کەنەکە: برینەکانی شەنگال بە یەکێتییەکی نەتەوەیی ساڕێژ دەبێت

کەنەکە لە بەیاننامەیەکدا بۆ ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان ئاماژەی بەوە کرد، کە هێشتا برینەکانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ ساڕێژنەبوون، دەشڵێن: پێویستە پرسی ژنی ئێزدی بەردەوام لە رۆژەڤدا بێت.

ئەمڕۆ پێنج ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ساڵیادی تاوانی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان، بەم هۆیەوە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

دەقی بەیاننامەکە بەمشێوەیە:

رۆژێکی رەش، تایک و خەمناک. رۆژی ٣ی ئاب ئەو رۆژەیە کە جارێکی دی فەرمانی پاکتاوکردنی خەڵکی ئێزدی درا. فەرمانەکە بە کردەوەش جێبەجێ کرا. شۆڤێنیزمی عەرەبی و توندڕەوی ئیسلامی لە تێڕوانینێکی دژە کورد و کوردستانییەوە گەیشتنە یەکتر و لەژێر بەرگی داعشەوە و لە دەرگای شەنگالەوە هێرشیان کردە سەر کوردستان.

شەنگاڵ واری خەڵکی ئێزدی بە پیلانێک کرایە ئامانجی هێرشی داعش. دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، تورکیاو ئێران، تەنانەت دەسەلاتدارانی بەغدا و رژێمی سوریاش، بەو هێرشەی داعش رازی بوون. لە راستیدا داعش نوێنەرایەتی بیرو هەستی دژە کوردستانیی هەموو ئەو ناوەندە داگیرکارانە ئەکات. بێگومان ئامانجی داعش و هێزە داگیرکارە هاوکارەکانی لەم هێرشەدا تێکدانی هەموو دەستکەوتەکانی کوردستانیان بوو لە باشوورو رۆژاوا. بەو مەبەستەی جارێکیتر دەسەڵاتی هەمەلایەنی خۆیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا بسەپێنن، هەمانکات بیروباوەڕی ئێزدێتی بنەبڕ بکەن. هەر لەبەر ئەوەش فەرمانی کوشتوبڕی ئێزدیەکانیان دا.

لەم پەلامارەدا داعش شەنگاڵی داگیرکردو شارۆچکەو گوندەکانی گەمارۆدا و دەستی بە کوشتاری ئێزدیەکان کرد. پیاوەکانی هەموو کوشتن و ژنەکانیشی بەدیل بردنە دنیا تاریکەکەی خۆیانەوە. بە هەزاران ژنی ئێزدییان بردە بازاڕەکانی کڕین و فرۆشتن و بێسنوور دەستدرێژیان کردە سەریان. ئەوانەی دەرفەرتیشیان هەبوو بە هەر سەختییەک بێت خۆیان گەیاندە ناوچەکانی تری کوردستان. چیای شەنگاڵ وەک هەمیشە بڵندیی خۆی نواند و بوو بە پەناگەی خەڵکی ئێزدی. ئەم پەلامار و کۆمەڵکوژییە بۆ سەر ئیزدیەکان، کوردستان و هەموو دنیای هەژاند. خەڵکی کوردستان لە هەموو لایەکەوە بەپیر ئێزدیەکانە چوون. بە تایبەتیش گەریلاکانی هەپەگە، هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە قارەمانێتی و فیداکارییەکانی مەزنیان نواند و بە پەلە فریای دۆخەکە کەوتن و پێشیان بە بەردەوامیی هێرشەکە گرت. خەڵکی کوردستان لە بواری مەدەنی و سەربازییەوە کەوتنە خۆیان. لە لایەکەوە دژی داعش شەڕیان ئەکرد و لە لایەکی دیشەوە هاوکاری و پێویستییان بۆ ئاوارەو لێقەوماوان دابین ئەکرد. جیهانی مرۆڤدۆستیش لەو بارەیەوە چاالاک بوو. لە رووی سەربازی و هاوکاریی مرۆییەوە پشتگیریی کوردانیان کرد. هێزە نەتەوەییە کوردستانیەکانیان بۆ پاراستنی ئێزدیەکان بەرخۆدانێکی مەزنیان بەڕێوەبرد. لە ئەنجامدا بە هاوکاریی هێزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان داعش تێکشکا، شەنگاڵ و زۆر دەڤەری تر رزگار کران.

ئەگەرچی ئێستا شەنگاڵ لە داعش پاک کراوەتەوەو ژمارەیەکی زۆر ئێزدی گەڕاونەوە سەر خاکی باب و باپیارانیان، بەڵام هێشتا برینەکانی تاوانی 3ی ئابی 2014 ساڕێژ نەبوون. و لە رۆحی ئەواندا بەردەوامن. ژمارەیەکی زۆر ژنی ئێزدی کە بە دیل گیرابوون، تا ئێستاش بێ سەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە. لەبەر ئەو کارەساتە خەمناکەش، ژنی ئێزدی بوون بە سیمبوڵی خەبات و تێکۆشان دژی ئەقڵیەتی دواکەوتوو و توندڕەوی ئیسلامی. هەر بۆیە پێویستە پرسی ژنی ئێزدی بەردەوام بە هەموو گرانایی خۆیەوە لە رۆژەڤدا بێت. هەروەها ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵکی ئێزیدی ژیانێکی سەخت لە ئاوەرەییدا بەسەرئەبەن. پێویستە بۆ چاککردنی بارودۆخی ئەوان خەباتێکی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی فراوان بەردەوام بێت.

بەداخەوە ئەو هێزەی کە ئەو کاتە لە شەنگاڵ بەرپرسیار بوون و پێویست بوو ئێزدیەکان بپارێزن، ئەو هێزانە شەنگاڵ و ناوچەکەیان نەپارست و بەجێیانهێشت. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ئەو کارەساتە مەزنە بەسەر گەلی ئێمەدا بێت. ئەمەش ئەو راستییە ئەسەلمێنی کە پێویستە ئێزدی و شەنگاڵیەکان خۆیان بپارێزن و خۆیان بەڕێوە ببەن. بۆ ئەم مەبەستەش ئەبێ شەنگاڵ لە ناو کوردستاندا قەوارەیەکی تایبەت و بەڕێوەبەرێتییەکی خۆجێی هەبێت.

لە ساڵوەگەڕی کارەساتی دڵتەزێنی ٣ی ئابدا دڵی کوردستان شکاوو بریندارە. ئەو برین و ژان و سوێیەش بە یەکێتییەکی مەزنی نەتەوەیی و نیشتیمانی کوردستانیان ساڕێژ ئەبێت.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان هیواخوازە کە ئەم برینی جینۆسادەی ئێزدیەکان، ببێتە هۆکاری رێککەوتنی ناوخۆیی کوردان و هەموو پێکهاتەکانی کوردستانیش شان بەشانی یەکتر کوردستان لەژێر ستەمی داگیرکاریی رزگار و ئازاد بکەن.