یەکێتى لەگەڵ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگای کەرکوک دایە و پارتیش لە دژیەتى

پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکانی پەسەند کرد و دوای (١٥) ساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاش لە کەرکوک ئەنجام دەدرێت.

دوای (١٥) ساڵ هەڵبژاردن لە کەرکوک ئەنجامدەدرێت، یەکێتی لەگەل ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگایە و پارتیش بە فەرمی سکاڵای لە دادگای فیدرالی عێراق تۆمار کردووە بۆ رێگرتن لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە كەركوك.

بەپێی هەمواری یاساکە، تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە (١/٣/٢٠٢٠)کۆتایی دێت و (١/٤/٢٠٢٠)هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لەناویاندا کەرکوک ئەنجام دەدرێت.

بەپێی هەموارە نوێیەکە، بۆ هەر پارێزگایەک (١٠) کورسیى بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا دیاریکراوە، بەڵام هەر پارێزگایەک ژمارەی دانیشتوانی لە یەک ملیۆن تێپەڕێنێت، ئەوا بۆ هەر (٢٠٠) هەزار کەس کورسییەک زیاد دەکرێت بۆ کۆی کورسییەکانی ئەنجوومەنەکە

کەرکوک؛ ناکۆکیی سەرەکی

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک جارێکی دیکە بووە هۆی ناکۆکیی نێوان فراکسیۆنەکان و عەرەب و تورکمانەکان دەیانویست لە هەموارەکەدا جێگیری بکەن کە ئەنجوومەنی ئێستای کەرکوک هەڵبوەشێتەوە و هاوشێوەی رابردوو هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام نەدرێت تا ئەوکاتەی تۆماری دەنگدەران رێکدەخرێتەوە و  پاکدەکرێتەوە و ناوی هەموو ئەو کەسانە لە تۆمارەکە دەردەکرێت کە دوای ساڵی (٢٠٠٣) کۆبۆنی خۆراکیان گەڕاوەتەوە بۆ شارەکە، پۆستە ئیدارییەکانیش وەک یەک لەنێوان سێ پێکهاتەی شارەکە (کورد، عەرەب، تورکمان) دابەش بکرێت، بەڵام دواجار فراکسیۆنەکان گەیشتنە داڕشتنەوەیەک و هەموارەکەیان پەسەند کرد.

ماددەی تایبەت بە کەرکوک

بەپێی بڕگەی حەوت لە ماددەی (٣٥)ی یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکان، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان پابەندە بە هاوتاکردنی تۆماری دەنگدەرانی کەرکوک لەنێوان کۆبۆنی خۆراک و رەگەزنامەی شارستانی لە ماوەیەکدا کە لە (٣١)ی کانونی یەکەمی ساڵی (٢٠٢٠) تێپەڕنەکات، لەگەڵ لابردنی ئەو ناوانەی هاوتانین لەنێوان هەردو تۆمارەکەدا، جگە لەو رێکارانەی کە بەپێی ماددەی (١٤٠)ی دەستوور و لیژنەی بەدواداچونی راستییەکان گیراونەتەبەر بۆ بەشداریی دەنگدەران.

بەپێی بڕگەی هەشتی ماددەی (٣٥)یش کە هەر تایبەتە بە کەرکوک، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی پابەند کراوە بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست بە پێی رێنماییەکان بۆ ئەنجامدانی ئەژماری دەنگەکان بە دەستی و ئەلیکترۆنی بەتایبەتی ئەو سندوقانەی تانەیان لەسەرە.

بێبەشکردنی کەرکوک لە هەڵبژاردن

 یەکەم هەڵبژاردن کە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەنجامدرا، هەڵبژاردنی ساڵی (٢٠٠٥) بوو بە پێی یاسای پۆڵ بریمەر حاکمی مەدەنی ئەمەریکا لە عێراق، دواتر ئەو شارە لە هەر دوو هەڵبژاردنی ساڵی (٢٠٠٩) و (٢٠١٣) بێبەشکرا، بەوەش لەماوەی (١٤) ساڵی رابردودا هیچ هەڵبژاردنێکی پارێزگاکان لەو پارێزگایە ئەنجام نەدراوە و بڕیارە لە هەڵبژاردنی چوارەمی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ساڵی (٢٠٢٠) بەشداری بکات.

ژمارەی کورسییەکانی ئەمجومەنی پاریزگاکە

لە ئێستادا ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک (٤١) کورسییە، کە بەپێی یاساکەی پێشوو دیاری کرابو، بەڵام بۆ خولی داهاتو، ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکە بە (١.٦٣٩.٩٥٣)  دیاریکراوە، بەپێی یاساکەش لەبەرئەوەی ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکە لە یەک ملیۆن زیاترە ژمارەی کورسییەکانی بە (١٤) کورسی دیاریکراوە، (١٣) کورسی گشتی، (١٠) کورسی بۆ پیاوان، سێ کورسی بۆ کۆتای ژنان و یەک کورسی بۆ کۆتای مەسیحییەکان.

 دابەشبوونی کورسییەکان لە نێو نەتەوەکان

بەپێی دەرەنجامی هەڵبژاردنی پێشوی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، دابەشبونی (٤١) کورسییەکەی ئەنجوومەنی پارێزگا، لیستی برایەتی کەرکوک زۆرینەی ئەنجوومەنەکەیە و (٢٦) ئەندامی هەیە، لیستی تورکمانەکان (٩) کورسییان هەیە، پێکهاتەی عەرەبیش (٦) ئەندامی هەیە.

 بەڵام بەپێی دەرەنجامی دوو هەڵبژاردنی رابردوی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەو شارە، لە کۆی (١٢) کورسی بەرکەوتەی شارەکە ژمارەی کورسییەکانی کورد (٦) کورسی و کورسییەکانی عەرەب و تورکمان پێکەوە (٦) کورسی بووە، رون نییە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەو دابەشکاریی دەنگ و کورسییانە چۆن دەبێت.

دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کاتێکدایە، کە لە دوای روداوەکانی (١٦)ی ئۆکتۆبەری ساڵی (٢٠١٧) تا ئێستا کورسیی پارێزگار کە پشکی کوردە بەتاڵە و لەلایەن راکان جبوری-یەوە بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێت ئەوەش بەهۆی ئاماددەنەبوونی ئەندام ئەنجوومەنەکانی پارتی بۆ کۆبوونەوە و دیاریکردنی پاریزگارێکی کورد بۆ شارەکە.

 دوای زیاتر لە (١٩) مانگ، یەکێتی و پارتی رێککەوتن لەسەر دیاریکردنی ئەندازیار تەیب جەبار بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک، بەڵام تائێستا هیچ وادەیەک بۆ کۆبونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و هیچ رێککەوتنێکیش لەگەڵ هەر دوو پێکهاتە و فراکسیۆنی عەرەب و تورکمان نەکراوە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار لەناو دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگاوە.

پەدەکە دژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پەرێزگاکەیە

پارتی دیموكراتی كوردستان (پەدەکە) لە دژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك سكاڵای لە دادگای فیدراڵی عێراق تۆمار كرد.

خەسرەو گۆران بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەری فەرمیی حزبەكەی راگەیاندووە، پارتی بە فەرمی سکاڵای لە دادگای فیدرالی عێراق تۆمار کردووە بۆ رێگرتن لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە كەركوك.

ئەم هەنگاوەی پارتی لە كاتێكدایە كە فراكسیۆن كوردستانییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پشتیوانییان لە بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە كەركوك كرد كە بڕیارە مانگی نیسانی ٢٠٢٠ لەگەڵ پارێزگاكانی دیكەی بەڕێوەبچێت.

پێش دوو رۆژ لەمەوبەر حزبە كوردستانییەكان لە كەركوك كۆبوونەوە و لەگەل ئەندام پەرڵەمانە کوردەکانی شاری کەرکوک  بۆ تاووتوێكردنی پرسی هەڵبژاردنەكە و ئەگەری پێكهێنانی لیستێكی هاوبەش لە نێوانیاندا.

دەربارەی هەڵبژاردن و کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پاریزگای کەرکوک عەلی قەڵایی کارگێڕی مەڵبەندی ٢ی یەکێتی لە کەرکوک بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "هەڵوێستی ئێمە وەکو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (یەنەکە) روون و ئاشکرایە لەسەر کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک بۆ دستنیشانکردنی ئەو پارێزگای لەگەل پارتی ڕیککەوتوین لەسەر دانانی و بەسەرپەرشتیی یونامی ئەم کۆبوونەوەیە دەکرێت".

هەروەها عەلی قەڵایی دەربارەی داواکاریی بەرەی تورکمانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک وتی: " ئێمە هەمێشە دژی هەموو هەوڵێک بووین، کە ئەنجوومەنی پاریزگا هەڵبوەشێتەوە، چونکە بە پیلانمان زانیوە کە مەترسییەکی گەورەیە لەسەر شارەکە."

لەکۆتایدا عەلی قەڵایی ڕاشیگەیاند: "بەپی یاسای هەموارکراوی ئەنجوومەنی پاریزگاکانی عێراق  مانگی دوو کۆتایی بە کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکان دێت و کەمکردنەوەی ژمارەی کورسیەکان هیچ شتێک ناگۆرێت، چونکە دەستنیشانکردنی کورسییەکان بەپێی ژمارەی دانیشتوانی کەرکوک دیاریکراوە، کە دەنگی هەر ٢٠٠ هەزار کەس یەک کورسییە و کۆتا کورسی بۆ مەسیحەکانە، پێشبرکێی پێکهاتەکان لەسەر ١٣ کورسی دەبێت."

ژ.ت