گەلی رۆژهەڵات بۆ عەفرین ڕژانە سەرشەقام

سەرەڕای گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران گەل لە ڕزۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شاری تاران-ی پایتەختی ئێران بۆ شەرمەزارکردنی هێرشەکانی سوپای تورکیای داگیرکەر لە سەر عەفرین ڕژانە سەر شەقامەکان.

لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە شاری تاران-ی پایتەختی ئێران، گەل بە مەبەستی شەرمەزارکردنی هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بۆ سەر عەفرین و کۆمەلکوژکردنی هاووڵاتیانی مەدەنی ڕژانە سەر شەقامەکان.

دوابەداوای ڕاگەیندراوی چالاکانی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە داوایان لە گەلی ڕۆژهەڵات کردبوو، بۆ خاوەندارێتی لە خوێنی شەهیدان و پشتگیریکردنی بەرخۆدانی عەفرین بەبێ ترس لە دەسەڵاتی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی بڕژێنەسەر شەقامەکان، خەڵک لە زۆربەى شارەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان ڕژانە سەرشەقامەکان.

سەربارى ئەوەى هێزى ئەمنە بە شارەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستاندا بڵاوەیان پێکرابوو و هەوڵیان دەدا ڕێگرى لە خۆپیشاندان خەڵک بۆ پشتیوانى لە عەفرین بەڕێوەببەن، بەڵام لە شارەکانی سنە، کامیاران، مەریوان، ماکۆ، بانە، سەقز، مەهاباد، سەڵماس، خۆی و بۆکان-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە تارانی-ی پایتەختی ئێران و شارى ڕەشت، گەل ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتییان لە دژی هێرشی سوپای تورکیای داگیرکەریان بۆسەر عەفرین دەربڕی و ئەو هێرشانەى تورکیاى داگیرکەریان شەرمەزار کرد.

لە شاری مەریوان-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێزە ئەمنییەکانی ئێران هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و ژمارێک لە چالاکانی مەدەنیی ئەو شارەیان دەستگیرکرد، کە بریتین لە:

۱ـ عەدنان حەسەن پوور ۲ــ ئارمان غەفووری ۳ــ محەممەد دانش ٤ـ فەرامەرز محەممەدی ۵ـ ناسێح باخیشی ۶ــ دیار یەزدانی ۷ــ ئەحمەد ئیران پەناە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى ئێرانەوە دەستگیرکران.

هەروەها هێز ئەمنییەکانى ئێران لە شارى سنە ٢ کەسیان دەستگیرکردووە، کە تا ئێستا ناوەکانیان بڵاونەکراوەتەوە. هێزە ئەمنییەکانى ئێران لە بەردەوامیى هەڵمەتى تۆقاندن و سەرکەوتى خەڵکى رۆژهەڵاتى کوردستان، چەند کەسێکی دیکەیان بانگهێشت کردووە و هەڕەشەیان لێکراوە.

هێزە ئەمنییەکانى ئێران تەنانەت لە شارەکانى خۆی و سەڵماس هەوڵیانداوە، ڕێگرییان لەکۆبوونەوەى ٢ کەسیش بکەن، بەڵام سەربارى ئەوەش خەڵک بە شێوەى جۆراوجۆر ناڕەزایەتیان لە دژی هێرشى داگیرکارانەى تورکیا بۆ سەر عەفرین دەربڕیوە.

 

ر.م