دەستگیرکراوانی رۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتە ٤١ کەس

شاڵاوی رەشبگیریی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە دژی هاووڵاتییان و چالاکوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و لە ٩ی کانوونی دووەم / ٢٠ی بەفرانبارەوە تاوەکو ئێستا ٤١ کەس دەستگیرکراون.

هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی رژێمی داگیرکەری ئێران بەردەوامن لە شاڵای رەشبگیریی هاووڵاتییان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ماوەی ٩ رۆژی رابردوودا ٤١ هاووڵاتییان لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان، مەریوان، سنە، رەبەت، سەوڵاوا، پیرانشار، نەغەدە، کەرەج و تاران دەستگیرکردووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەوبارەیەوە راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تیادا هاتووە، جگە لە ئازادکردنی یەک هاووڵاتی، ٤٠ کەسی تر لە دەستگیرکراوەکان لە ناوەندەکانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتڵاعاتی رژێمی ئێران لە شارەکانی مەریوان، سنە و ورمێ دەستبەسەرن و لە ژێر لێکۆڵینەوەدان.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئەوەشی بڵاوکردوەتەوە، لە بەردەوامی رەشبگیرییەکانی رژێمی ئێران دا بەلانیکەمەوە ١٣ کەس لە هاووڵاتییان و چالاکوانانی کورد لە رۆژی ٣٠ی بەفرانبار (١٩ی کانوونی دووەم) و ١ی رێبەنداندا (٢٠ی کانوونی دووەم)  دەستگیرکراون و بۆ شوێنی نادیار گواستراونەتەوە. هێزە ئەمنییەکانی رژێم هاوکات لەگەڵ پشکنینی ماڵی دەستگیرکراوەکاندا دەستیانگرتووە بە سەر موبایل و لاپتۆپ و کەلوپەلە کەسییەکانیاندا و بە شێوەی توندوتیژانە مامەڵەیان لەگەڵ کەسەکاندا کردووە و  دەستگیریان کردوون.

دەستگیرکردنی ٤١ هاووڵاتی لە ١١ رۆژدا

ناوی دەستیگرکراوەکان و کات و شوێنی دەستگیرکردنیان:

شەممە ٢٠ی بەفرانبار / ٩ی کانوونی دووەم

ئەسرین محەمەدی لە تاران

ئارام یوسفی لە سنە

فەرزدا سامانی و سوهەیب بادروج لە کەرەج

شەپۆل خزری، دەریا تاڵەبانی، سالار رەهەوی، سیروان نوری، ئەفشین مام ئەحمەدی، سیروان حسەین زادە و ئیمان عەبدی لە مەهاباد

بەهمەن یوسف زادە، فەرهاد موساپور و فەرەیدون موساپور لە رەبەت

عەزیمە ناسری لە بۆکان

دانا سەمەدی، سیروان کەریم زادە، کاروان مینویی، زانیاری موعتەمدی و سەلمان ئەدوایی لە مەریوان

یەکشەممە ٢١ی بەفرانبار / ١٠ی کانوونی دووەم

جەبار پیروزی لە مەریوان

دووشەممە ٢٢ی بەفرانبار / ١١ی کانوونی دووەم

حسێن گەردشی لە بۆکان

سێشەممە ٢٣ی بەفرانبار /  ١٢ی کانوونی دووەم

عادل پەروازە لە مەریوان

سیامەک ئەدوایی و ئەکرەم ئەدوایی لە سەوڵا

پێنجشەممە ٢٥ی بەفرانبار / ١٤ی کانوونی دووەم

سۆران محەمەدی لە مەهاباد

شەممە ٢٧ی بەفرانبار / ١٦ی کانوونی دووەم

ئەمیر بایەزدی ئازەر لە گوندی لەج لە مەهاباد

دووشەممە ٢٩ی بەفرانبار / ١٨ی کانوونی دووەم

فەردین ئەدوایی لە سەوڵاوا

سێشەممە ٣٠ی بەفرانبار / ١٩ی کانوونی دووەم

فەریبا ئەحمەدی، رۆژین محەمەدپور، فوئاد محەمەدپور، هێرش رەسوڵپور، محەمەد حاجی رەسوڵپور، عەلی زوڵفی و حسێن مێهرەبانی لە بۆکان

کەریم خەلیفانی، حیسامەدین خزری، رەحمان ئیبراهیمی و رەسوڵ لاوازە لە پیرانشار

دیاکۆ زەردەشتی لە نەغەدە

چوارشەممە ١ی رێبەندان / ٢٠ی کانوونی دووەم

قادر رەسوڵپور لە گوندی ئەلی کەندی بۆکان

دروستکردنی سیناریۆی ئەمنی و ئەشکەنجە و گوشار بۆ دانپیادانانی زۆرەملێیانە؛ دۆخی رژێم لە رەشبگیرییەکاندا

کاوە کرماشانی ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەری تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە رەشبگیریی چالاکوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاندبوو، "دەستگیرکراوەکانی ئەمدواییە لە بوارە جۆراوجۆرە مەدەنی، رۆشنبیری، ژینگە و خوێندکاریدا چالاک بوون و بەشێکیشیان هاووڵاتیی ئاسایین".

ئەوەشی راگەیاند، "هێزە ئەمنییەکان نەک تەنها هیچ بڕیارێکی دادگا و بەڵگەیەکی یاساییان بۆ دەستگیرکراوەکان پێ نییە، بەڵکو بە شێوەی هەڕەمەکی و بەپێی میزاجی شەخسی و تاکڕەوانە و نایاساییانە بە پەنابردنە بەر توندوتیژیی دەروونی و جەستەیی ئەو کەسانەیان دەستگیرکردووە. سەرباری بە دواداچوونی بنەماڵەکانیان تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ تۆمەتێک بەرامبەر بە دەستگیرکراوەکان نەخراوەتەروو".

کاوە کرماشانی راشیگەیاند، "ئەوە شێوازێکی نوێی هەڵسوکەوتی دەسەڵات نییە، بەڵکو لە چەندین ساڵی رابردوودا ئەو شێوازەی بە بەردەوامی بەکارهێنراوە و ئێستا باس لە دووبارە بەکارهێنانەوەى ئەو شێوازە دەکەین".

ئەو ئەندامەى دەستەى بەڕێوبەریی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی، "ئەگەری ئەوە هەیە بەشێک لەو دەستگیرکردنانە لە یەک کاتدا و بە شێوەی بە کۆمەڵ پەیوەندیی بە دروستکردنی تۆمەت و دۆسییەکی هاوبەشەوە بێت، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێکخراوە".

لە کۆتایی وتەکانیدا وێڕای نیگەرانیی لە گوشارە دەروونی و ئەشکەنجە جەستەییەکان بۆ ناچارکردنی دەستگیرکراوان بۆ دانپیادانان، داوای لە رای گشتی، رێکخراوەکان و هەڵسوڕاوانی مافەکانی مرۆڤ کرد تاوەکو بە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەو دەستگیرکردنانە پشتیوانی لە هەموو زیندانیان و دەستگیرکراوانی سیاسی بکەن و داوای هەرچی زوو ئازادکردنیان لە دەزگا ئەمنییەکان و دەزگای دادوەریی ئێران بکەەن.

ژ.ت