٢٤ رۆژە چادری بەرخودان لە بەردەم ئاسایشی ئێزدخان دا هەڵدراوە

ئاسایشی ئێزدخان بۆ خەڵکی شەنگال وەک مان و نەمانە، بۆیە شەنگالییەکان ماوەى ٢٤ رۆژە لە بەردەم ئاسایشی خۆیاندا چادریان هەڵداوە و داوا لە حکومەتی عێراق دەکەن، کە ئاسایشەکەیان قبوڵ بکات و دانی پیادا بنێت.

چادری بەرخودانی خەڵکی شەنگال، کە بۆ خاوەنداریکردن لە ئاسایشی ئێزدخان هەڵدراوە، ماوەى ٢٤ رۆژە بەردەوامیی هەیە.

چالاکییەکە بە دروشمی "ئێمە هەموومان ئاسایشین" بەڕێوەدەچێت و رۆژانە لە هەموو شوێنەکانی شەنگال و دەورووبەرییەوە هاووڵاتییان دەڕۆن بۆ سەردانی چادری بەرخودان و پشتیوانی لە چالاکییەکەیان دەکەن.

ئەمڕۆش ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی خانەسۆر بەشداری چالاکییەکە بوون. یەکێک لە بەشداربووان حەجی کولی-یە و رایگەیاند، ئاسایش بۆ ئەوان بە مانای هەبوونە و تاوەکو داننان بە ئاسایشەکەیاندا بەرخودان دەکەن.

حەجی کولی وتی، "تاوەکو ئێستاش پلانی قێزەون لە دژی ئێزدییەکان بەڕێوەدەچێت. بۆ ئەوەش دەبێت ئێزدییەکان فەرمانی ٧٣ لە بیر نەکەن و هۆشیار بن".

ژ.ت