کۆمیتەى شەهیدان و تەڤگەری ئازادی سەردانی گۆڕی شەهیدانیان کرد

لە ناو کورددا سەردانی گۆڕی شەهیدان بووەتە نەریتێک و ئێستاش بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە گەل سەردانی گۆڕستانەکان دەکات. ئەندامانی کۆمیتەى بنەماڵەى شەهیدانی پەکەکە لە باشوور و تەڤگەری ئازادی لە سلێمانى سەردانی گۆڕی شەهیدانیان کرد.

ئەندامانی کۆمیتەى بنەماڵەى شەهیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان و تەڤگەری ئازادی لە سلێمانی بە بۆنەى جەژنی قوربانەوە سەردانی گۆڕی شەهیدانیان کرد، کە لە کات و شوێنی جیاجیادا شەهید بوون.

سەرەتا سەردانی گۆڕی شەهید مەروان و شەهید شۆڕش لە گۆڕستانی کەڵەکن کرا. لەوێ لە کەسایەتیی شەهید مەروان و شەهید شۆڕش دا  خولەکێک رێزگرتن بۆ هەموو شەهیدانی بزووتنەوەى ئازادیی کوردستان بەڕێوەچوو.

 بە ناوی کۆمیتەى بنەماڵەى شەهیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان دایە بەیان فەرەج وتەیەکى پێشکەش کرد و رایگەیاند، یادی هەموو شەهیدانی بزووتنەوەى ئازادیی کوردستان و شۆڕش دەکەینەوە. راشیگەیاند "ئێمە قەرزداری شەهیدانین. ئەمڕۆ ئەو نەریت و میراتەی شەهیدانە، کە لە حەفتانین تێکۆشان دەکات. بۆ ئەوەش دەبێت خاوەنداری لە شەهیدان بکەین. هەموو دەستکەوتەکان بە قارەمانی و خوێنی شەهیدان بەدیهاتوون".

دوای ئەوەش دایە عەتییە دایکی شەهید مەروان وتەیەکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، دایکی هەموو شەهیدانە. راشیگەیاند "ئێمە بە تێکۆشان و خوێنی شەهیدان بە سەرکەوتن دەگەین. ئەمڕۆش لە هەموو شوێنێکدا گەریلا بەرەنگاری و بەرخودان دەکات و بە دڵنیاییەوە داگیرکەران تێکدەشکێنن".

دواى پێشکەشکردنی وتەکان دروشمى 'شەهید نامرێ' وترایەوە.

هەروەها ئەندامانی کۆمیتەى بنەماڵەى شەهیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان و تەڤگەری ئازادی سەردانی گۆڕی شەهیدانیان لە گۆڕستانەکانى شێخ محێدین و سەیوان (گۆڕستانی شەهیدان) کرد، کە لە کات و شوێنی جیاجیادا شەهید بوون.

لە دواى سەردانکردنی گۆڕی هەر شەهید بە یەک دەنگ دروشمی "شەهید نامرێ" دەوترایەوە.

ژ.ت