوە، چالاکیەکیان ئەنجامدا و جەختیان کردەوە کە تا سەرکەوتنی ئەو هەنگاوە تێکۆشانیان بەردەوام دەبێت.

هەنگاوی 'گۆشەگیری و داگیرکەری و فاشیزم بەسە، کاتی ئازادیە' کە لە لایەن کەجەکەوە راگەیینراوە، لە سەرتاسەری جیهان رۆژ بە رۆژ پشتیوانی زیاتری گەلی کورد بەدەست دێنێت.

کوردانی دانیشتوی ناوچەی یەرشۆڤی شاری ساراتۆڤی روسیا بەو بۆنەوەیە چالاکیەکیان ئەنجامدا و هاوکات بە بڵاوکردنەوەی راگەیێنراوێک پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو هەنگاوە چارەنووسازە دەربڕی.

میرزا عەلی هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کوردان ناوچەی یەرشۆڤ راگەیێنراوەکەی خوێندەوە. لە راگەیێنراوەکەدا گۆشەگیری توندکراوی سەر عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، ئیدانە کرا و ئاماژەش بە گرنگیی هەنگاوە چارەنووسسازەکەی کەجەکە کرا.

لە راگەیێنراوەکەدا باس لەوە کرا کە ئەوان پشتیوانی خۆیان بۆ هەنگاوی 'گۆشەگیری و فاشیزم و داگیرکەری بەسە، کاتی ئازادیە' دەردەبڕن و جەختیش کرایەوە کە تا سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە، تێکۆشانیان بەردەوام دەبێت.

هاوکات بانگەوازیەکیش ئاڕاستەی رای گشتی روسیا و گشت جیهانیش کرا کە لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر گەلی کورد، هەڵستنە سەرپێ و هەڵوێستیان بنوێنن.

ز.ش