دوکاندارانی مەخمور: پێویستە پارتە کوردیەکان یەکبگرن

دوکاندارانی قەزای مەخمور، داوایان لە پارتە کوردیەکانی چوار پارچەی کوردستان کرد کە یەکگرتوو بن.

دوکاندارانی قەزای مەخموری سەر بە پارێزگای نەینەوا، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد و رایانگەیاند، پێویستە هەموو پارتە کوردیەکانی چوار پارچەی کوردستان یەکگرتوو بن.

بەختیار ئیسماعیل محەمەدئەمین کە دوکاندارێکی قەزاکەیە رایگەیاند، رێگا نادەن کورد یەکبگرێت و وتی، "داگیرکەران چوار پارچەی کوردستانیان داگیر کردووە و رێگا بە یەکگرتنی کورد نادەن. هیوادارن کورد ببێتە خاوەن یەک هێز و کورد ببێتە یەک دەنگ و یەک رەنگ. ئەمە بۆ چوار پارچەی کوردستان پێویستیەکە."

بەختیار ئیسماعیل بەبیریهێنایەوە کە ئەگەر کورد یەکدەنگ نەبێت، ناتوانێت دەستکەوتی هەبێت و وتی، "پێویستە چوار پارچە پێکەوە دانیشن و یەکێتی نێوانیان پتەو بکەن. ئەگەر کورد یەک نەگرێت، ناتوانێت لە هیچ پارچەیەک سەربکەوێت. ئەرک و بەرپرسیاری گەورە لەسەر شانی کۆمەڵگا هەیە، پێویستە هەموومان پێکەوە کۆبینەوە و هەست بەوە بکەین کە هەموو پارچەکان مەترسیەکی گەورە لەسەر کورد هەیە. پێویستە هەڵوێستی هەموومان یەک بێت."

'پێویستە چوار پارچە یەکبگرێت'

دوکاندارێکی دیکە بە ناوی مستەفا عومەر ئیسماعیل باسی ئەوەی کرد، پێویستە چوار پارچەی کوردستان یەکگرتوو بێت و وتی، "پێویستە هەموو پارتەکانی کوردستان یەکگرتوو بن، نابێت هەر کەسە و بۆ خۆی کار بکات، لەبەرئەوەی هەموومان کوردین، پێویستە هەموومان پێکەوە بین و یەکێتی خۆمان بەهێز بکەین. لە ئێستادا هێرشی گەورە لەسەر رۆژئاوا، مەخموور و شارەکانی دیکە هەیە. لەم دواییانەدا هێرشی موشەکی بەرانبەر هەولێر ئەنجامدرا. پێویست بوو کورد یەکگرتوو بێت و پێکەوە وڵامی هێرشەکانی بدایە."

ئیسماعیل رایگەیاند، پێویستە کورد لەسەر هێڵی یەکێتی خەبات بکەن و وتی، "پێویستە هەموو پارتە کوردیەکان، یەنەکە، پەدەکە، گۆران و پارتەکانی دیکە یەکگرتوو بن و لە سەر یەک هێڵ کار بکەن. پێویستە حزبیبوون بەلاوە بنێین و یەکێتی نێوانمان بەهێز بکەین. پێویستە گەنجان ئەم خاڵە لەبەرچاو بگرن، کوردبوون بەر لە هەموو شتێکە و پێویستە گەنجان لەگەڵ هەموو پارتەکان بەرگری یەکێتی بکەن."

لە کۆتاییدا ئیسماعیل رایگەیاند، پێویستە گەلی کورد یەک لایەنە بێت و لەسەر یەک هێڵ کار بکات و ئەگەر پشتگیری لە یەکتری نەکەن، ناتوانن هیچ دەستکەوتێکیان هەبێت.

ف.ق