کەنەکە بۆ یەکڕیزی نێوان گەلی کورد پەرە بە هەوڵەکانی دەدات

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە کۆبووەوە، پاشان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنجامنامەی کۆبوونەوەکەیان بڵاوکردەوە،

بەپێی ئەنجامنامەی نۆزدەمین جڤاتی گشتیی کەنەکە، کە مانگی ڕابردوو بەڕێووەچوو، کۆبوونەوەی کۆنسە بە تایبەتی لەسەر دۆخی ڕۆژاوای کوردستان هەڵوەستەی کردووەو پلان بۆ کارو چالاکی لە بوارە جیاوازەکاندا داڕێژاوە، کە ناوەڕۆکەکەی لەم بەیاننامەیەدا خراوەتەوە ڕوو.

لە ناوەڕۆکی بەیانناکەدا هاتووە:

سەرەڕای ڕێککەوتنەکانی تورکیا - ئەمەریکا و تورکیا – ڕوسیا، کە بە بێ ویست و بەشدارییی گەلانی ناوچەکە، بە تایبەتیش گەلی کورد ئیمزا کران، دەوڵەتی تورکیا هێرش و داگیرکارییەکانی لە ڕۆژاوای کوردستان درێژە پێئەدات. ئەو هێرش و داگیرکارییانەش بوون بە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان هاووڵاتی سڤیل و ئاوارەبوونی دەیان هەزاران کەس.

دەوڵەتی تورکیا ئەیەوێ بە ناوی هەرێمێکی ئارامەوە نەخشەی دیمۆگرافیای ناوچەکە بگۆڕیت. پێکهاتەکانی هەرێمەکە دەربکات و هاوکارانی خۆی لە شوێنەکانیان نیشتەجێ بکات. ئەم ستراتیژو سیاسەتە ناڕەواو نایاساییەش لە ئەنجامدا ئەبێتە هۆی زیاتر ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوچەکە، قووڵکردنەوەی ناکۆکییە ئیتنیکی و مەزهەبییەکان و شێواندنی پەیوەندییە کۆمەلایەتییەکان لە هەرێمەکەدا.

لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، لە سەرانسەری کوردستان و دنیادا، کوردستانیان و دۆستانی کوردستان لە کارو چالاکیدان. ئێمە هەڵوێستی گەلی کوردستان و دۆستەکانی لە دژی ئەم هێرش و داگیرکاریانە لەسەر ڕۆژاوای کوردستان، بەرز و بەڕیز ئەنرخێنین. پێویستە کوردستانیان لە هەموو شوێنێک بە شێوازێکی دیموکراتی و لە چوارچێوەی یاساو ڕێساکانی ئەو شوێنانە، بەردەوامیی بەو کارو چالاکیانە بدەن و فرانتریان بکەن. کەنەکە پشتگیریی هەڵمەتی بایکۆتکردنی کاڵا و توریزمی تورکی کە لە کوردستانەوە دەستی پێکردووە، دەکات و بە کارێکی زۆر ئەرێنی ئەزانێت. پێویستە ئەو هەڵمەتە لە هەموو کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش بەرفراوان بکرێت.

ئامانجی دەوڵەتی تورکیا بە تەنیا داگیرکردن و نەهێشتنی دەستکەوتەکانی ڕۆژاوای کوردستان نییە، بەڵکو هەمانکات تێکدان و لە ناوبردنی هەرێمی باشووری کوردستان و دەستکەوتەکانیەتی. دەسەڵاتدارانی تورکیا بە شێوازی جیاواز و بە بیانووی جۆراوجۆر ئەم ئامانجەیان لە وتووێژەکانیاندا دێننە زمان.

لە باکوری کوردستان ساڵانێکی زۆرە دۆخێکی ئاوارتە هەیە. گرتن وکوشتن بەردەوامن. ئەو سەرۆکشارەوانیانەی بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردراون، بە زۆر و لەبەرچاوی ڕای گشتی و فەرمیی جیهان، بە بێ هیچ هۆکارێکی یاسایی دوورئەخرێنەو دەرئەکرێن و ڕووبەڕووی گرتن و زیندانیکردن ئەبنەوە. قەیومەکان لە جێگایان دائەنێرێن.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سالانێکی زۆرە دەولەتی ئێران درێژە بە گرتن و کوشتنی کوردان ئەدات. دۆخی خراپی ئابووری ڕاستەوخۆ کاری کردۆتە سەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان. بۆ دابینکردنی بژێویی خۆیان، هەزاران کەس کاری کولەمەرگیی کۆڵبەرییان هەڵبژاردووە. دەوڵەت ئەوەشیان پێ ڕەوا نابینێت و ڕۆژانە پەلاماریان ئەدات و ئەیانکوژێت. لە لایەکی ترەوە شاڵاوی گرتن و لە سێدارەدانی خەڵکی کوردستان بە بیانووی جیاواز و بێ بنەما درێژی هەیە. هەروەها دەوڵەتی ئێرانیش لە چوارچێوەی پیلانە هەرێمییەکاندا، بە هەموو توانای خۆی دژی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستانە لە هەموو پارجەکانی کوردستاندا.

ماوەیەکە لە عێراق خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دژی شێوازی بەڕیوەبردن و گەندەڵی و بێکاریی و نەبوونی خزمەتگوزاریی دەستیپێکردووە. بەداخەوە لەو چالاکیانەدا بە دەیان کەس گیانیان لەدەستداوە. بە هۆی دەستتێخستنی هەرێمی و ڕەوتە شۆڤێنییەکانەوە، هەوڵئەدرێت ئاراستەی داخوازییە جەماوەرییەکان بگۆڕدرێت بۆ داخوازیی جیاواز. لە ناویاندا هەوڵدان بۆ گۆڕینی دەستوری عێراق و نەهێشتنی سیستەمی پەرلەمانی و دامەزراندنی سیستەمی سەرۆکایەتی. هەمانکات هەوڵدان بۆ نەهێشتنی سیستەمی فیدراڵی و لەو چوارچێوەیەشدا زەوتکردنی مافەکانی خەلکی کوردستان. پێویستە دەسەڵات و سیاسەتمەدار و گەلی باشووری کوردستان، دەنگیان یەکبخەن و یەکڕیز لە دژی هەر هەوڵێک بن کە کار بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان بکات.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بۆ ڕێگریی لە هەموو ئەو هێرش و هەوڵانەی دەوڵەتانی داگیرکەر بۆ سەر دەستکەوتەکانی کوردستان تێئەکۆشێت. بەتایبەتی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا وەک هێرش بۆسەر یاساو ڕێسا نێودەولەتییەکان و بنەماکانی جاڕدانی مافی مرۆڤ ئەناسێنێت. داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش ئەکات هەڵوێست بگرن بڕیاری پێویست لە دژی ئەو پێشێلکاری و هێرش و داگیرکارییەی تورکیا لە کوردستان بدەن. هەروەها کەنەکەداوا ئەکات هەر بڕیارێک لەسەر جارەنووسی ئەو هەرێمەو خەڵکەکەی، بە بێ ویست و ئیرادەی خەڵکی ئەو ناوچەیە، بە ناڕەواو نایاسایی ئەژمار بکرێت و پەسەند نەکرێت.

دوای وتووێژ و بەپێی بڕگەکانی ڕۆژەڤی کۆبوونەوەی کۆنسە، کارەکانی مین جڤاتی گشتیی کەنەکەهەڵسەنگێندران. سەرەڕای هەموو کەموکوڕیەکان، جڤاتی گشتیی بە جڤاتێکی سەرکەوتوو لە قەڵەم درا. بۆئەوەی جڤاتی داهاتوو باشتر ڕێکبخرێت و کەموکوڕیەکان نەمێنن، پێشنیاز و بڕیاری پێویست دران.

لە بڕگەیەکی تری ڕۆژەڤداو لەسەر بنەمای پەیڕەوی ناوخۆی ك ن ك، کارو ئەرکەکانی ئەندامانی کۆنسەی بەڕێوەبەر دابەشکران. جێگرانی هاوسەرۆکان، سەرۆکی کۆمسیۆن کۆمیتەکان هەڵبژێردران. بڕیار درا لە ماوەی 3 هەفتەدا هەموو کۆمسیۆن و کۆمیتەکان ئەندامانی خۆیان دەستنیشان بکەن و دەست بەکارەکانیان بکەن.

کۆنسەی بەڕێوەبەر بۆ وەرزی داهاتوو پلانی کارو چالاکییەکانی خۆی داڕشت. سەرنج و پێشنیاز و ڕاسپاردەکانی چڤاتی گشتیی ١٩  لەبەرچاو گیران. بڕیاردرا کارەکان بەو ئاراستەیە بەردەوام بن.

دواتر کۆبوونەوە لەسەر دیالۆگی ناوخۆیی، پەیوەندی نێوان پارت و ڕێکخراو و هێزە کوردستانییەکان هەڵوەستەی کرد. لەم قۆناغەدا بەرخۆدان و پاراستنی دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستانی بە دەرفەتێکی گرنگی بوون و ئەرکێکی هەرەپێویست دەستنیشان کرد. بۆ ئەمەبەستە و بە ئامانجی پێکهێنانی یەکڕیزیی نێو ماڵی کوردان، بڕیار درا لە نزیکترین دەرفەتتدا شاندی کەنەکەسەردانی باشوور و ڕۆژاوای کوردستان و چەندین شوێنی تر بکات.

بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی و گەیاندنی پەیامی گەلی کوردستان، بڕیار درا شاندی کەنەکەسەردانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕوسیا و دەولەتانی ئەوروپی عەرەبی بکات.

ف.ق