بەدران چیاکورد: بێ کورد کێشەی سوریا چارەسەر نابێت

بەدران چیاکورد جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند: "ڕوسیا هەوڵیدا کێشەکانی نێوان ئێمە و سوریا چارەسەر بکات، بەڵام حکومەتی شام هیچ ڕێگایەکی بۆ گفتوگۆ نەهێشتوەتەوە و دەیانەوێت هەموو شت بەپێی پلانی ئەوان بێت".

لە چوارچێوەی دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و بە تایبەتی ڕۆژئاوای کوردستان، لە دوای ساڵانێک لە تێکۆشان و هەنگاوی دواتری سیاسەتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە میانەی چاوپێکەوتنیکدا بەدران چیاکورد بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند:"لە دوای ساڵانێکی دور و درێژ لە تێکۆشان و بەرخۆدانی لە دژی هێزی تیرۆریست و توندڕەو و لە دژی هێزی داگیرکەر نمونەی دەوڵەتی تورکیا، کە سەرکردایەتی داگیرکاری دەکات، گەلی ڕۆژهەڵات و باکوری سوریا  گەیشتە قۆناغێکی مێژویی، کە ئەمڕۆ ئەو دەسکەوتانەی دروستبوون بیانپارێزێ و جارێکیتر ئەو دەسکەوتانەی لە دژی تیرۆر بەدەستیان خست، ئەو دەسکەوتانە بگەڕێننەوە و بیکەنە دەسکەوتی سیاسی. ئەمڕۆ لە پێش بەڕێوبەرایەتی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دۆخێک هەیە، کە تێکۆشان دەکات لە هەمو ئاستەکان کە دانپیانانێکی سیاسی بۆ بەڕێوبەرایەتی خۆسەر و دەزگاکانی دروست بکات، ئەمەش هەنگاوێکی گرینگە و لەسەر ئەمە کار و خەبات پێش دەکەوێت. بۆ ئەم بابەتەش لەگەڵ هەمو لایەنەکان لە پەیوەندیدان، لەگەڵ هێزە ئەورەپیەکان و هێزی هاوپەیمانان و لەگەڵ ڕوسیا کە چۆن بەڕێوبەرایەتی خۆسەر ببێتە بەشێک لە چارەسەری سوریا و بەشداری دیالۆگی چارەسەری ببێت".

'بێ کورد کێشەی سوریا چارەسەر نابێت'

بەدران چیاکورد ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان بەو پێیەی چاودێری دۆخەکە دەکەن زۆر بابەت کە پەیوەندی بە کێشەی سوریاوە هەیە دەبینن کە ئاستەمە بێ کورد و بێ بەڕێوبەرایەتی خۆسەر چارەسەر بکرێت و وتی: "هەمو هەوڵە ئەنجامدراەکانیش شایەتی ئەم قسەیە ئەدا، چونکە نە دەستوری سوریا دروست بوو لە جنێڤ نە کۆبونەوەکانیان سەری گرت، چونکە ئێمە وتمان ئەمان نوێنەرایەتی هەمو سوریا ناکەن. بۆ ئەمەش ئێستا گفتوگۆ هەیە، کە چۆن بەڕێوبەرایەتی خۆسەر و ئەنجومەنی سوریای دیموکرات بەشداری سیاسی بکات لە کێشەکانی سوریا، ئەمەش کار و خەباتی دەوێت و بە ئاسانی دروست نابێت. دەوڵەتی تورکیاش هەمو هەوڵێک ئەدات لەگەڵ هەمو لایەنەکان و دەوڵەتان کۆدەبێتەوە کە ستاتۆ و پێگەیەکی سیاسی بۆ باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دروست نەبێت و ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە. لە ڕوی لایەن ئەمنی و لایەنی سەربازییەوە تورکیا هەڕەشەیەکی گەورە و بەردەوامە بۆ سەر بەڕێوبەرایەتی خۆسەر، ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە لەگەڵ کیشە سیاسییەکان لەبەردەم بەڕێوبەرایەتی خۆسەر".

'تورکیا دەیەوێت هەمو دەسکەوتەکانی ڕۆژئاوا لەناو بدات'

هەروەها وتیشی: "دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت ئەو دەسکەوتانەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەناو ببات و ئەو دیموکراتییەی کە هەیە لەناوی ببات، چونکە دەوڵەتی تورکیا لەسەر ئینکارکردنی مافەکانی گەلی کورد خۆی پێشدەخات و لەسەر ئەستەنگ کردنی پرۆژەی سیاسی و دیموکراسی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا خۆی پێش دەخات. لە لایەکی دیکەشەوە دەیەوێت هێزی ئیسلامی سیاسی لە ناو سوریا کاریگەر بکات و بەهێزی بکات، لێرەشدا پرۆژەی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر ئاستەنگیەکی گەورەیە بۆ سیاسەت و پرۆژەی دەوڵەتی تورکیا، بە هەمو هێزی خۆیەوە هەوڵ ئەدات کە ئەو دەسکەتانەی دروست بونە ئاستەنگیان بۆ دروست بکات. تورکیا لەگەڵ ڕوسیا ڕێککەوتن دەکات لەگەڵ ئەمریکا ڕێککەوتن دەکات لەگەڵ وڵاتانی ئەورەپاش ڕێککەوتن دەکات کە هاوکاری و پشتگیری قەسەدە نەکرێت. گەیشتە ئاستێک کە تورکیا خۆی هێرش دەکات هێزی خۆی بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی دەس بگرێت بەسەر خاکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و داگیری بکات بە هەمان شێوەی عەفرین، سەری کانی، گرێسپی و لە ڕابردوشدا لە جەرابلس و باب ئەمە ئەو سیاسەتەیە کە دەوڵەتی تورکیا بەڕێوەی دەبات و بەردەوامیشە. دەوڵەتی تورکیا هەمو کات ئامادەیە هێرشی ڕۆژئاوا بکات ئەگەر ببینێت گڵوپی سەوز لە لایەن دەوڵەتە زلهێزەکانەوە هەیە دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکات، ئەم هەڕەشانەش نەک تەنها بۆ ڕۆژئاوایە بەڵکو بۆ تەواوی کوردستانە و لە باشوری کوردستانیش پێشی خستوە و پێکیهێناوە، لە باکوری کوردستانیش بە هەمان شێوە بە هەزاران کەسی کردووەتە زیندانەکانەوە لە کاتێکدا ئەوانە بە دەنگدان چونەتە شارەوانی و بە دەنگدان بونەتە ئەندام پەرلەمان، دەوڵەتی تورکیا لە دژی هەمو ئەمانەیە".

'داگیرکردنی سەری کانی لە ئەنجامی ڕێککەوتنی نێوان ترامپ و ئەردۆغان بوو'

لەبارەی داگیرکردنی سەرێکانی و گرێ سپی و دوایین گۆڕانکارییەکان لەو ناوچانە بەدران چیاکورد باسی لەوە کرد، داگیرکردنی تورکیا بۆ سەرێکانی و گرێ سپی لە ئەنجامی ڕێککەوتنێک لە نێوان ئەردۆغان و ترامپ دا دروست بوو، چونکە پێش ئەوە پلانێکی دیکە هەبوو بە تایبەت لەلایەن نوێنەری ئەمریکا جیمس جیفری کە لە نێوان تورکیا و قەسەدە بوو، دەیویست هەرێمێک ئارام لە ٥ کیلۆمەتر دروست بکات، هەروەها وتیشی:" بۆ ئەمەش قەسەدە بە نییەتێکی باش کاری کرد، هێزەکانی خۆی ٥ کیلۆمەتر کشاندەوە و زۆرێک لە بارەگا و سەنگەری خۆیان تێکدا و ویستیان هەڕەشە بۆ سەر ڕۆژئاوا دروست نەبێت. تەنانەت بەڕێوبەرایەتی خۆسەر ئامادەیی خۆی نیشاندا کە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا گفتوگۆ بکات لەسەر ئەو کێشانەی کە هەیە و چارەسەری بکات، بەڵام بەداخەوە وەڵامی ئەوە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ئەوە بوو، کە هێرشێکی وەحشیانەی بۆ سەر سەرێکانی و گرێ سپی کرد. ئەمەش کاردانەوەی بەهێزی هەبوو لە ئەمریکا و لەناو گەلی ئەمریکا، لە ئاستێکی باڵا کاردانەوە و ناڕازیبونیان نیشاندا لە دژی ئەو بڕیارەی کە ترامپ داوێتی بە تورکیا کە ئەم ناوچانە داگیربکات. دواتر لەناوبەری ئەمریکا و تورکیا پەیمانێک دروست بوو، کە ئاگربەست دروست ببێت لەسەر بنەمای ئەو هەرێمەی دەوڵەتی تورکیا داگیری کردوە فراوانتر نەبێت، بەڵام دەوڵەتی تورکیا و گروپە چەتەکانی پەیوەست نەبوون بەو ئاگربەستە و تاکو ئێستاش بەردەوامە لە هێرشی خۆی لەسەر خاکی ڕۆژئاوا. لە دوای ئەوە و ٢٣ی ئەکتۆبەر جارێکیتر ڕێککەوتن لەنێوان ڕوسیا و تورکیا دروست بوو لێرەدا ڕوسیا ویستی بە ڕێککەوتنێکی نوێ تورکیا ڕابگرێت و هێرشی تورکیا زیاتر پێش نەکەوێت. ئێمە لەناو ئەو ڕێکەتنە نەبوین بەڵام ئێمە ئەو ڕێککەوتنەمان قبوڵ کرد کە پێویستە یەپەگە ٣٠ کیلۆمەتر دوری سنور بێت و چەکی گران نەمێنێت، ئێمە ئەمانەمان قبوڵ کرد و هێزی عەسکەری پابەند بوون و تاکو ئێستاش گرێدراون پێوەی بەڵام دەوڵەتی تورکیا بەم ڕێککەوتنانەوە پابەند نەبو و هەمو کەس دەزانێت ڕۆژانە هێرش هەیە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان مرۆڤی سڤیل دەکوژێت لە قامشلو و لە کۆبانی و لە هەمو لایەکەوە هێرش دەکات، سنور ناناسێت و ڕێککەوتن ناناسێت. ڕوسیا و ئەمریکا بەرپرسیارن لەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا کە دەیکاتە سەرمان، دەبێت لەبەرامبەر ئەو هێرشانە بە ئەرک و بەرپرسیاریەتی خۆیان هەستن، چونکە ڕێککەوتنێک لە نێوان تورکیا و ئەو دوو دەوڵەتە هەیە. ئەمریکا و ڕوسیا لەگەڵ تورکیا ڕێککەوتون بۆ ئەوەی چیتر هێرشی ئێمە نەکات و بە ئێمەشیان ڕاگەیاندوە، بەڵام ئێمە باوەڕمان بەو بەڵێنانە نییە، چونکە ئەگەر تورکیا بیەوێت هێرشی ئێمە بکات ئەمریکا و ڕوسیا لەبەر ڕۆژئاوا شەڕی تورکیا ناکەن ئەمەش لە شەڕی سەرێکانی و شەڕی عەفرین بە ڕوونی دەبینرا".

'تەنها ئەو داعشانە ئازاد دەکرێن، کە دەستیان لە کوشتن و کردەوەی تیرۆرستیدا نییە'

دەربارەی ئەو زیندانییە داعشانەی کە ئازاد دەکرێن لە ڕۆژئاوا بەدران چیاکورد ڕایگەیاند: "بێگومان ئێمە ناتوانین بڵێین سەد لە سەد گرنتی دەکەین، کە ئەمانە پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ هیچ لایەنێک دروست ناکەن، بەڵام کاتێک ئەمانە ئازاد کران لەسەر ئەو بنەمایە بوو، کە ئەمان دەستیان لە کردە تیرۆریسیتیەکاندا نەبووە و دەسیان لە خوێنی کەس دا نییە. هیوادارین کە ئەم کەسانە بەشداری کۆمەڵگا بکەن و لەو فکرە توندڕەوییە بە دوور بن و بتوانن لێرە بە دواوە خزمەتی هەرێمی خۆیان بکەن. زۆرێک لە ڕیش سپی و سەرۆک عەشیرەتیان وەک گرنتیەک خۆیان نیشان دەدەن، کە ئیتر ئەوان بەرپرسیارێتی ئەمانە دەخەنە ئەستۆی خۆیان و ژیانی خۆیان بەردەوام بکەن. ئەو کەسانەشی کە تاوانبارن و لەناو کردەوەی تیرۆریستیدا جێیان گرتوە، بێگومان ئەوانە دادگایی دەکرێن و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە حوکم دەدرێن. ئەو هەرێمانەی کە لە دەستی داعش ڕزگار کراوە نمونەی دێرەزور و ڕەقە لە لایەن کۆمەڵایەتی ئەو ناوچانەوە پێویستە ئێمە سەرڕاستیان بکەینەوە و پاک و پیسیان ئاشکرا بکەین، ئەوانەی لە شەڕدا دەستگیرکراون هەمویان دادگایی بکرێن ئەوەی تاوانبارە سزا بدرێت و ئەوەشی دەستی لە هیچ کردەوەیەکدا نییە ئازاد بکرێت و بەشداری کۆمەڵگا بکات. ئەوانەی لە کەمپەکانن، نمونەی شەڕی باهۆز کە بەشێکی زۆریان خۆیان تەسلیم کرد، ئەوانەی هیچ تاوانێکیان نییە ئەوانیش ئازاد دەبن و دەگەڕێنەوە هەرێمەکانی خۆیان".

'ڕێککەوتن لەگەڵ ئەنەکەسە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانە'

لە بارەی پرسی ڕێککەوتن لەگەڵ ئەنەکەسە لە ڕۆژئاوا بەدران چیاکورد پێی وابوو گفتوگۆی کورد و کورد گرینگییەکی زۆر گەورەی هەیە و ئەوان هەمو هەوڵێک دەدەن کە ئەم دیالۆگە پێش بکەوێت و بگەنە ئەنجامێک لەبەر دوو هۆکار، یەکەم ڕەوشێکی مێژویی هەیە لە هەرێمەکە، کە بتوانن ئەو دەسکەوتانە بپارێزن چونکە گۆڕانکاری هەیە لە هەرێمەکەدا و دەربارەی مژاری مافی کورد نیقاشێکی نێودەوڵەتی هەیە و بۆ ئەمەش پێویستە هەمو گەلی کورد خاوەن یەک بیر و بۆچون و یەک هەڵوێست بن. دووەم خاڵ ئەوەیە کە هەڕەشەیەکی زۆر گەورە لەسەر دەستکەوتەکان هەیە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بە تایبەت و ئەو هێزە دەسەڵاتدارانەی کە لە ناوچەکەیا هەن، هەروەها وتیشی :"بۆ ئەمەش پێویستە جارێکیتر یەکڕیزیی کورد هەبێت و هەڵوێستی کورد یەک بێت لە بەرامبەر ئەو هەڕەشانە. دەربارەی ئەم پرسانە ئێمە گفتوگۆمان دەستپێکرد و لە ئێستاشدا بە باشی بەڕێوە دەچێت، لەگەڵ ئەوەی کەمێک قورسە، بەڵام ئەنجامی باشمان لێی بینیوە و نیقاشی ئەو هەرێمانە کراوە، کە داگیرکراون و دەربارەی داهاتوی ڕۆژئاوا و سوریا و ئەو لایەنە ئۆپۆزسیۆنانە گفتوگۆکراوە و گەیشتوین بە ئەنجامێکی هاوبەش لەم بوارانەدا ئەمەش خاڵێکی گرینگە".

'ئەنەکەسە دانی بەوەدا ناوە کە عەفرین و سەرێکانی هەرێمی داگیرکراون و پێویستە ئازاد بکرێن'

بەدران چیاکورد ڕایگەیاند: "لە بارەی هەرێمی عەفرین و سەرێکانی گفتوگۆ زۆر دروست بوو، کە ئێمە چۆن پێناسەی ئەم هەرێمانە بکەین و بۆچوون و سیاسەتی ئێمە بۆ ئەو هەرێمانە چی بێت، پێناسەی ئەو هەرێمانەش بەم شێوەیە بوو کە داگیرکراون و پێویستە ئازاد بکرێن و خەڵکی ئەو ناوچانەش بە گرنتیی نێودەوڵەتی بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و هەمو موڵک و ئیمکانی خەڵکی لەو هەرێمانە کە دزراون و دەستیان بەسەردا گیراوە هەموی بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێنەوە. هەروەها ئەو گۆڕانکارییە دیموگرافیانەی لەو ناوچانە ئەکرێت ڕابگیرێت و خەڵکی بێگانە لەوێ دەرکەوێت و خاوەنی خۆیان بگەڕێنەوە ناوچەکە".

هەروەها وتیشی: "لە ئێستادا گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکرێت، کە چۆن ئەنەکەسە بەشداری بەڕێوبەری خۆسەر ببێت، بۆ ئەمەش کیشە و گرفت زۆرە، چونکە مژاری پەروەردە هەیە و مژاری ئەرکی خۆپاراستن هەیە ئەمانەش هەموی گرێدراوی بەڕێوبەرایەتی خۆسەرە، ئەو کۆمیتەیەی، کە دروست بووە بە هاوبەشی بچن لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی خۆسەر گفتوگۆ بکات. مژاری لەشکەری هەیە بۆ ئەمەش کۆمیتەیەک لە لایەن مەرجەعیەتی کوردی دروست دەکرێت و دەچێت لەگەڵ قەسەدە گفتوگۆ دەکات ئەگەر ئەنەکەسە ئیمکانی لەشکری هەبێت و بیەوێت بەشدار ببێت دەبێت لەسەر ئەمانە ڕێککەوتن بکات. لە بارەی دروستبوونی مەرجەعیەت بۆ ئەوەی هەمو کەس ئەم مژارە تێبگات ئێمە ٤٠ بە ٤٠ ڕێکەتوین و لایەنەکانیش لە سەدا ١٠ بە ١٠ بەشدار دەبن، ئەم مەرجەعیەتە تەنها بۆ کوردە و نابێتە جیگای بڕیار لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. ئەم مەرجەعیەتە تەنها سیاسەتی کورد ئاشکرا دەکات و بڕیاری کورد نیشان دەدات، سیاسەتی کورد چی بێت لەلایەن سیاسەت و ستراتیژییەوە ئەوان پلان و بەرنامەی بۆ دادەنێن. وەکو هەموان دەزانن لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تەنها کورد بەڕێوبەر نییە و بە هاوبەشی بەڕێوە دەچێت لەگەڵ عەرەب و سوریان و تورکمان وهەمو پێکهاتەکان لەوێ بڕیار دەدەن، ئەم مەرجەعیەتە ناتوانێت لە جێی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر بڕیار بدات. ئەگەر وەکو کورد پلانێکی هاوبەشیان هەبێت لەو مەرجەعیەتە دەبێت وەکو پێشنیار بچن پێشکەشی بەڕێوبەرایەتی خۆسەری بکەن و بەڕێوبەرایەتی خۆسەریش نیقاشی لەسەر دەکات و هەمو پێکهاتەکان ئەگەر بە گونجاویان زانی ئەو کات دەبێتە بڕیارێک لە هەمو باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا".

'سوریا دەیەوێت شەڕ لە نێوان ئێمە و نەتەوەی عەرەب دروست بکات'

بەدران چیاکورد ئەوەشی ڕاگەیاند:" هەرێمی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە کۆمەڵگای خۆی و جوگرافیای خۆی بەشێکە لە سوریا و ئەم پرۆژەیە لە چوارچێوەیەکی سیاسی سوریا خۆی دروستکردووە و خۆی لە چوارچێوەی سوریا دەبینێتەوە. ئەگەر چارەسەرییەک لەگەڵ ڕژێمی بەعس پێش بکەوێت زۆر هەوڵدان کرا لەلایەن ڕوسیا بە تایبەتی ویستیان ڕاستەوخۆ گفتوگۆ دروست بێت لە نێوان بەڕێوبەرایەتی خۆسەر و شام، بەڵام بەداخەوە ئەم دیالۆگە هیچ ئەنجامێکی نەبوو و لە ئێستادا ڕاوەستاوە. یەک لە هۆکارەکانیش هەڵوێستی شام بوو کە هەمو گفتوگۆیەکیان بۆ چارەسەری نەهێشتەوە، لە سیاسەتی خۆیان جەخت دەکەنەوە و دەیانەوێت قسەی ئەوان بێت و دەیانەوێت هەمو شتێک لە ڕێگەی لەشکەریەوە چارەسەر بکەن و سەروەری خۆیان وەکو پێش ساڵی ٢٠١١ دروست بکەنەوە ئەمەش ناتوانرێت بکرێت، چونکە ئەو هەموو گۆڕانکارییە لەو ناوچەیە دروستبووە، ئەمە نە گەلی هەرێمەکە پێی ڕازی دەبێت نە بەڕێوبەرایەتی خۆسەر پێی ڕازی دەبێت. لە لایەکی دیکەوە لە بەرامبەر شەڕی تیرۆر قوربانییەکی زۆر دراوە و ئەم هەرێمە تایبەتمەندییەکی خۆی هەیە، بەڵام سوریا حیساب بۆ ئەمانە ناکات و بەردەوام هەڕەشە دەکات و بەڕێوبەرایەتی خۆسەر بە پارچەکردنی سوریا تاوانبار دەکات. بەم شێوەیە دەیەوێت گروپە شۆڤێنییە عەرەبەکان لە دژی ئێمە گەرم بکات و شەڕی نێوان ئێمە و عەرەب دروست بکات وەک لە دێرەزور و ڕەقە کردی و هەوڵیش دەدات لە حەسەکە بیکات، لەو ڕوەوە ئێمە باوەڕمان بە گەلی ناوچەکە هەیە و داواکارین نەکەونە ژێر کاریگەریی ئەو پروپاگەندانەوە".

'ڕێککەتنی نێوان پەدەکە و عێراق لەسەر پرسی شەنگال دیموکراتی نییە'

لە دوایین قسەکانیدا دەربارەی پرسی شەنگال بەدران چیاکورد ئەوەی خستەڕوو، کە پێویستە ئیرادەی گەلی شەنگال بە هەند وەربگیرێت، ئەگەر چارەسەرییەک هەیە لە ناوچەکە بۆ شەنگال پێویستە گوێ لە خەڵکی شەنگال بگرن، بە بڕیاری ئەوان شێوازێک لە چارەسەری پێش بکەوێت. هەروەها وتیشی: "وەکو هەمومان ئەزانین خەڵکی شەنگال خاوەن ئەنجومەنێکی مەدەنین و خۆیان بەڕێوە دەبەن، خاوەن هێزێکی لەشکەرین و پاراستنین وەکو هێزی یەبەشە، کۆمەڵگای ئێزیدی ناچار بوو دوای تێکۆشان لە دژی تیرۆر و ئازادکردنی شەنگال لە داعش بتوانێت خۆیان ڕێکخستن بکەن و پشتی خۆی بە هیچ لایەنێکی دیکە نەبەستێت. پێشوتر هێزی دیکە لە شەنگال هەبون و لەوێ کشانەوە و بۆیە هۆی ئەوەوە کارەسات لە شەنگال دروست بوو، کۆمەڵگای ئێزیدی جارێکیتر ئیرادە و هێزی خۆی تەسلیمی هیچ لایەن و هێزێکی دیکە ناکات، هەر بۆیە پێویستە فکر و بڕیاری خەڵکی ئێزدی بە هەند وەربگیرێت بۆ چارەسەری دۆخی ناوچەکە. وەکو ئێمەی چاودێری دەکەین دوو لایەن ڕێککەوتنیان کردووە بێ ئەوەی خەڵکی ئێزدی لەناویاندا هەبێت بێ ئەوەی بەڕێوبەرایەتی شەنگالی تێدابێت بیگومان ڕێککەوتنێکی ڕاست نییە. ئەو ڕێککەوتنە لە ناوبەر بەغداد و پەدەکە دروستبووە ئەی باشە گەلی ئێزدی هەیە و بەڕێوبەرایەتی ئەوان هەیە و هێزی پاراستنیان هەیە، تەنانەت گەلێک ڕیش سپیان هەیە و ڕێکخراویان هەیە لە دەرەوەی شەنگال، بەڵام کەس ئەوانی بە هەند وەرنەگرتوە و قسەی کەسیان لا گرینگ نەبوە، بەم شێوەیەش دەیانەوێت کێشەی شەنگال چارەسەر بکەن. بە بڕاوی ئێمە ڕێککەوتنێکی لەم شێوەیە دیموکراتی نییە و ڕاست نییە لە خزمەتی گەلی ئێزیدیش نییە. ئێمە وەکو ڕۆژئاوا قسەمان لەسەر ئەم پرسە ڕون و ئاشکرایە، چونکە یەپەگە و یەپەژە هاوکاریی شەنگالیان کرد و بە سەدان هەزار خەڵکی ئێزدیان لە کۆمەڵکوژی ڕزگار کرد بە دڵنیاییەوە لەم بارەیەوە قسەی یەپەگە و یەپەژەش هەیە، چونکە هێزێکن ڕۆڵیان هەبو و گەلی ئیزیدیان لە کۆمەڵکوژی ڕزگار کرد. ئەمڕۆ ئەگەر ئەو گەلە لە دەرەوەی ئەو ڕێککەوتنەیە بەو واتایە دێت، کە ئەم گەلە جاریکیتر کۆمەڵکوژی لەسەر ئەکرێتەوە، هیچ گەرەنتیەک نییە کە ئەم گەلە بێ پاراستن جارێ تر کۆمەڵکوژ ناکرێتەوە. پێویستە ئەم بابەتە لەبەر چاو بگیرێت و لەگەڵ خەڵکی شەنگال قسە بکرێت و لەگەڵ ڕێوبەری شەنگال قسە بکرێت، بڕیاری ئەوانیش دەبێت لە چوارچێوەی چارەسەری دۆخی ناوچەکەبێت".

ژ.ت