یەبەشە: گەلەکەمان لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەپارێزین

فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی شەنگال (یەبەشە) ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورکی بە هێرشەکانی لەدژی شەنگال دەیەویت کۆمەڵگاکەیان بێ پاراستن بکات، بەڵام ئەوان بریاریان داوە هەتا کۆتایی کۆمەڵگەی خۆیان بپارێزن.

فەرماندەیی یەبەشە، لەبارەی بۆردومانی دوێنێی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر خانەسۆر لە شەنگال،  ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

پێنج شەڕڤان بریندار بوون

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە: "بەم دواییانە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە فرۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشی کردە سەر هێزەکانمان یەبەش و یەژەشە. لە هێرشی دوێنێدا بۆ سەر خانەسۆر، ٥ شەڕڤان بریندار بوون، دوو شەڕڤان برینەکانیان سەختە".

یەبەشە ئەوەشی ڕاگەیاند کە دەوڵەتی تورک دەیەوێت بەو هێرشانە شەنگال بێ پاراستن بکات و رایگەیاند: "ئەو هێرشە بەشێکە لە شەری تایبەت و دەروونی. دەیەوێت ترس لە ناوچەکەی ئێمەدا بڵاوبکاتەوە.

لەبەرامبەر ئەو هێرشەدا، پێویستە گەلەکەمان زیاتر بەڕێکخستن بکرێت و بەهێزتر بێت

وەک دەزانرێت، ئەبوبەکر بەغدادی لەناوچەیەک کوژرا کە لەژێر کۆنتڕۆلی دەوڵەتی تورک دابوو، کوشتنی بەغدادی وەکو تۆڵەی ژنانی ئێزدی ڕاگەیەندرا، بۆیە تورکیا دەیەوێت تۆڵەی بەغدادی لە کۆمەڵگای ئێزدی بکاتەوە، ئەم هێرشەش بۆسەر شەنگال بەهەمان ئامانجە.

ئاشکرایە کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەم هێرشانە دەیەوێت سنوری میساقی میللی سەرلەنوێ زیندوو بکاتەوە و ئەم هێرشەش وەکو چەخماخەی ئەو پیلانەیە، موسڵ و کەرکوکیش لەناو ئەو پیلانەدایە، لەم کاتەشدا دەوڵەتی عێراق لەڕەوشێکی ناجێگیر دایە، دەوڵەتی تورکیش سوود لەو دۆخەی عێراق وەردەگرێت و هێرش دەکات، پێویستە گەلی عێراق و بە تایبەت گەلی موسڵ و کەرکوک بەهەڵوێستی هاوبەشی بەهێز لەبەرامبەر ئەو هێرشانە بوەستنەوە.

وەکو یەبەشە و یەژەشە، لە هەر بارودۆخێکدا بین ئێمە گەلی خۆمان و کۆمەڵگای ئێزدی دەپارێزین، وەک چۆن لە ساڵی ٢٠١٤ لەبەرامبەر چەتەکانی داعش ئێمە ئەرکی پاراستنی خۆمان پێکهێنا، لەبەرامبەر ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیاش ئەرکی مێژووی خۆمان بۆ پاراستن و خاوەنداری کردن لە گەلی خۆمان و هەموو گەلانی هەرێمەکە پێکدەهێنین".

ف.ق