"دەستە خوشکەکەی پاریس" جاریکی دیک بوو بە ژێر باراناوەوە!

بەر بەیانی ئەمڕۆ بە هۆی بارانبارین و نەبوونی سیستمی ئاوەڕۆی  باش و تێکدانی رێڕەوەکانی پێشووتری ئاو، جاریکی دیکە هەولێری پایتەختی هەرێم کوردستان، کە پەدەکە بانگەشەی دەستە خوشکبوونی لەگەڵ پاریس دەکات، بوو بە ژێر ئاوەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ جاریکە دیکە هاوڵاتیانی گەڕەکەکانی سێ تاقان، شاوێس، برایەتی، تەیراوە، زیلان و ناو قەسرانی هەولێر بە هۆی لافاوەوە خەویان زڕا. بە هۆی خراپیی خزمەتگوزاریەوە و لە ئەنجامی ئەو باران بارینەدا ئاو چوویە ناو ماڵ و دووکانەکانیانەوە.

هاوڵاتیانی ئەو گەڕەکانە زیانێکی زۆریان بەرکەوتوە و دەڵێن: هێچ کەس نایەت بە هەنامانەوە و ماڵ و دوکان و ئۆتۆمبێلەکانمان هەموو ئاو بردنی، مەجبورین، کە خۆمان هەوڵ بدەین بۆ ئەوەی زیانەکان کەم بکەینەوە و ئاوەڕۆکان خاوێن دەکەینەوە.

تەنها ئەمساڵ سێ جار لە گەڕەکە جیاوازەکانی شاری هەولێر لافاو هەستاوە. مەترسیدارترینیان لە ١٧ مانگی پێشووتر بوو، کە بەهۆی ئەو لافاوە ١٢ کەس بوونە قوربانی، بە شێوازێک تا ئێستا تەرمی دانەری منداڵ نە دۆزراوتەوە، کە جاری پێشووتر ئاو بردبووی، سەدان ئۆتۆمبیل و هەزاران ماڵی هاوڵاتیانش زیانیان بەرکەوت.

هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاستی لافاوکەی جاری پێشوتری هەولێر بۆ ئەوە دەگەڕایەوە، کە پرۆژەی نێشتەجێبوونی شاری زیتون  ڕێرەوی ئاوی گۆریوەوە و بووەتە هۆی کۆبوونەوەی ئاو لە گەڕەکەکانی نیشتەجێبوون، ئەو پرۆژەیە خاونداریەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دێموکراتی کوردستان، عەلی حەمە ساڵح  ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕەخنەی لەو پرۆژەیە گرتبوو و بەوە تاوانباری کردبوون، کە زیانیان لە هاوڵاتیان داوە.

لە کاردانەوەی پرۆژەکەدا لە جیاتی ئەوەی هاووڵاتییان قەرەبوو بکاتەوە و هەڵەکانی خۆی ڕاست بکاتەوە، بەڵام سکاڵای لە دژی عەلی حەمە ساڵح تۆمار کرد بە بیانووی ئەوەی زیانی بە پرۆژەکەیان گەیاندوە!، لەو بوارەوە عەلی حەمە ساڵح وتی: "شاری زیتون، کە تۆمتبارمان کردبوون بە هۆکاری لافاوەکەی هەولێر (سکاڵای تۆمار کردووە و داوای ٣٧ هەزار دەفتەر دۆلار - ٣٧٠ ملیۆن دۆلار)م لێدەکات. بە هیوای دادگایکی دادپەرورانە".

پاریسی پایتەختی فەرەنسا یەکێکە لە گرنگترین و گەورەرترین شارەکانی جیهان. ساڵانە نزیکەى ٧٠٠ ملیمیتر بارانی تیادا دەبارێت. هەولێریش بە نیوەی پاریس بارانی تیادا دەبارێت، بەڵام زۆر بە دەگمەن ئەو بارانبارینە زۆرە لە پاریس زیانی بە هاووڵاتییان و بە تایبەت زیانی گیانیی پێگەیاندوون. هەر لەمساڵدا، کە هێشتا لە سەرەتای زستانداین ٣ لافاو لە هەولێری داوە.

لە پاریس هیچ یەک لە رێڕەوەکانی ئاوی پاریس تێکنەدراون، یان لەسەر رێڕەوەکانی ئاودا پرۆژەی نیشتەجێبوون لەلایەن خزمانی بنەماڵەکانی دەسەڵاتەوە دروست نەکراون. ئەگەر لە پاریس بەهۆی لافاوەوە چەند هاووڵاتییەک گیان لە دەست بدەن، بەلانیکەمەوە  وەزیری شارەوانی دەست لەکاردەکێشێتەوە و رەنگە بەهۆی ئۆپۆزسیۆنی بە هێزیشەوە لەو وڵاتەدا، کە بە لانکەى ئازادیی پەرلەمانی و حیزبی و مەدەنییە دەناسرێت، حکومەتیش دەست لەکار بکێشێتەوە.

بەڵام لە هەرێمی کوردستان، دەسەڵات بە تەواوەتی بەهۆی پرۆژەکان و هەڵپەی کۆکردنەوەى پارە و گەندەڵییەوە زیانی زۆریان بە شاری هەولێر و هاووڵاتییە لە مێژینەکانی گەیاندووە. جگە لەوەی بە هانایانەوە ناچن و رێگا لە هەستانی لافاو ناگرن، کەسانێکی دابڕاو لە مرۆڤایەتیان تیایدایە، کە دەڵێت، "ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر کەمئاوی، یان لافاو، ناڕەزایەتی دەربڕینە بەرامبەر بە خوداوەند، چونکە کەمئاوی و لافاو کاری خوداوەندە" ئەو جۆرە قسانە لە چاخەکانی ناوەڕاستیشدا رەنگە بەو شێوەیە کاڵفامانەیە لە پاریس دا نەکرابێت.

گەلی کوردستان و هەولێر و دەوربەرەکەى بە درێژایی مێژوو شار و زێد و گوندی خۆیان ئاوەدان کردووەتەوە و پاراستویانە، بەڵام دەسەڵاتی بنەماڵەى بارزانی، کە دەستی بەسەر هەولێردا گرتووە و ساڵەهای ساڵە رێگایان لە لە دایکبوونی میدیای ئازاد و حیزب و کاری پەرلەمانێکی کارا  و نووسینەوەى دەستووری هەرێم لە هەولێرییەکان و کوردستانییەکان گرتووە، زیانێکی زۆری بەو شارە گەیاندووە و لە داهاتووشدا زیانەکانی لە چەندین روی ترەوە دەردەکەوێت.

ژ.ت