"بڕیارمدا پشت بەخۆم ببەستم بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان"

بوشرا محەمەد کە ماوەی ٣٠ ساڵە خاوەن کاری خۆیەتی، دەڵێت: : بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بارودۆخی قورسی ژیان، ٣٠ساڵ لەمەوبەر بڕیارمدا کە کاری خۆم دابمەزرێنم و پشت بەخۆم ببەستم بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان خۆم و خێزانەکەم".

بوشرا محەمەد حەسەن، ژنێکی دانیشتووی گەڕەکی شۆرجەی شاری کەرکوکی باشوری کوردستانە، کە ٢٨ ساڵ لەمەوبەر لەساڵی ١٩٩٤ەوە لەبازاری شۆرچەی شارەکە دووکانداری دەکات و شەش سەرخێزان بەخێودەکات بەبێ بوونی هاوژین. بوشرا پێش دانانی دووکان چەندین کاری دیکەی کردووە تا ئیستاش دەیان پێشەی جیاوازی تاقیکردۆتەوە و ئەزموونی ٣٠ ساڵی لەکارکردندا هەیە، وەکو بوشرا خۆی باسی دەکات کە لەمنداڵیەوە خولیای کارکردنی هەبووە و کاری کردووە.
لەچاوپیکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)، بوشرا محەمەد باسی ژیان و ئەزموونی خۆی کرد و هەروەها باسی ئەو ئاستەنگیانەی کرد کە لەبەردەمی هەبووە وەکو یەکەم ژن کە لەبازاری شۆرجەی شاری کەرکوک دووکانی خۆی هەبووە.

بڕایارمدا پشت بەخۆم ببەستن

سەبارەت بە هۆکاری کارکردن و پشتبەستن بە خۆی و کردنەوەی یەکەم دووکان کە خاوەنەکەی ژن بێت لەناو بازاری شۆرجە، بوشرا محەمە وتی: "دابینکردنی ژیان زۆر قورسە. تێچووی ژیانی رۆژانەش زۆرە. بۆیە بڕایارمدا کە پشت بەخۆم ببەستم بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆم و بنەماڵەکەم، من بە کارکردنم وەکو ژنێک لەناو ئەم کۆمەڵگایە، توانیم بیسەلمێنم کە ژنان دەتوانن خۆیان بەخێوبکەن و بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان دابین بکەن".

دەیان پیشەی جیاوازم کرووە

هەروەها سەبارەت بەو کارانەی کە کردوویەتی بە درێژایی ٣٠ ساڵی ڕابردوو، بوشرا ئاشکرای کرد: "لەماوەی نزیکەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا چەندین پیشەی جیاوازم کردووە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانم، ئەو پێشانەش بریتیبوون لە کاری بیناسازی کە زەویم دەکڕێ یان خانووی تەواو نەکراوەم دەکڕی و تەواوم دەکرد و دەمفرۆشتەوە و کەلوپەلی ناوماڵم دەکڕی و پاشان بەقیست دەمفرۆشتنەوە، هەروەها کاری کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلیشم کردووە، جگە لەوش چەند کاری دووکانداریم کردووە وەکو دووکانی قاپ و قاچاغم هەبوو ئەمفرۆشت و چاکم ئەکردەوە، پاشان دووکانی باخەواتم کردەوە، هەروەها شووشەواتم فرۆشتووە، مارکێتم هەبووە و دووکانی جوانکاریم هەبووە، چەندین کاری دیکەم کردووە.

لەئیستادا ماوەی نزیکەی ٢٧ ساڵە لەم شوێنە دووکانم هەیە و بەپی دۆخی پێداویستی خەڵکی چەند ساڵ جارێک جۆری ئەو شتانە دەگۆڕم کە لەدووکانە دیفرۆشم، هەروەها لێرەدا جگە لەفرۆشتی هەندێک پێداویستی جیاواز پینەدۆزیش ئەکەم، کەرەستەی ناو چێشتخانەش چاکدەکەمەوە".

یەکەم دووکانداری ژن بووم لەم بازارە

سەبارەت بەخۆلیای کارکردنی وەکو ژنێکی سەربەخۆ لەناو کۆمەڵگدا، ناوبراو وتی: " لە تەمەنی منداڵیەوە حەزم بە کارکردن هەبووە و کاری بچووکیشم کردووە، حەزم کردووە هەمیشە پشت بەخۆم ببەستم، چونکە ژیان تەنها چەند رۆژێک نیە دەبێت بەردەوام هەوڵ بدەیت، پێویستە ژنان چاوەڕوانی دەستی پیاوان نەکەن، من کاتێک دووکانم لەم بازاڕە دامەزراند، هیچ ژنە دووکاندارێک بوونی نەبوو لەم بازارەدا".

بەلای خەڵکیەوە شتێکی سەیربوو کاتێک زانیان ژنێک دووکاندارە

سەبارەت بەکاردانەوەی و هەڵسوکەوتی خەڵک لەگەڵی کە کاتێک وەکو یەکەم ژن کاری کردووە لەو بازارەدا، بوشرا دەشڵێت: " ٢٧ ساڵ لەمەوبەر بەلای خەڵکیەوە شتێکی سەیربوو کاتێک زانیان کە ژنێک دووکاندارە و خاوەن کاری خۆیەتی لەم بازارەدا، لەڕابردوودا کە ١٠ کڕیار سەردانی دووکانەکەمیان بکردایە پێنچ کەس لەوان تەنها دەهاتن تا ببینن، چۆن ژنێک دووکانی کردۆتەوە و خاون کاری خۆیەتی؟، من هیچکات گوێم بەقسەی خەڵکی نەداوە، دابینکردنی پێدوایستی ژیان قورسە و پیویستە ژنانیش کاربکەن".

لەگەڵ ئەوەدانیم کە ژنان تەنها لەماڵەوە بن

هەروەها بوشرا هانی ژنان دەدات کە کار بکات و ئاماژەی بەوەکرد: "داوکارم لە ژنانی شاری کەرکوک و ژنانی تەواوی پارچەکانی کوردستان، کە لەسەر پی خۆیان ڕاوەستن و پشت بەخۆیان ببەستن، هیچ کات من لەگەڵ ئەوەدانیم کە ژنان تەنها لەماڵەوە بن، بەڵکو دەتوانن هاوکاری هاوژینەکانیانش بن لەکارکردن، پێویستە ژنان لە قسەی کۆمەڵگا نەترسن چونکە ئەگەر مرۆڤ لەدەرگای خۆی بێتە دەرەوە مرۆڤ قسەی هەر لەسەر دەکەن، بۆیە پێویست ناکات لەبەر قسەی خەڵکی ژیانت بوەستێنیت، چونکە هیچ کەس لەباردۆخی ژیانت تێناگات، بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو کۆمەڵگا زۆر گۆڕاوە، کاتێک کەم من دووکانم لەم بازاڕە دانا ڕێچکە شکێن بووم و تەنها ژن بووم، بەڵام لەئیستادا چەندین ژن لەم بازاڕا خاوەن دووکانی خۆیانن و بەگشتی لەباشوری کوردستان جیاواز لە جاران ژنان خاوەن ئیرادەن کە کاری تایبەت بەخۆیان دابمەزرێنن".

خەڵکی زۆر شانازیم پێوە دەکەن و پاڵپشتیم دەکەن

سەبارەت بە پاڵپشتی کۆمەڵگای کەرکوک لەکاردنی وەکو ژنێکی سەربەخۆ ناوبراو وتی: " خەڵکی زۆر شانازیم پێوە دەکەن و پاڵپشتیم دەکەن، هەروەها دراوسێیەکانم لەماوەی ٢٧ساڵی کاردنم لێرەدا بەردەوام هاوکارم بوون لە بەڕێوەبردنی کارەکانم، تەنانەت کاتێک کە نەخۆش کەوتووم، کاروباری دووکانەکەمیان بەڕێوەبردووە، هەروەها تەواوی بازاڕەکە ڕێزێکی زۆرم لێدەگرن، بەهۆی بوێرم لەکارکردن و پشت بەستن بە خۆم لەدابینکردنی بژێوی ژیانم".

وەکو وڵاتانی پێشکەوتوو ژنان ڕۆلی کارا بگێڕن لە کۆمەڵگادا

لە کۆتایدا بوشرا محەمەد پەیامێکی ئاڕاستەی کۆمەڵگا کرد باسی ئەوەی کرد: "هیوادارم ڕێگە لەژنان نەگرن کە ئیش بکەن لەبازاردا با نموونەمان زۆربێت، حەز دەکەین وەکو وڵاتانی پێشکەوتوو ژنان ڕۆلی کارا بگێڕن لە کۆمەڵگادا، داواکارم لە تەواوی ژنانی هەرچوار پارچەی کوردستان کە پشت بەخۆیان ببەستن و کۆمەڵگاش ڕێگر نەبێت لەبەردەم ژنان تا پێداویستیەکانیان دابین بکەن و چاوڕێی کەس نەکەن بۆ هاوکاری".

ف.ق