دانیشتنی دادگایکردنی شەڤین ئالاجا هاوسەرۆک شارەوانیی قەرس بەڕێوەچوو

دانیشتنی دادگایکردنی شەڤین ئالاجا هاوسەرۆک شارەوانیی قەرس، کە لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە زیندانیکراوە، بەڕێوەچوو.

یەکەم دانیشتنی دادگایکردنی شەڤین ئالاجا هاوسەرۆک شارەوانیی قەرس بەڕێوە چوو، کە شارەوانییەکەی لە ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ لەلایەن ئاکەپە – مەهەپەوە دەستی بەسەردا گیرا و زەوتیان کرد.

ئالاجا بە پاساوی "ئەندامبوون لە رێکخستن"دا دادگایی دەکرێت و دادگایکردنەکەى لە ٢هەمین لقی دادگای سزا قورسەکانی قەرس دا بەڕێوەچوو. ئالاجا لە زیندانی ژنانی ئامەد دیلکراوە و لە رێگەی سیستمی تەلەفزیۆنى داخراوی ئینتەرنێتی لە ناو زیندانەوە بۆ دادگا (SEGBÎS) بەشداری دانیشتنەکە بوو و پارێزەرەکانیش لە دادگاکەدا ئامادە بوون.

لە دوای دەستپێکردنی دادگاکە، ئالاجا مافی قسەکردنی وەرگرت و لەبارەی ئەو تاوانانەى لە دۆسیەکەیدا ریزکراون، بەرگریی لە خۆی کرد و رایگەیاند، ئەوەی ئەنجامیداوە بەپێی یاسا و پەیڕەو و پڕۆگرامی حیزبەکان تاوان نییە و هیچ کارێکی نایاسایی ئەنجام نەداوە.

ئالاجا راشیگەیاند، ئەو کەسانەى سکاڵایان لە دژ تۆمار کردووە، لە شارەوانیدا "گەندەڵی و بەرتیلخۆرییان" هەبووە، بۆیە قسەکانیان راست نییە و لەبەر ئەونەش داوایکرد، لە زیندان ئازاد بکرێت.

دوای ئەوەش پارێزەرەکانی ئالاجا مافی قسەکردنیان وەرگرت و رایانگەیاند، ئەو شێوازەى بۆ بە دەستهێنانی بەڵگە و لێکۆڵینەوە لەم دۆسیەدا گیراوەتە بەر، شێوازی نایاسایی و دژ بە یاسایە.

پارێزەرانی ئالاجا راشیانگەیاند، موەکیلەکەیان بەپێی یاسا کارەکانی ئەنجامداوە و لەبەر ئەوەش تاوانبارکردنی بە "ئەندامبوون لە رێکخستن دا" راست نییە، بۆیە داوای ئازادکردنی ئالاجا-یان کرد.

دادگاش لە بەرامبەردا رایگەیاند، دەبێت کەموکوڕییەکانی بەڵگە و سەلماندنەکان لە دۆسیەکەدا کامڵ بکرێن و بڕیاری مانەوەى و راگرتنی ئالاجای لە زیندان دا دەرکرد.

بەپێی بڕیاری دادگا، دانیشتنی داهاتووی دادگایکردنی شەڤین ئالاجا لە ١١ی ئاداردا بەڕێوەدەچێت.

ژ.ت