کەنەکە؛ گەل چۆن گەلەکۆمەکەی پووچەڵ کردەوە، هێرشەکانیش تێک دەشکێنێ

کەنەکە با دەوڵەتی تورکیا بزانێت کە گەلی کورد، هەروەک چۆن ١٩ساڵ پێش ئێستا، بە بەرخۆدانی خۆی نەیهێشت پیلانگێڕی نێونەتەوەیی لە دژی ڕێبەری گەلی کورد، ئامانجەکانی بپێکێت، ئەوڕۆش بە هەمان ڕۆحییەتەوە، ئەو هێرشە دڕندانەیە تێکدەشکێنێ و وڵاتی خۆی ئازاد دەکات.

 

دەستەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کورستان – کەنەکە، بە بۆنەی ١٩هەمین ساڵڕۆژی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی کە لە کەسێتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالاندا، لە دژی گەلی کورد و بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستاندا ئەنجامدرا، ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەنراوەکەی کەنەکە ەو شێوەیەیە: 

ئێمە گەلەکۆمەی ناڕەوای 15ی شوباتی 1999 کە لە کەسێتی بەڕیز عەبدوڵا ئۆجەلاندا، لە سەر بززوتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان بەڕیوەچوو، بە توندی شەرمەزار ئەکەین!

 

لە 15ی شوباتی 1999دا نادادپەروەری و ناڕەواییەکی مەزن کرا. گەورەیی ئەو نادادپەروەرییە لە کاراکتەری رووداوەکەو کردەوەکەدا بەدی ئەکرێت. لە لایەکەوە مەزنیی گەلی کوردستان و سەرۆکی پەکەکە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان، لە لایەکی تریشەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاو دەوڵەتانی هەوپەیمانی ئەو. بەڕیز ئۆجەلان خەبات بۆ دۆزی ئازادیی گەلی خۆی ئەکات، تێکۆشان بۆ رزگاریی وڵاتی خۆی ئەکات. دوژمن و هاوپەیمانە جیهانیەکانیان رێککەوتن و ویستیان دەرگاکانی دنیای لێ دابخەن، رێی هەناسەدانی لێ بگرن. ئەوان بیریان لە ویژدان و مافی مرۆڤ و یاساو دادوەریی و ئەخلاق نەکردەوە، کاتێک بڕیاریان دا مەزنێکی کوردان کە بۆ ویژدان و دادپەروەریی، بۆ ئاشتی و یەکسانی و ئازادی و هەموو بەها مرۆڤایەتیەکان خەبات ئەکات، بێدەنگ بکەن و رێی ژیانی لێبگرن.

رێککەوتنی نێوان تورکیاو هاوپەیمانە جیهانیەکانی، هەر لە ئەمەریکاوە بگرە تا چەندین دەوڵەتی ناو یەکێتی ئەوروپا، یۆنان و هەتا روسیاو ئیسرائیل، میسرو کینیا، هەموو لەو بارەیەوە یەکیان گرت و بەرژەوەندی خۆیان لەوەدا بینی کە هەموو نۆرمە مرۆڤایەتی و ئەخلاقیەکانی بخنە ژێر پێ، هەموو تواناو دەزگا سیخوڕیەکانیان لە دژی بەڕیز ئۆجەلان بخەنە کار کە لە ژێر پاراستنی یۆنانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپادا بوو، بۆ ئەوەی بە فێڵ و خیانەت بیگرن و رادەستی تورکیای بکەن.

پرۆسەی گەلەکۆمە بە روونی ئەوەی دەرخست کە ئەو ناوەندە نا دادپەروەرانە نەگەیشتنە ویست و داخوازیی خۆیان و ئامانجیان بەدی نەهێنا. ئەوان بە هیوای ئەوە بوون پەکەکە کە پێشەنگێکی رادیکاڵی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستانە، تێک بدەن و لەناو ببەن. یان هەر هیچ نەبێ زۆر لاوازی بکەن. بەڵام ئەوەی ئەوان چاوەڕێی بوون لە ماوەی ئەم 18 ساڵەدا بە تەواوی پێچەوانە بوو. نە بەڕیز ئۆجەلان وازی لە تێکۆشان هێنا، نە خەڵکی کورد و کوردستانیانیش دەستبەرداری دۆزی رەوای خۆیان بوون. وەڵامی خەڵکی کوردستان هەر لە هەمان ساڵی گەلەکۆمەی 15ی شوباتی 1999 دا دەرکەوت. لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی تورکیا لە ئازاری 1999دا، ژمارەیەکی زۆر شارەوانی کەوتە دەست کوردان. لە ناو ئەوانیشدا شارەوانی ئامەد. ئیتر هەر ئەو کاتە گەلەکۆمە مایەپووچ دەرچوو.

ئەو رۆژە و ئەمرۆش دوژمن و هاوکارەکانی لە بەرامبەر تێکۆشانی ئۆجەلان و سەرکەوتنی خەڵکی کوردستاندا شکستیان هێنا. ئەو  19 ساڵە ئەوانی روورەش کردو ئۆجەلان و خەلكی کوردستان رووسپی. لەو 19 ساڵەدا ماف و دادپەروەری بەسەر ناهەقی و نادادپەروەریدا سەرکەوت. لە ئەنجامیشدا ئۆجەلان و پەکەکەو گەلانی کوردستان تێکۆشانی خۆیان گەیاندە قۆناغێکی باڵاتر.

 

لە ئێستاشدا دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا نەک هەرپەلاماری هێزە چەکدارەکانی پاراستنی کوردستان ئەدا، بەڵکو هەمانکات هێرش بۆ سەر هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان ئەکات. دەست بەسەر شارەوانیەکاندا ئەگرێت، سەرۆک سارەوانی و پەرلەمانتار و سیاسەتمەداران لە هەموو ئاستەکاندا دەستبەسەرو زیندانی ئەکات. ئەیەوێ بەو شیوەیە گەلی کوردستان بترسێنێ، بەرخۆدان و ئیرادەی گەل بشکێنێ. دەوڵەتی تورکیا نەک هەر لە باکوری کوردستان، هەروەها لە باشوور و رۆژاوای کوردستانیش دوژمنایەتی کوردان ئەکا. لە بواری نێونەتەوەییدا هەوڵئەدا کورد نەناسرێن. لە مەیدانیشدا هاوکاریی نەیارانی کورد ئەکات. لە پڕۆسەی ریفەاندۆمی باشووری کوردستاندا، دەستی لەگەڵ رژێمی ئێران ئێراق تێکەڵ کردووە هێرشیان کردە سەر کوردستان. ئێستاش بە کردەوە هەوڵ ئەدا رۆژاوای کوردستان داگیر بکات. ئەوە 25 رۆژە بە هاوکاریی لەگەڵ پاشماوەکانی داعش و ئەلقاعیدە بە هەموو هێزی خۆی پەلاماری ئەفرین ئەدات. لە بەرامبەر ئەم هێرشانەشدا، هێزەکانی قەسەدەو گەلی رۆژاوای کوردستان بەوپەڕی قارەمانێتییەوە بەرگری ئەکەن و وەلامی تورکیا ئەدەنەوە. گەلی کوردستان بە هەموو توانای خۆی ئەفرین ئەپارێزێت و یەکێتی ناوخۆی خۆی بەهێزتر ئەکات. با دەوڵەتی تورکیا بزانێ کە چۆن گەلی کوردستان پێش 19 ساڵ بەخۆدانی کرد، گەلەکۆمەی نێودەوڵەتیی مایەپووچ کرد، ئەمڕۆش لە بەرخۆداندایە. هەتا دوایی و تا ئەو هێرشانە تێکئەشکێنێ و وڵاتی خۆی ئازاد ئەکا، هەر بەردەوام ئەبێ.

 لە ماوەی ئەو 19 ساڵەدا دوژمنان و هاوپەیمانانی نەیانتوانی نە ئۆجەلان و نە دۆزی کوردستان لەناو ببەن. هەوڵدانی ئەوان بەردەوام بە تێکۆشانی خەڵکی کوردستان بێئەنجام بوون. ناوەندی ئاژاوەگێڕو شەرەنگێز پێش 19 ساڵ ئەم هێرشەی خۆیان کردو سەریان دای لە گابەردی چیاکانی کوردستان. ئەمجارەش دیسان هەر وایان بەسەر دێت. کوردو کوردستانیان لە ماوەی ئەم 19 ساڵەدا تێکۆشانی خۆیان بەهێزتر کرد، یەکێتیی خۆیان فراوانتر کرد. پیلان و پرۆژەی لەناوبردنی شۆڕشی کوردستانیان تێکشکاند. پرۆپاگەندەی درۆو نائەخلاقییان ریسوا کرد.

گەلی کوردستان لە ئەزموونی مەزن و پێشەناگایەتی چەند ساڵەی خۆیدا قوربانی زۆری دا. بەردەوام رێز و ئامادەیی خۆی لەگەڵ رێبەرو سەرکردایەتیەکەی پیشان دا. لە دەوری پارت و رێکخراوەکانی خۆی کە سەربەرزانە پرسی کوردو کوردستان پێشئەخەن، کۆبۆوە. ئێستاش لە چوارچیوەی یەکێتی نەتەوەیی و نیشتمانیدا تێکۆشانی ئازادی و رزگاریی بەهێز ئەکەن و لە سەنگەری بەرخۆداندا تا سەرکەوتنی کۆتایی بەردەوام ئەبن.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە ساڵوەگەڕی گەلەکۆمەی 15ی شوباتدا، جارێکی تر داوا لە هەموو کوردستانیان ئەکا، لە ناوخۆی وڵات و لە هەر جێیەک هەن، دەنگ و هاواری تێکۆشان بۆ ئازادی بەڕیز ئۆجەلان و رزگاریی کوردستان بڵند بکەن. یەکێتی و هاوپەیمانیی خۆیان باشتر و بەهێزتر بکەن. نەیاران و هاوپەیمانانیان شەرمەزار بکەن.

هەروەها کەنەکە داوا لە هەموو کوردستانیان ئەکات بەشداری پرۆتستۆکردنی گەلەکۆمەی 15ی شوبات ببن. هەڵوێستی تێکۆشانی خۆیان لەسەر دۆزی کورد و کوردستان پیشانی یار ونەیار بدەن.

 

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ك.ن.ك

13.02.2018