کۆدار: جەژنی قوربان جەژنی گەیشتن بە ئازادی و تێکۆشانە لە دژی فاشیزم

کۆمیتەى باوەڕەکانی کۆمەڵگەى دیموکرایتک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەى جەژنی قوربانەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

کۆدار بە بۆنەى جەژنی قوربانەوە رایگەیاند "گەلی کورد لە هەر چواربەشی کوردستان لە کاتێکدا قوربانی بۆ جەژن دەکات، کە رۆژانە لە بەرەنگاریی جەنگی داسەپاو بە تایبەتی لەلایەن فاشیزمی تورکیاوەیە و رژێمی ئێرانیش بە دەستگیرکردن، ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان لە پاڵ برسیکردنی کۆمەڵانی خەڵکدا هەڵسوکەوتی فاشیستیی بە ئامانجی کۆمەڵکوژیی کولتوریی نەتەوەکەمان هەیە".

دەقی راگەیاندراوەکەى کۆدار:

"جەژنی قوربانی ئەمساڵ لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت، کە کۆمەڵگەى کوردستان و ناوچەکە تووشی چەندین قەیران و جەنگی وێرانکەر بوون، بەڵام هێشتا ئومێدەکان بۆ تێکۆشان لە دژی زوڵم و نادادی بە تایبەتی لەلایەن مسوڵمانانی ناوچەکەوە زیندووە.

کوردستان، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان جگە لە تێکۆشان لە دژی نەخۆشیی کۆرۆنا، پەیامێکى گەورەی بۆ جەنگ لە دژی فاشیزمی دەوڵەتە موحافیزکار و سەرمایەدارەکان هەیە. ئەم رژێمانە بە سوود وەرگرتنی ئامڕازانە لە کۆمەڵگەکان و ئایینەکان، تەنها شێوەى ژیانێکى بەردەوام لە ناکۆکیی پڕ لە جەنگ و خوێڕشتنیان خوڵقاندووە و گەلانی جیهانیان کردووەتە کۆیلە. بە تایبەتی لە کاتێکدا چەندین قەیران دامێنێ گەلانی کوردستان و ئێرانیان گرتووەتەوە  و بە هۆی زوڵم و نادادیی رژێمی ئێستای ئێران کە لە هەمەکی بوونی ئایین وەک ئامڕازێکى سیاسیی سەرکەوتکردن سوود وەردەگرێت، هەڵوەشاندنەوەى کۆمەڵگە گەورەترین مەترسی لە رووی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە هەیە. تا ئەو کاتەى ئەو قەیرانە شەڕانگێزییانە هەبن و هۆکاری سەرەکیشیان خودی رژێمە ملهوڕەکانن، جەژن قوربان ئامانجێکى جگە لە گەیشتنی گەلان بە ئازادی و بەختەوەری نابێت. گەلی کورد لە هەر چواربەشی کوردستان لە کاتێکدا قوربانی بۆ جەژن دەکات، کە رۆژانە لە بەرەنگاریی جەنگی داسەپاو بە تایبەتی لەلایەن فاشیزمی تورکیاوەیە و رژێمی ئێرانیش بە دەستگیرکردن، ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان لە پاڵ برسیکردنی کۆمەڵانی خەڵکدا هەڵسوکەوتی فاشیستیی بە ئامانجی کۆمەڵکوژیی کولتوریی نەتەوەکەمان هەیە.

وەک کۆمیتەى باوەڕەکانی کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) هاوکات لەگەڵ پیرۆزبایکردنی جەژنی قوربان لە مسوڵمانانی کوردستان، ناوچەکە و جیهان و هەروەها بنەماڵەى شەهیدانی رێگای ئازادی، ئومێدەوارین جەژنی قوربانی ببێتە هۆى تێکۆشانێکى گەورە لە دژی رژێمە زاڵم و فاشیستییەکان بە تایبەتی لە کوردستان و ئێران و لە سایەی یەکگرتووی گەلان و ئایینەکان، ئازادیی گەلان بە تایبەتی گەلی کورد بەدی بێت".

ژ.ت