ڕێبەر ئۆجالان: بارزانی و تورک هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی ئێزدییەکان نەگەڕێنەوە بۆ شەنگال

عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەر ئێزدییەکان نەگەڕێنەوە بۆ خاکی دێرینی خۆیان، ئەوە کارەساتێکی گەورە ڕوودەدات، دەشڵێت: ئێزدایەتیی بیروبۆچوونی باوباپیرانمانە، یان گەلی ئێزدی دەپارێزین و شەرەفمان هەمیشەیی دەکەین، یان کورد نامێنێت.

عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەر ئێزدییەکان نەگەڕێنەوە بۆ خاکی دێرینی خۆیان كە شەنگالە، ئەوە کارەساتێکی گەورە ڕوودەدات، دەشڵێت: ئێزدایەتیی بیروبۆچوونی باوباپیرانمانە، یان گەلی ئێزدی دەپارێزین و شەرەفمان هەمیشەیی دەکەین، یان کورد نامێنێت، بارزانی و دەوڵەتی تورکیا هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی ئێزیدییەکان نەگەڕێنەوە بۆ شەنگال، بۆ ئەوەی ئێزیدییەکان لە شەنگال دەربكەن و لە کوردستان دووریان بخەنەوە، پەرە بە هەموو جۆرە شەڕێکی تایبەت، شەڕی دەروونی دەدەن، دەیانەوێت ئێزدییەکان بەرەو ئەوروپا ببەنە دەرەوە، ئەمەش بە واتای لەناوبردنی ئێزدییەکان دێت.

لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ چەتەکانی داعش هێرشی دڕندانەیان بۆ سەر شەنگال دەستپێکرد، بەهۆی ئەو هێرشانەشەوە زۆرێک لە ئێزدییەکان بوونە قوربانیی و هەزاران کەسیان ڕفێندران و تا ئێستاش چارەنووسی زۆریان نادیارە، جگە لەوەش هەزاران کەس لە شەنگالەوە کۆچیان کردووە و تا ئێستاش بەشێکی زۆریان لە کامپەکاندا دەژین، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) ڕێگەیان پێنادات بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.

عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد لە کاتە جیاوازەکاندا و لە دیدارەکانیدا لەگەڵ پارێزەرەکانی باسی ڕەوشی شەنگالی کردبوو و لەبارەی مەترسیی بۆ سەر شەنگال هۆشداریی دابوو.

دەقی بەشێک لە بیروبۆچوونەکانی ڕێبەر ئۆجالان؛

سڵاو لە گەلی ئێزدیمان دەكەم، كە بە گەشاندنەوەی ئاگری بەرخۆدانی هۆشیارانە، دژی زوڵم و زۆرداریی ڕاپەرین، سڵاو و خۆشەویستی خۆم بۆ گەنجانی وڵاتەکەم دەنێرم، کە خۆڕاگرن هەروەها ئەو ژنانەی، کە کڕنۆش بۆ دوژمنان نابەن، ئەو کەسانەی، کە هەرگیز ئاگری ئازادییان لە دڵیاندا نەکوژاندووەتەوە، سڵاو لە گەلی ئازامان دەكەم، کە لە چیای شەنگال خۆڕاگریی دەکەن، كە بووەتە هەوارگەی دەروێشی عەدول.

“چیای شەنگال بووەتە پەناگە”

دەشتی موسڵ و چیای شەنگال، کە لە مێژوودا هەموو هێزەکان ویستویانە تێیدا ئاگری ئازادیی بکوژێننەوە و لەناویان بەرن، لە بەرامبەر هێرشە دڕندەکانیان بوونەتە ناوچەی گەورەترین بەرخۆدان، شاخەکانی شەنگال هەمیشە گەلی ئێزیدی ئێمەیان لە باوەش گرتووە، کە لە بەرەنگاربوونەوەدا بوون و بوون بە پەناگە، بەرخۆدان لەم ناوچانەدا بووەتە کەلتوور، لەسەرەتای مێژووەوە تا ئێستا، هەر لە سەرەتای كۆمەڵگاوە تا گوندەكان، تا خێڵ و هۆز و نەتەوە و پێكهاتە ئاینییەكان و لە گوندەوە تا شار، خۆپاراستن هەمیشە پرسی سەرەكی كۆمەڵگاكان بووە، داگیرکەران هەمیشە وەک گورگ وان كە بەدوای نێچیرەکەیاندا دەگەڕێن و هەمیشە ئەو كۆمەڵگایانەی، كە لە خۆپاراستن بێبەشن، وەک مەڕوماڵات بڵاوەیان پێ دەكرێت و بە ئارەزووی خۆیان دەستیان بەسەردا دەگیرێت، پاراستن ئەرکی بنەڕەتیی کۆمەڵگایە، ئاگری بەرخۆدان مژدەی ژیانی ئازادە، تا ئەوکاتەی بەرخودان بەروپێش نەبرێت، ئازادیی و ڕزگاریی مرۆڤیش ناچێتە پێش.

“هەموومان کوژراین”

هەرچەندە ماوەی حەوت ساڵە لەبارەی شەنگالەوە هۆشداری دەدەم، هیچ رێوشوێنێکی خۆپارێزیی نەگیراوەتەبەر، بەڵام بینیتان چی ڕوویدا، لە ئەنجامدا دیمەنێکی وەک داعشی دڕندە سەریهەڵدا، ڕێکخراوێک، کە واتای دڕندەیی تێپەڕاندووە، بەبێ ئەوەی جیاوازیی بكات لە نێوان منداڵ و ژن، کورد و تورکمان و عەرەب و ئاشووری و ئێزیدی و سریانی و بەگشتی خەڵکی ناوچەکە، لە دژی بیروباوەڕەكان کۆمەڵکوژییەکی دڕندانەیان ئەنجامدا، سەری پیاوان دەبڕن، دەڵێن ژن دەستكەوتی شەڕە و دەیبەن، لە ڕاستیدا ئەوە هەموومان بووین، کە کوژراین و دەستدرێژیی کرایە سەرمان، پێویست بوو جیهان وێران بكرایە و قیامەت هەڵبسێنرایە، ئەگەر ڕێگریی لێ نەکەین، كۆمەڵكوژیی لەمجۆرە بەردەوام دەبێت و لە هەموو شوێنێک تاڵانکاریی ڕوودەدات.

“ئەوەی کەس نەیکرد، بزووتنەوەی ئازادیی کردی”

ئێمە ئەوانەین، کە لە ڕاستیدا لە ڕۆژئاوا و شەنگالیش خەبات و تێكۆشان دەکەین، ئەوەی کەس نەیدەتوانی بیکات بزووتنەوەی تێکۆشانی ئازادیی کورد ئەنجامیدا، لەگەڵ داعش شەڕی کرد و شکستی پێهێنا، بزووتنەوەی ئازادیی کورد چۆن توانی ئەو کارە بکات؟ پێویستە باش لەوە تێبگەین، بۆ ئەوەی ئیرادە و باوەڕ و بڕیار و زیرەکیی بۆ شەڕی دژی داعش دروست بکرێت، دەبێت بیروبۆچوونێك لە پشتەوە هەبێت، ئەگەر بزووتنەوەی ئازادیی کورد بتوانێت ئەم کارە بکات بە پشتبەستن بە بۆچوونێکی ئازاد، بۆچوونێکی زانستی نوێ، عەقڵیەتێکی بنیاتنەر دەبەخشێت، ئەگەر راستی سەرۆكایەتیی و فەلسەفەکەی بوونی نەبووایە، ئایا دەکرا سەرکەوتن بەدەست بهێنرێت؟ تا ئێستاش گەلی ئێزدیی ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژیی دەبنەوە، ئەگەر لە شەنگال گروپێکی گەریلا هەبوایە ئەوەندە خەڵک نەدەکوژران، ئێزدایەتیی بۆچوونی باوباپیرانی کوردە، یان گەلی ئێزدی دەپارێزین و شەرەفمان دەکەینە هەمیشەیی یان کورد نامێنێت.

“بارزانی و دەوڵەتی تورک هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی رێگری لە گەڕانەوەی ئێزیدییەکان بۆ شەنگال بکەن “.

بارزانی و دەوڵەتی تورکیا هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی ئێزیدییەکان نەگەڕێنەوە بۆ شەنگال، بۆ ئەوەی ئێزیدییەکان لە شەنگال دەربكەن، لە کوردستان دووریان بخەنەوە، پەرە بە هەموو جۆرە شەڕێکی تایبەت، شەڕی دەروونی دەدەن، بە سیاسەتی شەڕی تایبەت، دەیانەوێت ئێزدییەکان بەرەو ئەوروپا ببەنە دەرەوە، ئەمەش بە واتای لەناوبردنی ئێزدییەکان دێت، لەم دۆخەی ئێستادا زۆر ئێزدی لە شەنگال نەماون، ئەم دۆخە لە ڕوانگەی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی و کەلتوورییەوە زۆر مەترسیدارە، ئەگەر ئێزیدییەکان جارێكی تر نەگەڕێنەوە سەر خاکی دێرینی خۆیان لە شەنگال، کارەساتێکی گەورە ڕوودەدات، ئەوان لە جینۆساید ڕزگاریان بوو، بەڵام ناتوانن لە جینۆسایدی کەلتووریی ڕزگاریان بێت، ئێزیدییەکان تەنیا یەک ڕێگەیان هەیە بۆ پاراستنی خۆیان، ئەویش گەڕانەوەیە بۆ خاکی دێرینی شەنگال، بەدەر لەمەش، مەحاڵە بوونی مێژوویی و فەرهەنگیی و ئایینیمان بپارێزین، شەنگال بۆ ئێزدییەکان واتای چییە، چ جۆرە بوونێک لە ڕووی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئاینییەوە دەگەیەنێت؟ پێویستە ئەو سیاسەت و كردەوانەی بەرامبەر ئێزدییەكان دەكرێت، شكستی پێبهێنین، کۆچی ئێزیدییەکان بۆ ئەوروپا و ئەڵمانیا ڕزگاریكردنی ئەوان نییە، بەڵكو لەناوبردنیانە.

‘با ئێزدییەکان بڕیاری خۆیان بدەن، ئەوە بڕیاری ئەوانە

من بە تێگەیشتن لە ڕاستییەکان مامەڵە لەگەڵ هەموو شتێک دەكەم، دەوڵەت گرنگی بەو کارانە نادات، کە ئێمە دەیکەین، ئێمە لە ئێستاوە گەورەترین ڕێوشوێنی خۆپارێزیی دەگرینەبەر، ئەمەیە، کە ئێمە لە شەنگال دەیکەین، با ئێزدییەکان خۆیان بڕیار بدەن، ئەوە لای خۆیانە، كە دەیانەوێت چۆن بڕیار بدەن، پێشتر وتم چی پێویستە بۆ پاراستنی خەڵكی شەنگال بكرێت، پێویستە خۆیان، خۆیان بپارێزن، ئێمە ناتوانین ئەوان لە بەردەم ڕەحمەتی پێشمەرگەدا جێبهێڵین، هەر لەبەر ئەم هۆیەش خەبات بۆ ئازادیی ئاسان نییە، بانگەوازیی بۆ هەموو ئەو کەسانە دەکەم، کە خۆیان بە بەرپرسی سەردەم و مرۆڤایەتی دەزانن، کە لە دوای ١٢ی مانگدا، بەشێک بن لە هێڵی بەرگریی و تێکۆشان، لە فراوانکردنی هێڵی بەرخۆدان لە چیای شەنگال و لە ڕۆژئاوا، دواتر هێنانەوەی ئێزدییەکان بۆ سەر زەوییەکانیان، تێكۆشانی شەنگال لە داگیرکارییەوە دەستپێبكرێت تا ڕزگاریی، ئەمەش بە دڵنیاییەوە پێویستی بە هێزێكی پاراستن هەیە.

“کۆنفیدراڵیزم بۆ ئێزدییەکان گرنگە”

من کاری ڕێکخراوەیی و پەروەردەی كادر و هتد.. بۆ ئەوە بە گرنگ دەبینم، ئەوانەی دێن، سەرەتا بچنە ناو پێگەی ڕێكخراوەیی، با لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە پەروەردە بكرێن، با زەمینگیر و دەستەوەستان نەبن، پێویستە ئێوە لە هەموو شوێنێك خۆتان ڕێكبخەن، ڕێکخراوی خۆتان دابمەزرێنن، کۆنفیدڕاڵیزم بە تایبەتی بۆ ئێزدی و عەلەوی گرنگە، دەتوانن سەنتەزی باش دروست بکەن، گرنگ نیشاندانی ڕێگای ڕاستی دیموكراسییە، تەنانەت لە ئێستاش بەدواوە مەترسییەکە بەردەوامە، ئەگەری زۆرە داعش دووبارە خۆی ڕێكبخاتەوە، ڕژێمی بەعسیش ئەگەری هەیە خۆی کۆبکاتەوە و بەرد بەسەر بەردەوە نەهێڵیتەوە، لە بەرامبەر دواکەوتوویی عێراقدا، پێویستە ڕێككەوتنیان لەگەڵدا بكرێت، بەمجۆرەش  ڕۆڵی ئاغا و دەرەبەگەكان كەمدەبێتەوە”.

“خۆتان ڕێكبخەن و بەسوپابوونی خۆتان بەهێز بكەن”

من ئێستا ئەو شتانە دەبینم، كە ژنانی ئێزدیی تێیدا دەژین بەتایبەتی ئێوەی ژنان تواناكانی خۆتان كۆبكەنەوە و بەردەوام ئاستی خۆتان بەرز بكەنەوە، لە بەرامبەر هەموو جۆرە چەپەڵیەكی دەسەڵات، كە ژنان بچووك دەكاتەوە، ئەمە وشیارییەكی گەورەیە، پیاوان لەبەرامبەر داگیركەریدا شكستیان هێناوە، بەڵام ژنان لەلایەن هەمان ئەو پیاوەوە جارێكی تر ژێردەستە كراون، جوانی بێ هاوتا لەدەست چووە و خراوەتە ناو كۆیلایەتییەكی زۆر قووڵەوە، خۆتان ڕێكبخەن و بەسوپابوونی خۆتان بەهێز بكەن، لەوانەیە، كە كۆمەڵگا شەر و سیاسەت بەكاری ژنان نەزانێت، بەڵام شەڕ و سیاسەت تەنیا كاری پیاوان نییە، لەبارەی ئەوانەوە لەڕووی فكرییەوە خۆتان قوڵبكەنەوە، بەمجۆرە گەڕان بەدوای پەیوەندییەكانتان و هەستەكانتان جیهانەكەتان ئەو جیهانەی كە ژنان دەیانەوێت پێشكەش بە كۆمەڵكای بكەن و هیواكانی خۆتان دەتوانن بیهێنە دی، رێگای ئێوە هەتا كۆتایی كراوەیە، ژن نەبێت ژیانیش نابێت، لەو چیایانەی ئێزدییەكان، ئەگەر كۆمەڵكوژیی ڕانەگرن هیچ واتایەك بۆ ئەو خۆشەویستییە نییە، من نكۆڵیی لە خۆشەویستی و بنەماڵە ناكەم، پەیوەست بوون بەوانەوە، پەیوەستبوونێكی ڕەسەنە، بەڵام ئەگەر ژیانێكی ئازاد نەبێت هیچ واتایەك بۆ ئەوانەش نامێنێتەوە.

“ئێمە لە سەردەمی ئازادییداین”

ئێمە لەسەردەمی ئازادیداین لە چیا ئازادەكاندا لەسەر ڕێگای ئازادیی داین، ئێوەش دەتوان وەك ڕاستیی بەهاربوونی ئازادییخواز، بەرجستە، زیندوو، بنیاتنەر، جوڵێنەری ڕاستیی لە كەسایەتی خۆتاندا پێكبێنن، ئێمە لەسەرەتاوە بەمجۆرە گەیاندمانە سەركەوتن و هێنامانە ئێرە، ئێمە هاوڕێیەتی گەورە، كە لەوانەیە لە مێژووی هیچ بزوتنەوەیەكدا نەبینرێت و گەورەترین قارەمانیمان بەم تێگەیشتنە دروستكرد، لە دۆخی ئێستادا پەیوەست بەو ڕاستییە گەورەوە ئێمە هێزی ژیان دەستنیشان دەكەین، مێژوو سەلماندوویەتی ئەوەی هەرگیز شكست ناهێنێت، ئەوەی زیاتر لە سەركەوتن نزیكە، ئەوەشی جوانترە، ئەو ڕێپێوانە گەورەیە، سڵاو لەو گەلە ئێزدییەمان دەكەم، كە لە باڵاترین ئاستدا بڕوا و كلتوری خۆی دەپارێت، گەلی ئێزدی زۆر بەنرخن، پیرۆزبایی لە ئەنجومەنی ئەوان دەكەم، كارو خەباتی بەڕێكخرابوون بخەنە سەروو هەموو كارەكانی ترەوە، جگە لەوە دەرفەت بە هیچ شتێكی تر مەدەن.

ف.ق