کەنەکە سەردانی هەریەک لە گۆران و تەڤگەری کرد

لە چوارچێوەی گەڕەکەی بۆلای لایەنە سیاسیەکانی باشوری کوردستان ئەمڕۆ شاندی کەنەکە سەردانی هەریەک لە بزوتنەوەی گۆڕان و تەڤگەری ئازادیان کرد.

شاندەکەی کەنەکە بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد قەرەموس، پێکھاتبوون لە شاڵا حەفید، جێگری ھاوسەرۆکانی کەنەکە، ئەکرەم کەمال، ڕامان مەجید، مژدە عەباس و فەرھاد دۆسکی، ئەندامانی کۆنسەی بەڕێوبەریی کەنەکە، کاتژمێر ١٠-ی سەرلەبەیانی ئەمرۆ لە گردی گۆڕان لە شاری سلێمانی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد، لە لایەن هەریەکە لە عومەری سەید عەلی ڕێکخەری گشتی بزوتنەی گۆڕان و وەفدێکی باڵای یاوەری پێشوازی شاندەکەیان کرد لەگەڵ وەفدی کەنەکە کۆبوونەوە.

لە دوای کۆبوونەوەکە هەریەک لە ئەحمد قەرەمووس هاوسەرۆکی کەنەکە و برزۆ مەجید ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن بۆ ڕاگەیاندنەکان قسەیان کرد، ئەحمد قەرەموس ڕایگەیاند: مەترسی لەسەر دەسکەوتەکانی گەلی کورد هەیە، ئێمەی کوردیش دەبێت هەڵوێستێکی نەتەوەی هاوبەشەمان هەبێت لەبەرامبەر ئەو هێرشانە.

دەربارەی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ گۆڕان هاوسەرۆکی کەنەکە سوپاسی پێشوازی گۆڕانی کرد و ڕایگەیاند: کۆبوونەوەکەیان ئەرێنی بوو تێڕوانینی هاوبەشیان هەبووە بۆ دروستکردنی یەکێتی نەتەوەی و یەکخستنی نێوماڵی کورد.

هەروەها برزۆ مەجید ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندی بزوتنەوەی گۆڕانێش لای خۆیەوە ڕایگەیاند:" لە کۆ بوونەوەکەیان باسیان لە بارودۆخی پارچەکانی کوردستان و ئەو ڕووداوانەی هاتونتە پێش کردووە، جەختیان لە وە کردووەتەوە دەبێت پارچە جیاوازەکانی کوردستان ئاگایان لە یەکتر هەبێت".

 

دوای سەردانەکەی بزوتنەی گۆڕان شاندەکەی کەنەکە سەردانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستانیان کرد، شاندەکەی کەنەکە لە لایان هەریەک  لە مەحمەد عەبدوڵا هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی و شاندێکی باڵای یاوەری پێشوازیان لێکرا.

لە دوای کۆبوونەوەکەیان هەریەک لە شاڵا حەفید ئەندامی شاندی کەنەکە و بێرڤان مەحمەد ئەندامی ئەنجوومەنی بەرێوبەری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان بۆ ڕاگەیاندنەکان قسەیان کرد.

شاڵا حەفید ڕایگەیاند: لە ڕیزکانی گەل یەکێتی نەتەوەی دروست بووە بەتایبەتی کاتی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر هێرشی کردە سەر شاری سەری کانی بینیمان گەنجانی هەموو پارچەکانی کوردستان ڕوویان کردە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئەوەی گەلی هەرێمەکە بپارێزن، ئەوەش نموونەیەکی بەرچاوی لە یەکڕیزی نەتەوەی لە نێوان گەل، بەڵام ئەوەی پێویستە دەبێت لاینە سیاسیەکان لە ئیستادا ببنە یەک ڕیز و یەکێتی لە نێوان کوردان دروست بکەن.

هەروەها بێریڤان مەحمەد ئەندامی ئەنجوومەنی بەرێوبەرایەتی تەڤگەری ئازادی پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکانی کەنەکە ڕاگەیاند وتی: ئێمە وەک تەڤگەری ئازادی هەموو کاتێک بۆ هەر هەنگاوێکی کە بکەوێتە خزمەتی یەکڕیزی و یەکێتی گەلی کورد ئامادەین.

ڕ..ح