گەلی ڕۆژهەڵات لە ورمێ هەتاکوو ئیلام بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕژانە سەرشەقام

ئەمڕۆش خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە خرۆشەوە بۆ دەربڕینی پشتیوانی خۆیان لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان و ئیدانەکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕژانە سەر شەقام.

بە هەزاران هاووڵاتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شارەکانی سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە وتنەوەی دروشم و هەڵگرتنی پانکارد شەقام و مەیدانە سەرەکییەکانی شارەکانیان  پڕکرد لە دروشمی بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا.

پارێزگای ورمێ

خەڵکی شارەکانی ورمێ، شنۆ، مەهاباد و پیرانشار بە وتنەوە دروشمەکانی؛ بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا، فاشیست ئەردوغان، بمرێ ئەردوغان و ... هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان شەرمەزار کرد و پشتیوانی خۆیان لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند.

پارێزگای سنە

خەڵکی شارەکانی سنە، سەقز و بانە و دیواندەرە هاتنە سەر شەقامەکان و هاواری "بژی بژی یەپەگە، بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا، کوردستان گۆڕستانی فاشیستان''یان وتەوە..

پارێزگای کرماشان

خەڵک لە شارەکانی کرماشان، شاباد، جوانڕۆ، پاوە و سەلاسی باوەجانی، ڕژانە سەر شەقامەکانی ئەو شارانە و دروشمەکانی، "ڕوژئاوا ڕۆژهەڵاتە کوردستان یەک وڵاتە، بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا، بمرێ ئەردوغان، کوردستان گوڕستانی فاشیستان و بژی یەپەگە"یان وتەوە.

پارێزگای ئیلام

سەدان کەس لە خەڵکی شاری ئیلام و مەلەکشاهی  هاتنە سەر شەقامەکانی ئەو شارە و بە وتنەوەی دروشمەکانی "ڕۆژئاوا تەنیا نییە ئیلام پشتیوانیە، بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" پشتیوانی خۆیان لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند، هەر وەها بە وتنەوەی دروشمی "بمرێ ئەردوغان" هێرشەکانی دەوڵەتی داگیر کەری تورکیایان ئیدانە کرد.

تاران

لەلایەکی دیکەوە لە بەردەم باڵیۆزخانەی دەوڵەتی تورک لە تارانی پایتەختی ئێران گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بەڕێوە چوو و لەوێ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ئیدانە کرا، هاوکات خەڵک بە وتنەوەی دروشمی بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا پشتیوانی خۆیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕی.