کەڤانا زێڕینی مەخموور یادی خەلیل داغی کردەوە

کەڤانا زێڕینی مەخموور لە ١٣مین ساڵیادی شەهیدبوونیدا یادی خەلیل داغ (خەلیل ئیبراهیم ئویساڵ) کردەوە.

کەڤانا زێڕین بە بۆنەی ١٣مین ساڵیادی شەهادەتی خەلیل داغ سینەماکار و گەریلا ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، پێویستە لە پێشکەوتنی سینەمای کوردیدا ڕۆڵی خەلیل داغ لەبیرنەکرێت و باسی ئەوەکرا، خەلیل داغ بناغەی هێڵی سینەمای کوردی داناوە و لە چیا ئازادەکان بووە هەست و قاڕەمانی گەریلاکانی ئازادی.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا کەڤانا زێڕین ئاماژەی بەوەدا، خەلیل داگ بۆ ئەوە ژیانی گەریلا تۆمار بکات و بکاتە بەڵگەفیلم ساڵی ١٩٩٥ ڕووی کردە چیاکانی کوردستان و کاتێک ڕوو لە چیاکانی کوردستان دەکات، ژیانی گەریلا کاریگەری لەسەر دادەنێت و بەشداری ڕیزەکانی گەریلا دەبێت.

'لەگەڵ کاری سینەما وێژەوان و شاعیریش بوو'

کەڤانا زێڕین لە بەردەوامی ڕاگەیەنراوەکەیدا وتیشی، "خەلیل بە تەنها دەرهێنەری فیلم نەبوو بەڵکو سیناریستیش بوو. لەگەڵ ئەوەشدا کاری وێژەوانی و شاعیریش بوو و خاوەن بەرهەمێکی زۆر بوو. کتێبێکی بە ناوی 'بەچاوی خەلیل ئیبراهیم' نووسیوە. هەروەها لە بواری سینەمادا بە دەیان هاوڕێی خۆی پەروەردە کردووە. بە کامێراکەی لە گەڵ هاوڕێ هێڤی و یەکتا بە دەیان یاری شانۆیی تۆمار کردووە. هاوڕێ خەلیل بە ڕامان و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ ڕیگای ڕاستی و گەڕان بەدوای ڕاستیدا گرتەبەر.

'سینەمای شاخی بەرەوپێشەوەبرد'

لە شاخ زۆر فیلمی وەک 'ئەینا بەژنێ، تیرێژ، کاتێک ژن حەز بکات، شاراوەیی ڕووی ئێمە، فرمێسکەکانی ئاوی زێ، سترانەک بۆ زاگرۆسی بەرهەم هێناوە. دواتر فیلمی بێریتانی بەرهەم هێنا کە کاریگەریەکی زۆری دروست کرد. بەو شێوەیە بەرەیەکی نوێی لە سینەای کوردیدا دروست کرد و بناغەی سینەمای شاخی خوڵقاند.

هاوڕێ خەلیل لە تێکۆشانی ئازادیدا بە کامێراکەی ڕاستی تێکۆشانی گەریلای پیشاندا. لەگەڵ دۆخەی سەختی چیادا، هاوڕێ خەلیل بە کامێراکەی خۆی ژیانی گەریلای تۆمار دەکرد و بە جیهانی ڕادەگەیاند. لەگەڵ بارودۆخێکی سەخت و شەڕی گەریلا، بەهۆی ئەوەی کارەکەی خۆشدەویست، هەموو کاتێک سەرکەوتوو دەبوو.

'وێنەیەک بۆ دڵی خۆم بچرکێنم...'!

ئەو قسەیەی هاوڕێ خەلیل کە هەموو کاتێک لە گوێماندا دەزرینگێتەوە و کاریگەریەکی زۆری لەسەر هەست و ڕوحمان دروست کردووە و هەموو کاتێک دەمێنێتەوە ئەمەیە: من لە چیاکانی کوردستان زۆر شتی خۆش، پێکەنین و جوانبوونم بینی، نەمتوانی هەموویان بە کامێراکەم تۆمار بکەم و ئەو جوانبوون و پێکەنین و شتە خۆشانە لەدڵمدامانەوە، بۆیە ناچار بووم وێنەیەک بۆ دڵی خۆم بچرکێنم.

سینەمای شاخ کە لەسەر ڕێچکەی خەلیل داغ خەبات دەکات و بە میراسی ئەو و لەمڕۆماندا لە خوڵقاندن و بەرەوپێشەوەبردنی سینەمای شۆڕشدا لە هەموو دەڤەرێکی کوردستان بەو ڕوحە کار دەکات.

ئێمە کەڤانی زێڕینی مەخمور خاوەنداری لەو بناغەیەی سینەمای کوردی دەکەین کە خەلیل داغ خوڵقاندی و بەردەوامی بە تێکۆشانەکەمان دەدەین."

ف.ق