پادێ بەیاننامەی كۆتایی كۆنگرەی سێیەمی بڵاوكردەوە

(پادێ)، بەیاننامەی كۆتایی كۆنگرەی سێیەمی بڵاوكردەوە و داوا دەكات، ئەو كۆمەڵكوژییەی ٣ی ئابی ٢٠١٤ بە سەر ئێزییەكان هێنرا، بە جینۆساید بناسێنرێت.

پارتی ئازادی و دیموکراتی ئێزدییان (پادێ)، بەیاننامەی كۆتایی كۆنگرەی سێیەمی بڵاوكردەوە و داوا دەكات، ئەو كۆمەڵكوژییەی ٣ی ئابی ٢٠١٤ بە سەر ئێزییەكان هێنرا، بە جینۆساید بناسێنرێت، شەنگال لە ماددەی ١٤٠ دەربهێنرێت ‌و بكرێتە پارێزگایەكی لامەركەزیی سەر بە حكومەتی ناوەند ‌و ڕێككەوتنی شەنگال هەڵبوەشێنرێتەوە.

دوێنێ پادێ، كۆنگرەی سێیەمی خۆی لە (كۆمەڵگەی دووگرێ‌) بە ئامادەبوونی ١٥٠ نوێنەر گرێدا ‌و ئەمڕۆ لە بەیاننامەی كۆتایی كۆنگرەكەدا، ئەنجام ‌و داخوازییەكانی كۆنگرەكەی خستوەتە ڕوو.

بەگوێرەی بەیاننامەی كۆتایی كۆنگرەكە، پادێ داخوازییەکانی بەمشێوەیە خستوەتەڕوو: دوورخستنەوەی دۆسیەی گەڕاندنەوەی ئاوارەكان لە ڕێككەوتنی ژێربەژێری سیاسی ‌و كارئاسانیكردن بۆئەوانەی خوازیاری گەڕانەوەن بۆ شەنگال لەگەڵ دابینكردنی خزمەتگوزاییە سەرەتاییەكان ‌و داوای ڕاگرتنی بۆردومانەكانی توركیاش دەكات كە هۆكارێكە بۆ نەگەڕانەوەی ئاوارەكان، هەروەك داوایش دەكات، شارۆچكەی شەنگال بكرێت بە پارێزگایەكی لامەركەزی سەر بە حكومەتی ناوەند ‌و دەربهێنرێت لە ماددەی ١٤٠ ی دەستوور لەگەڵ پاراستنی مافە دەستوورییەكانی ئێزدییەكان.

هەروەها پادێ‌ داوا دەكات، ئەو كۆمەڵكوژییەی بەرامبەر ئێزدییەكان ئەنجام دراوە، بەتایبەت كۆمەڵكوژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ بە جینۆساید بناسێنرێت ‌و قەرەبووی خەڵكی شەنگال ‌و ئێزدییەكان بكرێتەوە، هاوكات داواكاریشە، حكومەتی عێراق ‌و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش، دان بە جینۆسایدكردنی ئێزدییەكاندا بنێن.

پارتی ئازادی و دیموکراتی ئێزدییان (پادێ)، داوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێككەوتنی شەنگالیش دەكات، بەوپێیەی تەنها لەنێوان حكومەتی ناوەند ‌و حكومەتی هەرێمدا، ئەنجام دراوە ‌و ئێزدییەكان هیچ بەشدارییەكیان نەبوە لەو ڕێككەوتنەدا ‌و تەنانەت پرسیشیان پێ‌ نەكراوە، هەروەك جەختیش دەكاتەوە لەوەی، قبوڵكراو نییە لە ڕێككەوتنەدا، لایەنێك بكرێتە ئامانج كە بەرگریی لە شەنگال كردوە ‌و شەڕی داعشی كردوە ‌وهەروەها دەیشڵێت، ناكرێت ئاسایشی ناوچەكە بدرێتە دەست پۆلیسی خۆجێیی كە لە نیوە زیاتریان ئەندامی حزبەكانن.

پادێ‌، داوای پێكهێنانی دادگایەكی تایبەتیش دەكات بۆ دادگاییكردنی هەموو ئەوانەی كەمتەرخەم ‌و هۆكار بوون لەوەی داعش شەنگالی گرت، بۆئەوەی سزای یاسایی خۆیان وەربگرن ‌و داوایش دەكات، كاری زیاتر بكرێت بۆ ئازادكردنی ڕفێنراوەكانی دەستی داعش ‌و دابینكردنی خزمەتگوزایی تەندروستیی تایبەت بۆیان.

پادێ‌، لەپاڵ ئەوەی داوای پاراستنی مافی كەسوكاری شەهیدان ‌و قوربانییانی دەستی داعش دەكات، داوایش دەكات، لیژنەیەك لە پێكهاتەكانی شەنگال پێكبهێنرێت لەپێناو ئاوەدانكردنەوەی شارۆچكەكە.

لە كۆتاییشدا، پارتی ئازادی و دیموکراتی ئێزدییان (پادێ)، جەخت دەكاتەوە لە پاراستنی یەكڕیزیی ئێزدییەكان لەگەڵ كاری پێكەوەیی لەگەڵ حزبە ئاشووریی ‌و مەسیحی ‌و عەرەبییەكان لە سەرجەم ناوچەی دەشتی نەینەوا.

ف.ق