داوای چارەنووسی رەسوڵ ئارسلان کرا، کە ٢٣ ساڵە بێسەروشوێنە

کەسوکاری بێسەروشوێنکراون و ئیهەدە لە ئامەد چالاکیی هەفتانەى خۆیان بەڕێوەبرد و داوای روونبوونەوەى چارەنووسی رەسوڵ ئارسلانیان کرد، کە ماوەى ٢٣ ساڵە و لە ساڵی ١٩٩٧ەوە بێسەروشوێنە.

ئەم هەفتەیە ئەندامانی کۆمەڵەى مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) و کەسوکاری بێسەروشوێنکراوان لە ئامەد لە چالاکیی هەفتانەیاندا داوای روونبونەوەى چارەنووسی رەسوڵ ئارسلانیان کرد، کە لە دوای شەڕی چل بۆگۆز لە ناوچەى کەربۆرانی مێردین لە ساڵی ١٩٩٧دا هیچ هەواڵێک لەبارەی چارەنووسییەوە نییە.

ئەرجان یڵماز ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەری ئیهەدە لە چالاکییەکەدا بەسەرهات و ژیانی رەسول ئارسلانی گێڕایەوە.

یڵماز رایگەیاند، لە دوای روودانی ئەو شەڕە هیچ زانیارییەک لەسەر ئارسلان دەستنەکەوت، بۆیە بنەماڵەکەى سەردانی لقی ئیهەدەیان لە ئامەد کرد. راشیگەیاند، بنەماڵەکەى وتویانە، رەسول ئارسلان لە کاتی چارەسەریی دەروونیدا بووە و بە بیجامە و سەرپێیەوە لە ماڵ چووەتە دەرەوە و لەو رۆژەوە تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێکی نییە.

یڵماز باسی ئەوەشیکرد، بەپێی وتەى هەندێک شایەتحاڵ لە دەورووبەری گۆڕستانی نزیک گوندی ئیلی سوو، کە بۆ ماوەى نیو کاتژمێر لە ناوچەى شەڕەکەوە دوورە، رەسوڵ ئارسلان بینراوە، بەڵام دوای ئەوە بەهۆی جموجوڵی سەربازیی و کاروانی سەربازییەوە بنەماڵەکەیان نەیانتوانیوە خۆیان بە ئارسلان بگەیەنن و بیبەنەوە بۆ ماڵەوە.

ئەرجان یڵماز ئەوەشی وت، "بەپێی وتەى ئەو جەردەوانانەى لە شەڕەکەدا بوون،  شەڕ لە نێوان جەنگاوەرانی پەکەکە و هێزە ئەمنییەکاندا لەو ناوچەیەدا روویداوە، لەو شەڕەدا ٧ کەس کوژراون. بنەماڵەى رەسوڵ گومانی ئەوەیان هەیە، کە تەرمی رەسوڵ ئارسلان لە ناو ئەو ٧ تەرمەدا بێت، کە شاردراونەتەوە، بەڵام بنەماڵەکەى لەو رۆژەوە تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵ و زانیارییەکیان لەبارەی چارەنووسی ئارسلانەوە پێ نەدراوە".
ژ.ت