لە مەراسیمێکدا مۆنۆمێنتی شەهیدانی کورتەک کرایەوە

دوای گواستنەوەی شوێنەکەی لەلایەن شارەوانیی بناری قەندیلەوە، بە مەراسیمێک مۆنۆمێنتی شەهیدانی کورتەک جارێکی دیکە کرایەوە.

مەراسیمەکە ئێوارەی ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، کە تیایدا دوای خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدان، محەمەد حەسەن، هاوسەرۆکی شارەوانیی بناری قەندیل وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: دوای ئەنجامدانی پرۆژەی ڕێگای کورتەک، هەستاین بە گواستنەوەی مۆنۆمێنتی شەهیدانی کورتەک بۆ شوێنێکی دیکە، ئەمڕۆش لێرە کۆبووینەتەوە تا یادی سەرجەم شەهیدان بکەینەوە.

محەمەد حەسەن، تیشکی خستە سەر هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، کە لە دوو کاتی جیاوازدا دوو کۆمەڵکوژیی لە کورتەک ئەنجامداوە و بووەتەهۆی شەهیدکردنی ١٠ هاوڵاتیی و برینداربوونی چەندانی تر.

نیگەرانییشی نیشاندا لەوەی، زۆربەی ئەو کۆمەڵکوژییانە بە هاوکاریی هێڵی خیانەتە لە ناوخۆدا.

دواتر، شنیار ڕەسوڵ، ڕاگەیەندراوی دانیشتوانی بناری قەندیلی خوێندەوە، کە تیایدا سڵاو بۆ بەخۆدانی ئیمرالی نێردرابوو، هەروەها پشتیوانیی بۆ زیندانیانی سیاسیی باکوری کوردستان و تورکیا نیشان درابوو، کە دژی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالان، مانیان لە خواردن گرتووە.

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتبوو:”هێرشی داگیرکاری لەلایەن دەوڵەتی تورک بە هاوکاریی بەشێک لە کاربەدەستانی پەدەکە و چەتەکانی ڕۆژ، کە خۆیان وەک پێشمەرگە بە ناو کردووە و فەرمانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا جێبەجێ دەکەن. شەرمەزار دەکەین”.

هەروەها پشتیوانیی خۆیان بۆ هەڵمەتەکەی کەجەکە و کەژەکە دووپات کردەوە و لە کۆتاییشدا بە توندیی هەڵوێستیان دژ بە دەستگیرکردنی لەیلا گوڤەن، پەرلەمانتاری هەدەپە و هاوسەرۆکی کەجەدە دەربڕی.

مۆنۆمێنتی شەهیدانی کورتەک، بەشێکی تایبەتە بە وێنەی شەهیدەکان و پەیکەری دایکێک کە منداڵەکەی لەباوەش گرتووە، بەشێکی دیکەشی ئەو دوو ئۆتۆمبێلەی تێدایە، کە لەلایەن فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە بۆردوومان کران و سەرنشینەکانی ناویان کۆمەڵکوژ بوون.

جێگای وەبیرهێنانەوەیە، هەر یەک لە ‘حسێن مستەفا، ئۆسکار حسێن، زانا حسێن، ڕێزان حسێن، مێر حاجی، سۆنیا شەماڵ، سۆلین شەماڵ’ کە دانیشتوی گوندی بۆڵێ بوون ئەندامی یەک خانەوادەن لە ۲۱/٨/٢٠١١ لە ئەنجامی بۆردوومانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە کورتەک شەهید بوون.

هەروەها، لە کۆمەڵکوژییەکی دیکەدا، هەریەک لە ‘عەبدوڵا ئاڵی، کوردستان عەبدوڵا و هەریاد عەبدوڵا’ دانیشتوی گوندی ئاشقوڵکەی بناری قەندیل لە ۲۷/٦/٢٠١٩  لە ئەنجامی بۆردوومانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە کورتەک شەهید بوون.

ف.ق