کەنەکە کۆنفڕانسی ڕاوێژی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێک دەخات

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە-KNK) لە ڕۆژانی ۱٤-۱٥ی مانگی ۰۹ی ۲۰۱۹ لە سوید کۆنفڕانسی ڕاوێژی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەناونیشانی ” دۆخی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەڵوێست و چارەسەریی“ ڕێک دەخات.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە-KNK)، کۆنفڕانسی ڕاوێژی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساز دەکات. 
لەو بارەوە سەرچاوەیەک لە کۆنسەی بەڕێوەبەری (کەنەکە-KNK) لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ئاژانسەکەمان ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF)ی ڕاگەیاند: " کۆنفڕانسەکە لە ڕۆژانی ۱٤-۱٥ی مانگی ۰۹ی ۲۰۱۹، بەناونیشانی ” دۆخی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەڵوێست و چارەسەریی“ لە شاری ستۆکهۆڵم-ی پایتەختی شانشینی سوید بەڕێوەدەچێت وئامادەکاری باشی بۆ کراوە و لایەنگەێکی زۆری سیاسیی و مەدەنی و ژمارەیەک کەسایەتی لە پێکهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بانگهێشت کراون و ئامادەیان بۆبەشداری کردن تێیدا نیشانداوە". 

تەواوی دەقی لێدوانەکە:

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان/ ک ن ک بە مەبەستی گفتوگۆ لە سەر دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە گشتیی لە پێناوی نزیککردنەوەی هێز و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەهێزکردنی یەکیەتیی نەتەوەیی، ئەم کۆنفەرانسە ڕاوێژکارییەی ڕێک خستووە. کۆبوونەوەکە لە دوو ڕۆژی ۱٤-۱٥ی مانگی ۰۹ی لە ستۆکهۆڵم لە سوێد بەڕێوە دەچێت. نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوەی سیاسیی و کۆمەڵگایی و هەروەها ژمارەیەک لە کەسایەتیی و ڕووناکبیری سەربەخۆی بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەم کۆبوونەوەیە داوەت دەکرێن.

ناوچەکە بە ئێزانوڕۆژهەڵاتیشەوە لە قەیران و نائارامیەکی قوڵ دایە

ئەمڕؤ بە گشتیی قەیران و نائارامییەک لە جیهاندا دروست بووە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە کوردستانیش لەوێ دایە لە قەیرانێکی قووڵ دایە. لەلایەکەوە بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی بەرەو پێشەوە دەڕووات و دەستکەوتەکانی گەلی کوردیش لەگەڵیدا زیاتر دەبن، لەلایەکی دیکەشەوە هێرشکاریەکانی دەوڵەتانی داگیرکار لە سەر کوردستان گەورەتر و بەرفراوانتر دەبن. یەکێک لەوانە دەوڵەتی ئێرانە. کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژبەڕۆژ ڤیترینی بەڕێوەبەرایەتیی خۆی دەگۆڕێت بەڵام سیاسەتی خۆی بۆ دژایەتیکردنی ئازادیی و ماف سست ناهێڵێتەوە و درێژەی پێ دەدات. سەرۆککۆماری ئەوڕۆی ئێران، حەسەن ڕۆحانی، بە بەڵێنی "دیالۆگ و چارەسەریی"  هاتە سەر کار، بەڵام ڕۆشنە کە لە پراکتیکدا بەردەوامیی بە هەمان سیاسەتیی کۆن دەدات.

ئێران هەژەمۆن و دەستی لە ناو قەیرانەکانی ناوچەکەدا هەیە

ئەمڕۆ ئێران شەڕێکی گەورەی دەسەڵاتداریی لە خاوەرمیانەدا بەڕێوە دەبات و لە هیچ بوارێکدا ناسرەوێت. ئێران لە هەڵپەی ئەوەدایە کە لە پارچەپارچەکردنی ناوچەکەدا پاروویەکی گەورەی بەر بکەوێت. ئێران هێزێکی هەژەمۆنە و دەستی لە ناو تەواوی قەیرانەکانی ناوچەکەدا هەیە. لەلایەکی دیکەوە لەبەرئەوەی ئێران لە ئاستێکی زۆر بەرفراوانی ناوچەکەدا شەڕ بەڕێوە دەبات ئەوا دۆخی ناوخۆی چ لە ڕووی ئابووریی و چ لە ڕووی جڤاکیەوە تەواو خراپ بووە. تا دێت ڕژێم زێدەتر فشار بۆ سەر ناڕازیبووان دەهێنێت. ئێران درێژە بە زۆرداریی و چەوساندنەوەیەکی گەورە و گران دژ بە خەڵکی کوردستان دەدات تا بتوانێت بە بێ مافیی و بە ژێردەستەیی بهێڵێتەوە.

بەهێندەی ناوخۆ لە ئاستی دەرکیشدا ئێران تەنگاویی بووە

لە ئاستی دەرەوەیشدا ئێران هێندەی ناوخۆی دووچاری کێشە و تەنگاویی بووە. قەیران و ئاڵۆزیەکانی گەرووی هورمز و کەنداو ڕۆژبەڕۆژ قووڵتر دەبنەوە. تا دێت گۆشەگیریی و ئابڵووقەی نێونەتەوەیی لە سەر ئێران زێدەتر دەبێت. لەو ڕووەوە لە ئێستادا دەرفەتێک بۆ کوردان رەخساوە کە بتوانن تێکۆشانی خۆیان دژی ڕژیمی ئێران بڵند بکەن و ئەنجامی گرینگ وەدەست بخەن.

بەرەی کوردی پەرش و بڵاوە و کەنەکە هەواڵی یەکخستنی دەدات

لەگەڵ ئەم دۆخەی ڕژێمدا بە داخەوە لە بەرەی کوردیشدا پەرش و بڵاویی هەیە. لە بریتیی ئەوەی یەکیەتیەکی نەتەوەیی توندمان هەبێت، بە داخەوە دەینامیک گەلی نەتەوەییمان لەیەک دوورن. لەم دۆخە بە قەیرانەی ناوچەکەدا ئەم پەرش و بڵاوییە مەترسیەکی گەورەیە. لەم کاتی قەیران پۆشییەدا پێویستیەکی گەورە بە ڕاوێژی نەتەوەیی هەیە. ئەگەر ئێمە وەکوو نەتەوەیەک بتوانین یەکیەتیەکی نەتەوەیی پێک بهێنین ئەوا دەشتوانین کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ببین بە ئەکتەرێکی سەرەکیی.
لەبەر ئەوە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان/ ک ن ک بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێت کە بۆ پرسی یەکیەتیی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەم ڕاوێژە نەتەوەییە پێک بهێنێت و چارەیەک بۆ یەکیەتیی نەتەوەیی بدۆزێتەوە.

لە سۆنگەی یەکێتی نەتەوەییەوە بانگهێشتی هەمووان دەکەین

ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان/ ک ن پارت و لایەن و کەسایەتیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوەتی ئەم ڕاوێژەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین و هیوادارین بەشدار بن و ڕاوبۆچوون و تێبینیی خۆیان لەگەڵ بەشداربوواندا بخەنە ڕوو.
لەو باوەڕەش داین کە ئەم پلاتفۆرمە ببێت بە زەمینەی دیالۆگی پشتگیریی گەلی کورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەزانین کە دەستکەوتەکانی گەلەکەمان زامنتر دەکات. بەم بیر و هزرەوە چاوەڕووانتان دەبین. 

کۆبوونەوە و کارنامەی کۆنفەرانسی  ڕاوێژی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ڕێککەوتی بەڕێوەچوون: ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە واتە  ۱٤ و ۱٥ی سێپتامبەری ۲۰۱۹، لە ستۆکهۆڵم

لە هەردوو ڕۆژەکەدا وێڕای وتەی دەستپێک و بەخێرهاتن و وتەی کەنەکە و دواییش ئەنجامنامەی کۆنفڕانس، ٥ کۆبوونەوە و سیمینار پێشکەش دەکرێن. 

لە ڕۆژی یەکەمدا، کۆبوونەوە و سیمینارەکان تەرخان دەکرێن بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە رۆژی دووهەمیشدا، لە سەر چارەسەری پرسەکان گفتوگۆ دەکرێت. 

هـ.هـ