٨ی ئادار لە مەخمور بە رێپێوانێک پیرۆز کرا

لە کامپی پەنابەرانی مەخمور ٨ی ئادار رۆژی جیهانیی ژنانی زەحمەتکێش بە رێکخستنی رێپێوانێکی جەماوەری پیرۆز کرا.

ژانانی کامپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی (مەخمور) بە بۆنەى ٨ی ئادار کۆبوونەوە و بە رێکخستنی رێپێوانێک رۆژی جیهانیی ژنانی زەحمەتکێشیان پیرۆز کرد.

ژنان لە بەردەم دەزگای بنەماڵەى شەهیدان کۆبوونەوە و بە بەرزرکردنەوەى پۆستەر و لافیتە و وتنەوەى دروشم بە هەموو شەقامەکانی کامپەکەدا رێپێوانیان ئەنجامدا.

رێپێوانەکە لە بەردەم پارکی شەهید زەهرا پەنابەر بۆ خوێندنەوەى راگەیاندراوە راوەستا. راگەیاندراوەکە لە دوای خولەکێک رێزگرتن خوێندرایەوە. پاکیستان بیلەن ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی عەشتار راگەیاندراوەکەى خوێندەوە و تیایدا هاتبوو، "سەرەتا ئەم رۆژە لە رێبەرایەتی، هەموو شەڕڤانانی ئازادی و گەلی کورد پیرۆز دەکەم. ئەمڕۆ ئێمە بە بۆنەى ٨ی ئادار رۆژی جیهانیی ژنانی زەحمەتکێش کۆبووینەتەوە. ژنان لە هەموو گۆڕەپانەکانی ژیاندا خاوەنی رۆڵێکی گرنگن. هەتاکو ژنان ئازاد نەبن کۆمەڵگەش ئازاد نابێت. تاوەکو کۆمەڵگە ئازاد نەبێت وڵاتیش ئازاد نابێت".

ئەوەشی تیادا هاتبوو، "ئێمە ئەمڕۆ دەبینین لە عەفرین، شەنگال و کۆبانێ ژنانی شۆڕشگێڕ لە بەرەکانی پێشی پێشەوەدا پێشەنگایەتی بۆ شۆڕش دەکەن. لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە وەک ژنانی کامپی پەنابەرانی مەخمور بەڵێن دەدەین تاوەکو رێبەرایەتی ئازاد نەکەین ئێمە درێژە بەم تێکۆشانە دەدەین. هەروەها دووبارە ئەم رۆژە لە هەموو ژنانی جیهان پیرۆز دەکەم".

لە دوای خوێندنەوەى راگەیاندراوەکە دروشمەکانی "٨ی ئادار لە رێبەر ئاپۆ پیرۆز بێت" و "بێ سەرۆک ژیان نابێت" وترانەوە و ژنان بە حەماسەت و ورەیەکی بەرزەوە شایی و گۆڤەندیان گێڕا.

ژ.ت