کەنەکە:شۆڕشی رۆژئاوا لە٧هەمین ساڵوەگەڕیدا بە سەرکەوتوویی بەردەوامە

کەنەکە بەبۆنەی سالیادی شۆرشی ڕۆژئاوای کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردوە. کەنەکە دەستنیشانیکرد،کە، شۆڕشی رۆژئاوا لەبەر شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ گەلان و باوەڕە جیاوازەکان وخەسڵەتی دیموکراتیانەی خۆی و رێکخستنی کۆمەڵگە، لە هەرێمەکدا بووە بە نموونە.

لە بەیاننامەکەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستاندا هاتووە:

"لە ١٩/٧/٢٠١٢ دا کۆبانێ یەکەم هەنگاوی شۆڕشی هەڵینا و ئازاد کرا. دواتر بە ئازادکردنی دێریک و عەفرین رەوتەکە فراوانتر بوو، ئیدی هەنگاو بە هەنگاو سەرانسەری رۆژاوای کوردستانی گرتەوە. ئەم بەرەوپێشچوونی شۆڕشە هەر بەردەوامە. سەرەتا سێ کانتۆن ( جزیرە، کۆبانێ، عەفرین) دامەزران. لەسەر ئەو بنەمایەش سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی دامەزرا. دواتر بە ئازادکردنی گرێ سپی و بەستنەوەی هەردوو کانتۆنی جزیرەو کۆبانێ پێکەوە، شۆڕش پێی نایە قۆناغێکی ترەوە. دواتر ناوچە داگیرکراوەکانی وەک حەسەکە، هۆل، شەدادی، مینبج، تەبقە، رەققەو باکورو رۆژهەڵاتی دێرەزور یەک لەدوای یەک ئازاد کران.

سەرکەوتنێکی دی مەزنی رۆژئاوا لە بەهاری ئەمساڵدا بە ئەنجام گەیشت. لە کۆتاییەکانی مانگی ئازاردا شەروانانی ئازادی گوندی باخۆزییان لە رۆژهەڵاتی دێرەزور ئازادکرد کە دوا خاڵی ژێر دەسەلاتی داعش بوو. بەمجۆرەش دەسەڵاتی سەربازی داعش لەو هەرێمەدا کۆتایی هات. ئەمە سەرکەوتنێکی مێژوویی شەرڤانانی کوردستان بوو. سەرکەوتنێک کە گەل و هێزی ئێمەی زیاتر بە دنیا ناساند، رێگای ئازادی و ئاشتی و چارەسەریی خۆشتر کرد. بەو بۆنەیەوە ئێمە جارێکی دی پێرۆزبایی لە یەپەگەو یەپەژەو قەسەدە ئەکەین و هیوای سەرکەوتنی زیاتریان بۆ ئەخوازین. بۆ ئەم سەرکەوتنەش قوربانی زۆر درا. بە خوێنی سەدان شەهیدو بریندار بەدەستهات. ئێمە هەموومان قەرزاری ئەوانین. بەو بۆنەیەوە ئێمە جارێکی تر لە کەسێتی شەهیدانی رۆژئاوادا هەموو شەهیدانی کوردستان بە رێزوشکۆوە بەبیر دێنینەوەو لەبەرامبەر رۆحی ئەوان سەری رێز دائەنەوێنین.

بەڵام لەگەڵ ئەم دەسکەوتانەشدا، تا ئێستاش هێرش بۆ سەر رۆژاوا، هێرش بۆ تێکدانی سیستەمی خۆبەرێوەبەری بەردەوامە. دەوڵەتی تورکیا  بە ئەرێکردنی روسیا و چاوپۆشی هێزە نێودەولەتییەکانی دی، لە سەرەتای ساڵی 2018دا هێرشی کردە سەر عەفرین و داگیری کرد. لە هەرێمی عەفرین گەل و شەرڤانانی ئازادی بەرخۆدانێکی بێ هاوتایان کرد و تا ئێستاش بەردەردەوامە. دەوڵەتی تورکیاو هاوکارانی هەر لەسەر هەڕەشە و هێرش بەردەوامن. نەیارانی گەلی ئێمەو هاوکارانیان بە هەموو توانایانەوە لە کاردان و لە هێرش و پەلاماردانە دڕندانەکانیان بەردەوامن.. لە بەرامبەر ئەم هێرشانەشدا، شەڕی ئازادی، شەری دژی داگیرکاریی، بە قارەمانی و دڵسۆزی بەردەوامە.

شۆڕشی رۆژئاوا، بە فیداکاریی، بە قارەمانی و بە خوێنی پاکڕەوانان سەرکەوتن و دەسکەوتی بەدیهێناو پێشکەوت. بۆ ئەوەی شۆڕش بەرەوپێش بچێت، بۆ ئەوەی گەل و وڵات ئازاد ببێت، قوربانی زۆر درا. بەرخۆدان بە هیممەتی کچان و کوڕانی کوردستان، لەسەرانسەری دنیادا دەنگی دایەوە. بەتایبەتیش بەرخۆدان و پاراستنی کۆبانێ، بوو بە سیمبوڵ و داستانێکی نێونەتەوەیی.

شۆڕشی رۆژئاوا نەک هەر بەهۆی خۆپاراستن و قارەمانێتی، بەڵکو لەبەرئەوەش کە خۆی خۆی بەڕیوە ئەبات، لەبەر شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ گەلان و باوەڕە جیاوازەکان، لەبەر خەسڵەتی دیموکراتیانەی خۆی و رێکخستنی کۆمەڵگە، لە هەرێمەکدا بووە بە نموونە. بەتایبەیتش کە سیستەمێکی ئەڵتەرناتیڤی لە بەرامبەر سیستەمی کۆنی دەسەلاتداریی لە ناوچەکەدا خستۆتە بواری پراکتیکەوە. لەو سیستەمەدا رۆڵی ژنی ئازاد بووە بە نمونەیەکی جیهانی و سەنجی دنیای بۆ لای خۆی راکێشاوە. رۆڵی ژنی کورد لە شۆڕشی رۆژئاوادا کەوتۆتە رۆژەڤی دنیاوەو بە سەرسامییەوە لە سەر ئاستی جیهان کاری لەسەر ئەکرێت.

شۆڕشی رۆژئاوا بە دامەزراندنی سیستەمێکی ئەڵتەرناتیڤ و کۆمەڵگەیەکی دیموکرات، لە شەشەمین ساڵیادی خۆیدا ئەژی و بە سەرکەوتوویی بەردەوامە.

بەو بۆنەیەوە، ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، پیرۆزبایی حەوتەمین ساڵیادی شۆڕشی رۆژئاوا، سەرەتا لە شەڕڤانانی ئازادی و تەواوی گەلی کوردستان ئەکەین. لە کەسێتی شەهیدانی رۆژاوادا هەموو شەهیدانی کوردستان بە بیر دێنینەوە و سەری رێز لە بەردەم گیانی پاکیان دائەنەوێنین."

ک-ش