کەنەکە جەژنی ڕەمەزان-ی پیرۆزکرد

کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان 'کەنەکە' جەژنی ڕەمەزان-ی لە گەلی کورد و هەموو موسۆڵمانانی جیهان پیرۆز کرد.

ئەنجومەنی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان 'کەنەکە' بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە پەیامێکی بلاوکردەوە.

لە پەیامەکەدا هاتووە "سبەی جەژنە، جەژنی ڕەمەزان، مەخابن ئێمە دیسان جەژن لەناو دۆخێکی ئاڵۆزدا پیرۆز دەکەین. لە باکوور، ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان هێرشی سڕینەوە لەسەر گەلەکەمان بەردەوامە. دەوڵەتی تورکیا پاش داگیرکردنی عەفرین، ئێستا بە مەبەستی داگیرکاریی، بەرەو باشووری کوردستان ملی ناوە. دۆخی ئاڵۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە. لە بەرامبەر هێرشە داگیرکەریەکان، بەرخۆدانێکی بێ هاوتا هەیە و شەڕی ئازادی و بەرخۆدانی گەلەکەمان، بەهەموو شێوەیەک بەردەوامن".

کەنەکە دەستنیشانیشی کرد کە لە پیرۆزکردنی جەژنی ڕەمەزاندا، سەرسوڕمان ئەوەیە کە ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر گەلی کورد، نەک تەنها خۆیان بە موسوڵمان نیشان دەدەن، بەڵکو خۆیان وەک سەرۆک-بەڕێوەبەری موسوڵمانان نیشان دەدەن. ڕۆژی جەژنیش دیسانەوە دێنەوە بەردەم چاوی کامێراکان و لە تەلەفزیۆنەوە بە درۆکانیان دەڵێن 'موسوڵمانی باش و خێرخواز و ئێمەین'،  بەو شێوەیەش ئەو ستەمکاریەی کە لەدژی ئێمە بەڕێوەی دەبەن، دەشارنەوە".

لەبەشێکی تری لێدوانە نوسراوەکەی کەنەکەدا هاتووە "بێگومان لە هەر چوار بەشی کوردستان و هەموو شوێنەکانی تر، گەلەکەمان ئیدی وەک جاران نیە، بەڵکو بووەتە خاوەنی هۆشمەندی گەورە و لەناو تێکۆشانی نەتەوەی دیموکراتی سەردەمدایە. ئیدی گەلەکەمان خازۆقی بەر دەرگای ستەمکاران نیە و چیتر بندەستی قەبوڵ ناکات. ئیستاکە گەلەکەمان هیوای بە خۆی هەیە و خۆی خۆی بەڕێوەدەبات و تێدەکۆشێت".

لە کۆتایی پەیامی کەنەکەدا هاتووە "ئێمە بە هیواین و لەو باوەڕەداین کە گەلەکەمان لە داهاتوویەکی نزیکدا بە ئارامی و ئاشتی و ئازادی جەژنی خۆیان پیرۆز دەکەن و ئاهەنگ دەگێڕن. بەم بۆنەیەوە ئێمە جەژنی ڕەمەزان، بە تایبەتی لە زیندانیان و شەڕڤانانی ئازادی و بەگشتیی لە گەلی کوردستان و جیهانی ئیسلامیی پیرۆز دەکەین".

ک-ش