کەجەکە: تاوەکو پارێزەران نەچن بۆ ئیمراڵی دەبێت شەقامەکان چۆڵ نەکرێن

کەجەکە رایگەیاند، دەبێت پارێزەرانى رێبەر ئاپۆ بە خێرایى بچن بۆ ئیمراڵی و راستییەکان بۆ گەلەکەمان و رای گشتى بخەنەڕوو. تاوەکو پارێزەران و بنەماڵە نەچن بۆ ئیمراڵی و نەگەڕێنەوە و لێدوان نەدەن، دەبێت گەلەکەمان، دۆستانمان، ژنان و گەنجان شەقامەکان چۆڵ نەکەن.

هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە لەبارەى ئاگرکەتنەوە لە دارستانەکانى ئیمراڵی راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە. لە راگەیاندراوەکەى کەجەکەدا هاتووە:

"ئاگرکەوتنەوە لە زستاندا لە دارستانەکان گومان لەلای مرۆڤ دروست دەکات

ماوەى ٢١ ساڵە گۆشەگیری لە دژی رێبەر ئاپۆ لە دوورگەى ئیمراڵی بەڕێوەدەچێت، ئێستا بەرپرسانى دەوڵەتى تورک دەڵێن، ئاگر لە دراستانەکانی ئەو دوورگەیە بەربووە. لە دۆخی ئێستادا کە لە تورکیا و هەرێمەکەدا پێشهاتی زۆر قەیراناوی لە گۆڕێدان، قڕکردن لە دژی کوردان قورستر بەڕێوەدەچێت، دەسەڵاتى فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە کەوتووەتە دۆخی هەڵوەشانەوە، دەبێت هەموو کەس بە گومان و جدیەتەوە لە رووداوى کەوتنەوەى ئاگر لە ئیمراڵی نزیک بێتەوە. لە قۆناغێکى گرنگی لەمشێوەیەدا، کە تورکیا و ناوچەیەکە سەروبن دەکات، لە دوورگەیەکى بەو جۆرەدا، کە سیستمی چاودێریی توندی تیادا بەڕێوەدەچێت، لە زستاندا بڵاوبوونەوەی هەواڵی کەوتنەوەى ئاگر مرۆڤ دەخاتە گومانەوە و گومان لە مرۆڤدا دروست دەکات.

دەوڵەتى تورک و سیستمی نێونەتەوەیى بەرپرسی هەموو رووداوێکى دوورگەى ئیمراڵین

لە شوێنێکدا، کە رێبەر ئاپۆی تیادا بە بارمتەگیراوە هەر شتێک رووبدات و هەر جۆرە نزیکایەتییەک مانای سیاسیی هەیە. دەوڵەتى تورک و سیستمی نێونەتەوەی بەرپرسی هەمو ئەو شتانەن، کە لە ئیمراڵی روودەدەن. سیستمی ئیمراڵی سیستمێکە کە هێزە نێونەتەوەییەکان دروستیان کردووە و چاودێریی دەکەن. بە تایبەتی ئەنجوومەنى ئەوروپا کە تورکیا تیایدا ئەندامە و سی پی تی کە سەر بە ئەنجوومەنى ئەوروپایە بەرپرسیاریی گەورەیان دەکەوێتە ئەستۆ.

دەبێت هەمو کەس لە دژی گۆشەگیری راپەڕێت

لێدوان و راگەیاندراوەکانى دەوڵەتى تورک و بەرپرسەکانى، کە سیاسەتى قڕکردن لەسەر کورد بەڕێوەدەبەن هیچ مانا و نرخێکیان نییە. ئەوە ٢١ ساڵە گۆشەگیریی رەها بە سەر رێبەر ئاپۆدا دەسەپێنن. بزووتنەوەکەمان و گەلەکەمان بە لێدوان و راگەیاندراوەکانى ئەو دەسەڵاتە فاشیستەى دوژمنی کوردان بڕوا ناکەن. لەبەر ئەوەش دەبێت بە خێرایى پارێزەرانى رێبەر ئاپۆ بچنە ئیمراڵی و راستییەکان بۆ گەلەکەمان و راى گشتی بخەنەڕوو. تاوەکو پارێزەران و بنەماڵە نەچنە ئیمراڵی و راگەیاندراو بڵاونەکەنەوە، دەبێت گەلەکەمان، دۆستەکانمان، ژنان و گەنجان گۆڕەپانەکان و شەقامەکان چۆڵ نەکەن. دەبێت گەلەکەمان لە چوارپارچەى کوردستان و لە دەرەوەى وڵات هەڵوێستی خۆیان لە بەرزترین ئاستدا نیشان بدەن و گۆڕەپان و شەقامەکان داپۆشن. گەلەکەمان لە هەموو ناوچەکان دەبێت راپەڕنە سەر پێ و سەفەربەر بن، تاوەکو پارێزەران راستییەکەیان بۆ روون دەبێتەوە دەبێت گۆڕەپان و مەیدانەکان چۆڵ نەکەن.

لەو چوارچێوەیەدا ئێمە بانگ لە گەلەکەمان، گەلان، هێزە دیموکراتیکەکان، هەموو لایەنەکانى دژ بە فاشیزم، ژنان و گەنجان دەکەین، کە لە دژی گۆشەگیری راپەڕن و هەڵوێستی خۆیان لە بەرزترین ئاستدا نیشان بدەن؟ جارێکیتر ئەوەمان بۆ دەرکەوت تاوەکو سیستمی گۆشەگیریی لە ئیمراڵی لە رەگەوە دەرنەهێنرێت و کێشەى تەندروستی، ئاسایش و ئازادیى رێبەر ئاپۆ چارەسەر نەبێت، ئازادی، دیموکراسی، ئاشتی و دادپەروەری لە تورکیا بەدی نایەت".

ژ.ت