٣ رۆژە ئەندامانی هەدەپە و دەبەپە و مەبیادەر لە ئامەد لە ژێر لێکۆڵینەوە و راگرتندان

پۆلیسی تورک ٢٧ی شوبات ١٤ ئەندامی هەدەپە، بەدەپە و مەبیادەری دەستگیرکرد. ئەو کەسانە ٣ رۆژە لە ژێر لێکۆڵینەوە و راگرتندان.

لە ئۆپراسیۆنی پاکتاوی سیاسی بۆ سەر پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە)، پارتی هەرێمە دیموکراتیەکان (دەبەپە) و کۆمەڵەی هاوکاری و پشتیوانی لە بنەماڵە و کەسوکاری بێسەروشوێنکراوان لە لانکەى شارستانیەتدا (مەبیا – دەر / MEBYA-DER) بەڕێوەبەران و ئەندامانیان بە کۆمەڵ دەستگیر کران.

لە کاتی دەستگیرکردنەکاندا پۆلیس دەرگای ماڵەکان و شوێن و بارەگاکانی شکاند و هەموو کەلوپەلەکانی تێکوپێکدا. پشکنینی بینای کۆمەڵەی هاوکاری و پشتیوانی لە بنەماڵە و کەسوکاری بێسەروشوێنکراوان لە لانکەى شارستانیەتدا (مەبیا – دەر / MEBYA-DER) ٧ی کاتژمێری خایاند. بەڵگە و مۆڵەتنامەى دامەزراندنی کۆمەڵەکە، بەرنامە و پەیڕەوی کۆمەڵەکە، کۆمپیوتەر و فۆرمەکانی سکاڵای بنەماڵەکان دەستیان بەسەردا گیرا.

لەو هەڵکوتانەى پۆلیس دا ئەندامان و بەڕێوەبەرانی هەدەپە و دەبەپە و مەبیادەر دەستگیرکرابوون و ناوەکانیان بریتین لە شێخموس کاراداغ، یوکسەل ئەڵماس، زەکی داغ، مەریەم سۆیلو، خاتون ئاسلان، عایشە چەلیکبیلەک، خەدیجە گیونەش، تاهیر گوڵ، خانم ئاڵتنداغ، فەتحوڵا ئیشکتاش، موراد ئوزگون، حافز ئیشک و موزەفەر ئوڵاش.

ژ.ت