تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان: دەبێت بەرەی ئۆپۆزیسیۆن دروست بکەین

محمد عبدولا هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزوتنەوەکەیاندا رایگەیاند، دەسەڵات ئێستا لە لێواری هەڵوەشانەوەدایە و وتی:"دەبێت بەرەیەکی ئۆپۆزیسیۆن دروست بکەین."

ئەمڕۆ شەش ساڵ بەسەر دامەزراندنی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستاندا تێپەڕدەبێت، ئەو بزووتنەوە سیاسییەی خاوەن جیهانبینیی خۆیەتی و لەسەر هەموو ئاستەکان کار لەسەر پرسە سیاسیی، ئابوریی و کۆمەڵایەتییەکان دەکات، ساڵڕۆژی دامەزراندنی تەڤگەر لە کاتێکدایە دوو ساڵە سەرجەم بارەگاکانی لە هەرێمی کوردستان داخراون و ئێستاش چەندین ئەندامیان لە زیندانەکانی پەدەکەدان.

لەم چوارچێوەیەدا محمد عەبدولا هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان رایگەیاند، ئەوان لە ماوەی ٦ ساڵی رابردوودا، چەندین پڕۆژەیان بۆ چارەسەری بارودۆخ و قەیرانەکانی باشوری کوردستان پێشکەش کردووە و وتی:"دەسەڵات ئێستا لە لێواری هەڵوەشانەوەدایە و بۆ ئەوەی لەسەر پێ بمێنێتەوە، دەستکەوتەکان دەکاتە قوربانی."

محمد وتی:"لەگەڵ هەموو رێگریەکان، ئێمە بەردەوامین لە تێکۆشاندا. هەمیشە هەڵوێستان لە بەرامبەر توندوتیژی دژ بە ژنان و خرابی بارودۆخی ژیانی هاوڵاتیان دەربڕیەوە و ئەم هەڵوێستەشمان بەردەوام دەبێت. لە ماوەی ٦ ساڵی رابردوودا بە مەبەستی چارەسەری کێشە و قەیرانەکانی هاوڵاتیان و جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی تایبەت بە ناوچە جێناکۆکەکان، پڕۆژەی چارەسەریمان پێشکەش کردووە. دەسەڵات مامەڵەیەکی خرابمان لەگەڵدا دەکات. ئەم دەسەڵاتە لە لێواری هەڵوەشانەوەدایە. بۆ ئەوەی خۆی لەسەر پێ بهێڵێتەوە، هەموو رۆژێک دەستکەوتێکی کورد دەکاتە قوربانی."

عەبدولا بانگەوازیەکیشی ئاڕاستەی رۆژشنبیران، هونەرمەندان و گشت هاوڵاتیان کرد و وتی:"با هەموومان بە یەکەوە سیستمی خۆمان بەرێکخستن بکەین. بەرەیەکی ئۆپۆزیسیۆن لە ناو خۆماندا دروست بکەین و بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان، فشار لەسەر دەسەڵات دروست بکەین."

ز.ش