کەمپینی “بەسە ژن کوژیی” ڕاگەیەندرا

لە شاری سلێمانی، بە بەشداری و نوێنەرایەتی ٤٢ ڕێکخراوی مەدەنی و ١٠٨ چالاکوان، کەمپینێک لەژێر ناونیشانی “بەسە ژن کوژیی” بۆ لێکۆڵینەوە لە کەسی کوشتنی دوو خوشکەکەی چەمچەماڵ ڕاگەیەندرا.

پاشنیوەڕی ئەمڕۆ لە هۆڵی ئازادی شاری سلێمانی، لەلایەن کۆمەڵێک ڕێکخراوی مەدەنی و چالاکوانانەوە کەمپینێک بۆ بەدواداچوونی کەیسی کوشتنی دوو خوشکەکەی چەمچەماڵ ڕاگەیەندرا.

کەمپینەکە لەدوای کۆبوونەوەی ڕێکخراوەکانی بواری ژنان و کۆمەڵی مەدەنی و ژمارەیەک چالاکوان ڕاگەیەندرا، تێیدا ١١کەس بۆ سەرپەرشتی کردنی کارەکانی کەمپیینەکە و سەردانیکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان دیاریکرا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کە سەرپەرشتیارانی کەیسەکە سەردانی داواکاری گشتی، دادگای سلێمانی، لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، خانەی داڵدەدانی سلێمانی، مافی مرۆڤ و شارۆچکەی چەمچەماڵ بکەن، بۆ بەدواداچوونی کەیسی کوشتنی دوو خوشکەکەی چەمچەماڵ.

ڕۆژی ٩ی ئەم مانگە دوو خوشک لە سنووری چەمچەماڵ بە کوژراوی لە گۆڕێکدا دۆزرانەوە، دادوەر بە تۆمەتی کوشتنی ئەو دوو خوشکە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ باوکیان و چەند کەسێکی دیکە دەرکرد.

ف.ق