چالاکوانانی کەرکوک: چالاکوانانی بادینان ئازاد بکەن

لە كەركوك گردبوونەوەی ناڕەزایی دژی بڕیارەكەی دادگای هەولێر، بەڕێوەچوو ‌و داوا دەكرێت، دەستبەجێ‌ دەستگیركراوانی بادینان ئازاد بكرێن.

کاتژمێر ۳ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە باخچەی شەهید مارف بەرزنجی لە شاری كەركوك، چەندین چالاکوان، ڕۆشنبیر و کەسایەتیی کەرکوک، دژی بڕیاری دادگای هەولێر بۆ زیندانیکردنی پێنج چالاکوان ‌و ڕۆژنامەنووسی دهۆك، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ڕێكخست.

لە گردبوونەکەدا، كە دروشمەکانی (ڕۆژنامەنووس سیخوڕ نییە، تکایە فرمێسكەکان ڕاگرن، بەڵێ بۆ سەروەریی یاسا) بەرزکرابوونەوە، هەڤاڵ دارا، بەیاننامەی گردبوونەوەکەی خوێندەوە ‌و تێیدا هاتبوو: “ئەمڕۆ بە سەربەرزییەوە لە کەرکوک، کۆبووینەتەوە بۆ داواکردنی ئازادی، ئازادی وەک بەشێکی گرنگ لە ژیانی مرۆڤەکان، ئازادییەک کە جگە لە دەسەڵاتە ستەمکارەکان، کەسی تر لاریی لێ نییە”.

لە بەیاننامەکدا ئەوەش هاتبوو: “سەرەتا بۆ فەراھەمکردنی کەشێکی دیموکراسی، پێویستە ئازادیی تاک و ڕێزگرتن لە فرەیی فەراھەم بکرێت، ناکرێت دادگاکان بکرێنە بەشێک لە کێشەی سیاسی و فشار لەپێناوی دروستکردنی بێدەنگی مەدەنیی بە ھێزی خێڵەکیی “.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتبوو: “پاڵپشتیی دەنگی یاخیی و تێگەیشتنی شارستانی دەکەین لەھەر شارێک بێت و ئیدانەی ئەو بڕیارەش دەکەین کە دراوە و بە پێویستی دەزانین لەڕێگەی فشاری مەدەنیییەوە، ئەم بڕیارە ھەڵبوەشێتەوە”.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا چەند داوکارییەک خرانە ڕوو کە بریتی بوون لە ” دەستبەجێ ئازادکردنی پێنج چالاکوانەکەی بادینان، دادگاکان و دەسەڵاتی دادوەریی لە کوردستان لەو ژێردەستەییە، دەربهێنرێن و وەک دەزگایەکی سەربەخۆ کار بکەن، ڕۆژنامەنووسان بە یاسای ڕێکخستنی کاری ڕۆژنامەگەری، مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت ‌و داوا لە تەواوی ئازادیخوازانیش دەكەین لە بەرامبەر ئەو نادادییەی حکومەتی هەرێم، بێ دەنگ نەبن، داوا لە نەتەوەیەکگرتوەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیش دەکەین، فشارەکان زیاد بکەن بۆ ئازادکردنی گیراوانی بادینان”.

ف.ق