ماوەیەکە شەنگال لە ڕۆژەڤدایە، بە تایبەتی دوای ڕێککەوتنەکەی بەغدا و هەرێم، ترافیکە دیپلۆماتییەکان خێراتربوون، هەر لەسەرەتاوە دژی ئەم ڕێککەوتنە لەلایەن ئێزدیانەوە لەناو وڵات و دەرەوەی وڵات، ناڕەزایەتیی و کاردانەوەی توند نیشاندرا و خەڵکی شەنگالیش هەر لە ڕۆژی دەستپێکەوە لەسەرپێن و چالاکیی ئەنجامدەدەن.
لەو چوارچێوەیەدا، شاندێکی شەنگال سەردانی بەغدای کرد و لەم ماوەیەدا لەگەڵ زۆرێک لە لایەن و ڕێکخستنە سیاسییەکانی عێراق لەوانە؛ عەسائیبی ئەهلی حەق، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕەوتی سەدر و پەرلەمانتارانی ئەم ڕێکخستنانە و هەروەها عەبدول ئەمیر شەمەری جێگری فەرماندەی گشتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق و چەند ئەندامێکی ئاسایشی نیشتمانی، کۆبوونەوە.
شاندەکە هەروەها دوای کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی مستەفا کازمی، لەگەڵ هاوپەیمانی نەسر، دەوڵەتی یاسا و نوێنەری کلدانییەکان کۆبوونەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی ڕۆژنیوز لە وتەبێژی شاندەکە وەریگرتووە، لە دیدارەکانیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، لەسەر ئەم بابەت و خاڵانەی خوارەوە گفتوگۆیان کردووە:
– لەو ڕێککەوتنەی لەنێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا واژۆکراوە، ئیرادەی خەڵکی شەنگال ڕەچاو نەکراوە، بۆیە نوێنەرانی خەڵکی شەنگال قبوڵی ناکەن.
– ئیرادەی بنەڕەتی هی گەلە و پێویستە هەمووان ئەم ئیرادەیە بە بنەما بگرن.
– لەسەر چ ناو و ڕێککەوتنێک بێت و لەگەڵ کێ بێت، ئەگەر ئیرادەی خەڵکی شەنگال قبوڵ نەکرێت، هەڵویستی پێویست لە بەرامبەری دەگیرێتەبەر.
-بابەتی قائیمقامی شەنگال لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق گفتوگۆی لەسەر کراوە وهەڵویستی پێویست نیشاندراوە.
– بەگشتیی، ناڕەزایەتیی و هەڵویستی شانەدەکە، لەلایەن نوێنەرانی حکومەت و هەموو لایەنەکان، بە ئەرێنی پێشوازیی کراوە و ئەوانیش پشتگیرییان لە داواکارییەکانی شاندەکە دەربڕیوە.
– بە گشتی ئەو هەڵویستانەی نیشاندرا، ئەمە بوو کە هەردوو حکومەت ئەو ڕێککەوتنە بەبێ ئەوەی بەردەنگی سەرەکیی بابەتەکە لەبەرچاو بگرن و لەگەڵیان دانیشن و بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ ئەوان، بۆ خۆیان و لە بەرژەوەندیی سیاسی و حزبی خۆیان کردوویانە، بۆیە بە هیچ شیوەیەک قبوڵ ناکرێت.
بڕیار وایە شاندەکە ئەمڕۆش لەگەڵ سێ لایەنی دیکە چاوپێکەوتن ئەنجامبدات و سبەیش لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق چاوپێکەوتن بکات و لەسەر بابەتەکە گفتوگۆ بکات.
ز.ش