35 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیەکانی سنە، سەقز و قروە دا تێدەپەرێت

35 ساڵ بەر لە ئێستا لە میانی جەنگی 8 ساڵەی 'ئێران و ئێراق'دا فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی ئێراق بۆردومانی 'سنە، سەقز و قروە'ی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کرد و بەهۆیەوە 279 کەس شەهید بوون و سەدان کەسی دیکەش بریندار بوون.


لە دەیەی 80ی سەدەی ڕابردوودا و لە میانی جەنگی کۆنەپەرستانەی 8 ساڵەی 'ئێران و ئێراق'دا، شەڕی شارەکان بە شێوازێ بەرفروان دەستی پێکرد. لەو چوارچێوەیەدا، لە ئاسمان و زەوییەوە هێزەکانی هەردوو دەوڵەت بە فڕۆکە، ڕۆکێت و تۆپخانە  شار و شارۆچکە و گوندە مەدەنینشینەکانیان دەکردە ئامانج. لەو بەئامانجگرتنەشدا شار و ناوچەکانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک، سیروان، تەوێڵە، بیارە، هەڵەبجە، خورماڵ، پێنجوێن، پاوە، نەوسود، نۆدشە، گوندی زەردە، سەردەشت، کرماشان، سنە، سەقز، دزڵی، ئوردوغای زێوێ، سەقز، قروە، پشکی شێریان وەبەرکەوت و بەهۆیەوە هەزاران هاوڵاتی مەدەنی کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، شەهید و برینداربوون.
لە بەردەوامی ئەو شەڕە دژە مرۆیەدا، 35ی ساڵ بەر لە ئێستا و بەدیاری کراوی لە رۆژی ١٧ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٨٦ی کریستیانیدا، لەسەردەمی سەرۆککۆماری سەددام حوسێن دا، فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی ئێراق  لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵکوژیان ئەنجامدا.
کۆمەڵکوژیەکە، کاتێک ڕوویدا کە هاوڵاتیانی شار سەرقاڵی ژیانی رۆژانەی خۆیان بوون، بەڵام  لە پاش نیوەڕوانێکدا بەهۆی بۆردوومانەکەوە ئەو ژیانە ئاساییەیان لێگۆڕا بۆ باروودۆخێکی خوێناوی و مەرگەساتبار. بەجۆرێک لە ماوەی ٦ خولەکدا، فڕۆکەکانی ڕژێمی بەعس ١٨ گەڕەکی شاری سنەیان بە چڕی و قورسی بەبۆمبی گەورە و ناپاڵمی قەدەغەکراو بۆرودمان کرد و کۆمەڵکوژیەکی خوێناویان خوڵقاند.
لەو کۆمەڵکوژیەدا، لانی کەم ٢٢٠ کەسی مەدەنی شەهید بوون و زیاتر لە ١٢٣ کەس بریندار بوون کە برینی دەیانیان سەخت بوو و دواتر ژمارەیەکیان بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە ژیانیان لەدەستدا. هاوکات دەیان خانوو و باڵەخانە ڕووخان و سەدان خانووی دیکەش زیانیان وەبەرکەوت.
ڕۆژێک دوای شاری سنەش، فڕۆکە جەنگیەکانی ڕژێمی ئێراق شاری 'سەقز'یان بۆردومان کرد و لەوێش 22 کەسیان کۆمەڵکوژ کردەوە و دەیان کەسی دیکەیان بریندارکردەوە و هەروەها زیانیش بە دەیان ماڵ و باڵەخانە گەیشت.
بۆردومان  و کۆمەڵکوژیەکان و شەڕی شارەکان بە شاری سەقزەوە نەوەستا و هاوکات ڕژێمی ئێراق شاری 'قروە'ی بۆردومان کرد و لەوێش بە شەهیدکردنی 35 هاوڵاتی و بریندارکردنی دەیان هاوڵاتی دیکە کۆمەڵکوژیەکی دیکەیان خوڵقاندەوە.
بەهۆی بۆردومان کۆمەڵکوژیەکانەوە، رەوشێکی هێندە ئاڵۆز و خوێناوی هاتبووە ئاراوە، نەخۆشخانەکانی سنە و سەقز و قروە و شارەکانی دیکە، بەهۆی زۆری شەهید و بریندارەکانەوە پڕ بووبوون و بەشێکی لە بریندرەکان بەهۆی بەنبوونی شوێن و وەرنەگرتنی چارەسەری و تیمارکردنەوە گیانیان لەدەستدا.

شیانی وەبیرهێنانەوەیە، جەنگی کۆنەپەرستانەوەی نێوان ئێران و عێڕاق کە لە ساڵی 1980 تا ساڵی 1988 بەردەوەام بوو و 8ساڵی خایاند، بەهۆیەوە زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە هەردوو وڵات کوژاران و بریندار بوون و سەدان ملیار دۆلار زیانی ماددی بە دوادهات و ئاسەوارەکانی ئەو شەڕەش تا بە ئەمڕۆش بەسەر ئەو دوو وڵاتە و دانیشتوانەکەیانەوە نەڕەویوەتەوە و دەیان هەزار کەسیش لەو شەڕەدا بێسەروشوێن بوون تا بە ئەمڕۆ چارەنوسیان نادیارە

هـ.‌هـ