کەجەکە داوای لە حکومەتی باشوور و پەدەکە کرد: دژ بە داگیرکەریى تورکیا بوەستنەوە

کەجەکە دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتى تورکیا بۆ داگیرکردنى باشووری کوردستان لە راگەیاندراوێکدا، داوای لە حکومەتی هەرێم و هەموو هێزەکانى باشوور و بە تایبەتى پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) کردووە، دژ بەو داگیرکارییانە بەوەستنەوە.

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "تێکۆشانی گەلی کوردستان لە هەر چوار بەشی وڵات بەیەکەوە گرێدراون و خاوەنداری لە یەکتر دەکەن. هۆکارى ئەو تێکۆشانەش بوونی هەموو رێکخستن و هێزەکانە و ئەو تێکۆشانەش بوونى هەموویان بەهێزتر دەکات".

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە ئەوەشى راگەیاندووە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لە نێو هێزە جیهانی و ناوچەییەکاندا شەڕی سەخت بۆ باڵادەستى لە گۆڕێدایە و گەلیش تێکۆشانێکی گەورەی ئازادی دەکەن، بەڵام دەوڵەتی تورک و هاوپەیمانیی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە، بۆ ئەوەى کورد لەو تێکۆشانەدا نەبێتە خاوەنى ماف، ئازادی، پێگە و کیانى خۆی، بە هەموو هێزیانەوە هێرش لە دژی گەلی کورد ئەنجام دەدەن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو "هێرشی پاکتاوکاری و ئەنجامدانى کوشتارەکان لە جزیر، نسێبین، سوور، شرنەخ و دواى ئەوەش عەفرین لە چوارچێوەى ئەو ئامانجەدایە، کە رێگا نەدەن کورد ببێتە خاوەنى هیچ پێگە و ماف و کیانێک. ئێستاش بۆ هەمان ئامانج هاوپەیمانیی ئاکەپە - مەهەپە دەستیان بە هێرشی داگیرکردنی باشووری کوردستان کردووە. هاوپەیمانیی ئاکەپە – مەهەپە بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە 'ئامانجی ئەوان هێرش نییە بۆ سەر کورد، بەڵکو هێرشە بۆ سەر پەکەکە'، بەڵام ئەو بانگەشەیە جگە فریودانێکى قێزەونانەى داگیرکەران هیچ مانایەکی تری نییە. پەکەکە بۆخۆی بزوتنەوەیەکە، کە لە ڕۆڵەکانی گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان پێکدێت. گەلی کوردیش بە  پەکەکە و ڕێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی لە هەر چوار بەشی کوردستان بووەتە خاوەنی ئیرادە. لە بەر ئەوەش لە هەر بەشێکی کوردستاندا هێرش بۆ سەر هەر بزووتنەوەیەک کە نوێنەرایەتیى ئیرادەی ئازادیخوازانەی کورد بکات، هێرشە لە دژی خودی گەلی کورد. ئیدی هیچ کارێکى فریودەرانە و چەواشەکارانەى داگیرکەران ناتوانێت ئەو ڕاستییە بشارێتەوە".

'حکومەتی باشووری کوردستان هەڵوێستی خۆی بە روونی نیشان نادات'

گەلەکەمان، پارتە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان لە باشووری کوردستان ئاگایان لەو ڕاستییە هەیە و بەو بیروباوەڕەوە لەبەرامبەر داگیرکاریی تورکیا دەوەستنەوە و ڕادەپەڕن. زۆربەی پارتە سیاسییەکان بە لێدوان و راگەیاندراوەکانیان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و گەلەکەمان بە چالاکییەکانیان، هەڵوێستی خۆیان دژ بەو هیرشە داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورکیا دەربڕیوە، بەڵام ئەوەی کە دەبوو پێش هەموان هەڵوێستی تووندی خۆی نیشان بدایە، حکومەتی باشووری کوردستانە. بەڵام حکومەت هەڵوێستێکی ڕوون و ئاشکرا نیشان نادات و بە هەندێک لێدوان و راگەیاندراو، کە بە ناوی ئەوانەوە بڵاوکراوەتەوە، کە رەوایی دەدات بەو هێرشە داگیرکارییانە. ئەو لێدوانە، کە بە ناوی حکومەتی هەرێمەوە و لەلایەن سەفین دزەیى ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ەوە بڵاوکراوەتەوە جێگەی نیگەرانی و گومانە.

 سەفین دزەیی دەڵێت 'دەوڵەتی کۆماری تورکیا بەهۆی بوونی پەکەکەوە هێرش دەکاتە سەر باشووری کوردستان، لەبەر ئەوە دەبێت پەکەکە لە باشووری کوردستان بچێتە دەرەوە'. ئەو لێدوانە پێش هەر شتێک هەوڵدانە بۆ ڕەوایەتیدان بە هێرشە داگیرکارییەکان دژ بە باشووری کوردستان، دەیەوێت ئەوەش بە شتێکی باش نیشان دەدات و لەو رێگەیەوە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ کۆماری تورکیادا بشارێتەوە. بۆ ئەو ئامانجەش کەناڵی سی ئێن ئین –تورک (CNN Turk) کە ئاگری شەڕ خۆش دەکات، هێنایانە باشووری کوردستان، بۆ ئەوەی پڕوپاگەندەی شەڕی تایبەت بکات و کەلوپەل و هەندێک شتیان (خۆراکی میدیایان) بۆ خۆیان کۆکردەوە و لە گوندی بەرمیزەش سفرە و خوانیان بۆ داگیرکەران ڕاخست.

 ئەوانەی، کە چەندین ساڵە دەڵێن 'با پەکەکە لە شەنگال بچێتە دەرەوە با پەکەکە لە باشوور بچێتە دەرەوە'، تەنانەت یەک رۆژ و یەکجاریش بە دەمیاندا نایەت بڵێن، کۆماری تورکیا داگیرکەرە. نەیانوت با سوپای تورکیا لە خاکی باشووری کوردستان بچێتە دەرەوە. ئەوەش دۆخێکی مانادارە. ئەو نزیکایەتییانە کە لە کەسایەتیی سەفین دزەیدا بەرجەستەبووەتەوە، هەم رووی عەقڵییەتەوە و هەم لە رووی سیاسییەوە سووکایەتییە بە هەر چوار بەشی کوردستان، سوکایەتییە بە بەها و مێژووی تێکۆشانی کورد. تەنانەت ئەو زیانانەى بەهۆى ئەو هێرشانەوە بە ناوچەکە گەیشتوون، دوژمنی تیادا بە بەرپرسیار نازانن، بەڵکو ئەو گەل و ئەو ڕێکخستنانەی، کە دژ بەو هێرشانە بەرخۆدان دەکەن، بە بەرپرسیار نیشان دەدەن. بەگوێرەی ئەو عەقڵییەتە ئەگەر گەلی باشووری کوردستان بۆ ماف و ئازادییەکانی خۆی بەرخۆدانی نەکردایە، ئەوا نە ئەنفال ڕووی دەدا و نە کۆمەڵکوژی و جینۆسایدى هەڵەبجەش رووی دەدا، کاتى ڕاپەڕینیش گەلی کوردستان خۆڕاگریى نەکردایە و باج و قوربانیى نەدایە، ئەویش بۆ خۆى ئێستا بوونى نەدەبوو.

'گەلی باشووری کوردستان بە چالاکییەکانی هەڵویستی خۆی لە دژی داگیرکاریی نیشان داوە'

پێویستە هەموو کەس ئەوە بزانێت، کە تێکۆشانی گەلی کوردستان لە هەر چوار بەشی کوردستان پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە و  خاوەنداری لە یەکتر دەکەن. ئەم تێکۆشانەش هۆکاری هەبوونی هەموو رێکخستن و حیزبەکانە و ئەم تێکۆشانەش هەبوونی هەموویان بەهێزتر دەکات. ئاشکرایە هاوپەیمانیی ئاکەپە - مەهەپەی فاشیست، دوژمنی هەموو ڕێکخستنەکانی کورد و گەلی کوردە. گەلەکەمان و حیزبە سیاسییەکانی باشووری کوردستان ئەم ڕاستییەیان زۆر بە باشی لە کاتی ئەنجامدانی 'ڕیفراندۆمی' باشووری کوردستاندا بینی. لەبەر ئەوەیە ئێمە بانگ لە حکومەتی باشووری کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان 'پەدەکە' دەکەین کە لەسەر بنەمای ئەم ڕاستییە هەڵوێست دژ بەو زۆرداری و هێرشە داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورکیا نیشان بدەن. گەلەکەمان چاوەڕوانی ئەوەیە کە ئەو هەڵوێستە دژ بە داگیرکاریی، بۆ پشتیوانی لە بەرخۆدان بێت.

بێگومان ژمارەیەکی زۆر لە حزبە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێکخراوەکانی ژنان و گەنجان و ئەوانەی نوێنەرایەتیى ئیرادەی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان دەکەن و گەلەکەشمان بۆ خۆی، دژ بە داگیرکارییە هەڵوێستیان نیشان داوە. ئەم هەڵوێستە بۆ ئێمە زۆر هێژایە و سڵاویان لێ دەکەین. بەڵام ئەم قۆناغەی ئێستا دەریدەخات، کە لە نیشاندانی هەڵوێست، زیاتر پێویستی بە ئەنجامدانی چالاکییەکان هەیە. لەبەرئەوە ئێمە داوا لە هەموو هێزە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەین، کە هەڵوێستی خۆیان تووندتر بکەنەوە و چالاکییەکانیان بەرفراوانتر و گەشتر بکەن. ئێمەش شانبەشانی گەلەکەمان و دۆستەکانی، دژ بە هێرشە داگیرکارییەکان، بەرخۆدانی خۆمان بەهێزتر دەکەین و لەسەر ئەم بنەمایەش سڵاوی خۆمان ئاڕاستەی گەلەکەمان دەکەین.

ک.ش